مەلا بەختیار

وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست (بەشی دەیەم)

  2020-04-18 11:19      61 جار بینراوە        کۆمێنت

بەغداد؛ گۆڕەپانی سەركەوتن‌و شكست‌و دیلكوژی
لە گەرمەی سەركەوتنەكانی عوسمانیەكان‌و ناوبانگی هەنگاوە سەرەتاییەكانی چاكسازییان، دوای داگیركردنی قوستەنتینەو هێرشەكان بۆ رۆژئاوا.
لە ڕۆژهەڵاتداو بەتایبەتی لە ئێراندا بزوتنەوەیەكی بەهێزی تەسەوفی سەفەوی، سەریهەڵداو ئەم تەسەوفە گرێ درایە شیعەگەرای دوانزە ئیمامی. پەیڕەوەكانیان بە "قزڵباش" ناونران كە ماناكەی سەرە سورەكانە، ئاماژەیەك بووە بۆ ئەو كڵاوەی كردویانەتە سەریان‌و (12) گرێی وەك ئاماژەی (12) ئیمامی شیعەی تیا نەخشێنراوە. سەیر ئەوەیە، سەرەتای سەدەی شانزەهەم، كە سەفەویەكان ناوبانگیان دەركردووە، گەنجێكی (13) ساڵ كراوەتە شایان. لەماوەی چەند ساڵێكدا بەرە بەرە، شای سەفەوی، قەڵمڕەوەكەی پەرە پێ داوەو عێراق‌و وڵاتی نێوان دوو روبار (باكوری كوردستانیشی دەگرتەوە لەو سەردەمە-نوسەر)و بەشێكی زۆری قەفقاسیشی داگیركردووە. پەسەندكردنی مەزهەبی شیعەگەرای دوانزە ئیمامی، كارێكی ئاسایی بووەو پەیڕەوی كردنیش لە ئیمامی عەلی، هەر ئاسایی بووە، تەنانەت سەپاندنی قەڵمڕەوی شیعەش، لەچوارچێوەی زەمانی خۆیاندا (هەروەكو عوسمانیەكان) خەسڵەتی ئیمپراتۆریەتەكان بووە. بەڵام دوژمنایەتی سونیگەرایی‌و جنێودان بە سێ‌ خەلیفەی تری راشدین (ئەبوبەكری سدیق، عوسمانی كوڕی عەفان‌و عومەری كوڕی خەتاب) ئەمەیان هەڵەیەكی ئایینی-مەزهەبی كوشندە بووە، كە لەو زەمان‌و زەمینەیەدا تەواوی جیهانی سوننە، بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبیدا چاریان نەماوە، هانایان بۆ عوسمانییە سونیگەراكان بردووە، لەكاتێكدا تا ئەو كاتەش، عوسمانی سەرقاڵی ئیسلاماندنی رۆژئاوا بون. هێشتا نەگەیشتبونە وڵاتانی عەرەبی!
شا ئیسماعیل، شایەكی بە شكۆی دەستوەشێن بووە. لەمبارەوە با دیقەت بدەین (1508) كە بەغدادی داگیركردووە چی كردووە:
"زۆربەی سەرچاوە مێژووییەكان، جەخت دەكەنەوە كە شا ئیسماعیل چی بەرامبەر ئێرانیەكان كردووە كە هەزاران هەزار كەسی لێكوشتون، هەمان دڕندایەتیشی لە بەغداد سەپاندووەو جاڕی جنێودانی بە ئیمامەكان داوەو سونیەكی بێشوماری كوشتووەو گۆڕی (ئەبو حەنیفە)ی هەڵداوەتەوە". (بڕوانە: لمحات اجتماعیة من تأریخ العراق الحدیث. 
الجز‌‌ء الاول. ص45-46)
لەو ماوەیەدا، گۆڕانكاری عەسكەری‌و سیاسی‌و جێگۆڕكێ‌ بە دەسەڵاتەكان، بەتایبەتی دوای سەركەوتنی عوسمانیەكان لە جەنگی چاڵدێران (1514)‌و سەركەوتنیان بەسەر مەمالیك لە میسرو دەوروبەری، رویاندا. سەفەویەكان لە تێكشكاندا بوون‌و عوسمانیەكان تەبرێزو رۆژئاوای ئێرانیشیان گرت‌و گەیشتنە هەمەدانیش.. ئیتر لەوێوە بەرەو بەغداد. 
سوپای عوسمانی یەكەمین سوپای ئەو سەردەمە بووە، كە زیاتر لە سوپای قەڵمڕەوەكانی تر، تۆپی گەورەی كاریگەری هەبووە. ئەمەش قەڵەمی ئەژنۆی دوژمنەكانی شكاندووە. بۆیە، بەبێ‌ بەرەنگاریەكی ئەوتۆ سوپای عوسمانی داخڵی بەغداد بون. پێچەوانەی شای سەفەوی، سوڵتان سلێمان كە گەیشتە ناو بەغداد، نەرم بووەو خەڵكی رازی كردووە، تەنانەت زیارەتی مەرقەدی ئیمام كازم‌و كەربەلاو نەجەفیشی كردووە. (بڕوانە: ل56ی هەمان سەرچاوە)
كێشەو شەڕ، لەنێوان عوسمانی‌و سەفەویدا نەبڕاوەتەوە. بەڵكو دوای ئاشتییەكی كاتیی، قوڵتر تەقیوەتەوە. ساڵی (1523) دوای سێ‌ مانگ گەمارۆدانی، بەغدادی داگیركرد. دیسان شا عەباس كەوتۆتەوە وێزەی مەرقەدی ئەبو حەنیفەو شێخی گەیلانی و وێرانی كردوون. 
لەپاڵ ئەم كارانەشدا، مەرقەدە پیرۆزەكانی شیعەی ئاوەدان كردۆتەوەو خزمەتی كردوون. لێرەوە، هەردوو جەمسەری شیعەو سوننە، ساغبونەوەو شەڕی مەزهەبگەرایی شۆڕكرایەوە بۆ ناو خەڵك. سوننەكان شا عەباسیان بە دڕندە ناوزەد دەكردو شیعەكانیش بە كەسێكی دادپەروەری ئاوەدانكەریان باسدەكرد. لەم دۆخەدا، بەغداد، دەبێتە شانۆگەری دووفاقی خەلیفەی عوسمانی‌و شای سەفەوی.. لەلایەكەوە ئاوەدان دەكەنەوەو لەلایەكی تریشەوە، دڕندایەتی دەنوێنن؛ لە بەشی ئایندەدا دێینەوە سەر هەمان بابەت!

وتاری زیاتر









وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-14 10:56      61 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-10 00:09      53 جار بینراوە

وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-09 22:56      71 جار بینراوە




وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-04 14:43      41 جار بینراوە




وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-28 16:52      69 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-26 01:12      62 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-25 15:08      58 جار بینراوە

وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-24 22:15      53 جار بینراوە






نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو