ئێستا
تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا
فەیسەڵ عەلی

کۆرۆنا هێرش دەکات و جیهانیش دەستەوەستانە، بۆ؟

  2020-04-13 22:20      83 جار بینراوە        کۆمێنت

ڤایرۆسی کۆرۆنا هێرشت بۆ دەکات لەهەر کوێ بیت، زیاد لەوەش مرۆڤ وەک ئامرازی بڵاوبوونەوەی خۆی بەکاردەهێنێت، جیاوازیی لەنێوان رەگەزێک و ئەویتر، نێرو مێ و دەوڵەمەندو هەژار ناکات، شێوەیەکی بازنەیی هەیە، بەپێی سەرچاوەکان تیرەکەی نزیکەی ١٢٥ نانۆمەترە، واتە بەچاو نابینرێت، تەنانەت بەمیکرۆسکۆبە ئاساییەکانیش، نانۆمەتر بەشێکە لەهەزار ملیۆنی یەک مەتر، هێرشی کۆرۆنا لەشاری ووهانی پایتەختی هەرێمی هوبی چینەوە دەستی پێکرد، کە ژمارەی دانیشتوانی ١١ ملیۆن کەسە، لەدوا رۆژی ساڵی ٢٠١٩ ئەم هێرشە راگەیەندرا، دواتر هێرشەکە بەخێرایی فراوان بوو و دواتر زۆربەی دەوڵەتانی جیهانی گرتەوە، رەنگە لەکاتی نووسینی ئەم وتارەشدا چالاکتر بێت و بەکەس رانەگیرێت و کەسیش نەبوێرێت.
جیهان لەبەردەم هێرشی کۆرۆنادا دەستەوەستانە، هیچ چارەسەرێک نییە، بەڵکو هیچ چارەیەک بۆ راگرتنی بڵاوبوونەوەی نییە جگە لەدابڕانی خەڵکی لەیەکتر، بۆ ئەوەی ئەو ڤایرۆسە ئەوانەی بوونەتە هەڵگری نەکاتە ئامرازی گواستنەوەی خەڵکی تری تووش بکات. چالاکی بزنس، بازرگانی پاشەکشێ دەکەن، ئابووری دائەچێت، خوێندن دەناڵێنێت، دەرهاویشتەکانی داهاتووی نادیارن، رەهەندی زەمەنی پرسیارێک دەکات ئەمە تاکەی، بەڵام هێشتا وەڵامەکی نادیارە، تاکە چەکی دەستی مرۆڤە بۆ کاراکردنی هەندێک لە کاروبارەکانی لەم ژینگە تاریکەدا، تەکنەلۆجیای دیجیتالی و جیهانی سایبیریانییە، جیهانی ئینتەرنێت و پراکتیزە سنووردارەکانییەتی. ئەم تەکنەلۆجیایە ئاسانکاریی بۆ هەندێک کار کرد تاوەکو دەست پێ بکەنەوە، وەک یەکەم ئەزموونی کاراکردنی دیجیتالی، بەڵام لە هەلومەرجێکی زۆرەملێدا.
لە بەرامبەر هێرشی کۆرۆنا و دەستەوەستانی جیهان، چەند پرسیارێکی گرنگ بەدوای وەڵامدا وێڵن، بۆ دەبێ جیهان دەستەوەستان بێت لە کاتێکدا بەر لە نیو سەدە مرۆڤی رەوانەی سەر مانگ کرد، کە مانگی دەستکردی هەیە و لە فەزایا مەلە دەکەن، ئامرازی پەیوەندی بۆ دابین کردووە، زانیاری دەگوێزێتەوە و کنەی ئەرز دەکات و سامانەکانی دەستنیشان دەکات، فرۆکەکانی بەبێ وەستان ئەم سەرو ئەو سەری جیهان بەبێ وەستان تەی دەکات، چەکی پێشکەوتووی هەیە، کە لە دوورەوە بە ئەلکترۆنی ئاراستە دەکرێن، کە هێزێکی وێرانکاریی گەورەی هەیە، ساز و ئامادە کراوە بۆ ململانێی نێوان دەوڵەتان، بەو هەموو توانایانەوە هێشتا جیهان لە بەرامبەر بەو ڤایرۆسە نەبینراوە دەستەوەستان و دۆش داماوە.
جیهان لە ماوەی رابردوویدا رووداوی زۆر و قورسی لە ململانێی لەگەڵ ڤایرۆسدا بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام وەک پێویست نەبۆتە جێی بایەخ، وەک ئەوە بایەخی بە ململانێی نێوان دەوڵەتان دەدرێت. مەسەلەی تێگەیشتن لە ڤایرۆس و دۆزینەوەی رێگەی زانستی بۆ خۆ دەربازکردن و ئامادەسازی بۆ ئەو پرسە وەک دەردەکەوێ هێشتا وەک پێویست نییە. لێرەدا هەندێک نموونە لەسەر ململانێی مرۆڤ لەگەڵ ڤایرۆس لە سەدەی رابردوو و ئەم سەدەیە دەخەینەڕوو.
ئەو کۆرۆنایەی ئێستا هێرشی کردۆتە سەرمان، جۆرێکە لە ڤایرۆسەکانی ئەنفلۆنزا، ئەم ڤایرۆسە جۆری زۆری هەیە، هەموویان کاریگەریی نەرێنی دەکەنە سەر هەناسەدانی مرۆڤ، کە لووت و قوڕگ و سییەکان دەگرێتەوە. کاریگەریی ئەم ڤایرۆسانە و ئاستی بڵاوبوونەوەی بەپێی جۆرەکانی، حاڵەتی تەندروستی ئەو کەسەی تووشی دەبێت و ئەو شێواز و ئامرازانەی بۆ سنووردارکردنی بەکاردەهێنرێت، دەگۆڕێت. رەنگە مەترسیدارترین ئەو ڤایرۆسانەی ئەنفلۆنزا کە دووچاری مرۆڤ بوونەتەوە، کاریگەریی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بوو کە لە ساڵی ١٩١٨ دووچاری جیهان بووەوە. ئەم ڤایرۆسە بووە هۆی نەخۆش خستنی(٥٠٠) ملیۆن کەس، کە نزیکەی (٢٧٪) کۆی دانیشتوانی ئەوکاتی سەر زەوی دەکرد، دەرئەنجام (٥٠) ملیۆن کەس بوونە قوربانی ئەو ڤایرۆسە.
دوای پەتای ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای ئیسپانی، جیهان چەند جۆرێکی تری پەتای بەخۆوە بینی کە ڤایرۆسی تری ئەنفلۆنزا هۆکارەکەی بوو. لە نێوان ساڵانی ١٩٥٧ – ١٩٥٨، ڤایرۆسەکانی ئەنفلۆنزای ئاسیایی لە جیهان بڵاوبووەوە و بەپێی مەزندەکان لە نێوان ملیۆنێک بۆ چوار ملیۆن کەسی کوشت. پاشان لە ساڵانی ١٩٦٨ – ١٩٦٩ ئەنفلۆنزای هۆنگ کۆنگ هات، بڵاوبووەوە و لە هەموو جیهان مردنی یەک ملیۆن کەسی لێکەوتەوە. دوای ئەوە ڤایرۆسەکانی تری سەدەی بیست پانتایی بڵاوبوونەوەیان سنوورداتر و کاریگەرییەکانیان کەمتر بوون.
لە کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەک، واتە لە ماوەی نێوان ١٩٩٧ – ٢٠٠٣، ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە بڵاوبووە و بووە هۆکاری لەناوبردنی ملیۆنەها باڵندەی دەواجن، وێڕای گواستنەوەی بۆ مرۆڤ و بووە هۆی مردنی ٤٠٠ کەس. لە ماوەی نێوان ٢٠٠٢ – ٢٠٠٣ ، ڤایرۆسی سارس پەیدابوو، ئەم ڤایرۆسە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ گواسترایەوە، لە ٢٦ دەوڵەت بڵاوبووە و تووشی(٨٠٠٠) مرۆڤ بوو، بووە هۆکاری مردنی (١٠٪) ئەو ژمارەیە. لە ساڵی ٢٠٠٩، ڤایرۆسی بەراز دەرکەوت، وەک ئەوانیتر سەرچاوەکەی ئاژەڵ بوو، ژمارەی قوربانیەکانی بە نزیکەی (٢٥٠) هەزار کەس مەزندە کرا.
رەنگە گونجاو بێت لێرەدا ئاماژە بۆ ڤایرۆسی ئیبۆلا بکەین، ئەم ڤایرۆسە سەر ڤایرۆسەکانی ئەنفلۆنزا نییە، بەڵام ئەمیش لە ئاژەڵەوە بۆ مرڤ هات، دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی گەرمی لەش و سکچوون و نەزیفی خوێن، وێڕای لاوازکردنی سیستمی بەرگری، رەنگە مردنیشی لێبکەوێتەوە. ئەم ڤایرۆسە لە ٢٠١٣ لە غینیا و دەوڵەتانی دراوسێی لە خۆرئاوای ئەفریقیا بڵاوبووە و نزیکەی (٦٠٠٠) کەس کردە قوربانی. هەروەها ڤایرۆسی زیکا، کە لە بەرازیل و بیست و سێ دەوڵەتی تر بڵاوبووەوە، لە لەماوەی نێوان ٢٠١٥ – ٢٠١٦ لەڕێی مێشولەوە بڵاوەی کرد، بەرزبوونی پلەی گەرمی لەشی لێکەوتەوە، سوربوونی پێست، زیاتر کاریگەریی لەسەر منداڵان هەبوو، کەمتر لەسەر گەورەکان دەردەکەوت، وەک دوو ڤایرۆسەکەی تر، ئەمیش سەر بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا نییە، و سیستمی هەناسەدان ناکاتە ئامانجی.
هێرشی کۆرۆنا تاقیکردنەوەیەکی نوێی بیری مرۆڤە لە پێناو ئایندەیدا، پێت دەڵێ بیرت بێت هێشتا دوژمنی بەهێزتری ژیانت هەن، کە ناتوانی بە چاوەکانت بیان بینیت، بەڵام بێگومان بە ئازارە قورس و کاریگەرەکە گشتگیرەکەی هەستی پێ دەکەیت.
دوژمنایەتی ئەمانە زۆر لە دوژمنایەتی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ بەهێزترە، زیاتر لە دوژمنایەتیی نێوان دەوڵەت و دەوڵەتێکی تر، دەبێ بایەخێکی ئێجگار زۆری پێ بدرێت. ئەنجامدانی توێژینەوە زۆر زەرورە تاوەکو تێی بگەین، چارەسەری گونجاو بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی بدۆزینەوە، ئامادەسازی بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی زۆر زەرورە، هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ رووبەرووبوونەوەی زەرورەتێکی ترە تاوەکو هەموو مۆرڤایەتی پارێزراو بێت.
لە بەرامبەر بە هێرشی کۆرۆنا، هەموو جیهان بووەتە یەک یەکەی ستراتیجی کە بەش ناکرێت، هەرەشەکە ئاراستەی هەموان کراوە، چارەسەرەکەیشی پێویستی بە هاوکاری هەموانە، هەموان دەبێ لە پێشبڕکێدا بین تاوەکو هەموان بپارێزین.

وتاری زیاتر

تاعون رووی ئەرزی گۆڕی‬ فەیسەڵ عەلی
2020-05-17 00:19      59 جار بینراوە

ناسەنتراڵی و حوكمڕانیی چاك‬ فەیسەڵ عەلی
2020-05-09 20:58      57 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو