فەیسەڵ عەلی

لەهەناوی قەیرانەوە گۆڕانکاریی دەکرێت

  2020-04-18 19:09      66 جار بینراوە        کۆمێنت

زانایانی دەروونناسی پێداگیری لەسەر زەرورەتی زاڵکردنی لایەنی ئەرێنی رووداوەکان دەکەن، ئەو هەلومەرجەی مرۆڤی پێدا تێپەڕدەبێت، چەند ناخۆش و نەرێنی بێت، لەبەر ئەوەی تێڕوانینی نەرێنی و رەشبینی لاسەنگی و ناجێگیری لای تاکی مرۆڤ دروست دەکات، ژیانی لێ تاڵ دەکات و مێشکی بەو هەلومەرجەوە سەرقاڵ دەکات، تا ئەو رادەی رێگەی تەرکیزکردن و بیرکردنەوەی دروستی لێ دەگرێت، بەرهەمداریی کەم دەکاتەوە، رێژەی هەڵەکردنی بەرز دەکاتەوە، رەنگە وای لێبکات هەڵسوکەوتی نابەجێ بکات، هەموو ئەمانە بەهۆی ئەو تێڕوانینە رەشبینەوەیه کە دەرئەنجامی ئەو هەلومەرجەیە کە تێیدایە.
لەگەڵ کۆرۆنا ڤایرۆسدا، پەرچەکرداری خەڵکی لە زۆربەی دەوڵەتانی جیهان کە لەڕێی شاسەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەیبینین و دەیخوێنینەوە، جیاوازن، بەتایبەتی دوای ئەو دوورکەتنەوە کۆمەڵایەتییە خۆپارێزییەی کە زۆربەی دەوڵەتان پەنایان بۆ بردووە، هەیە زیاد لەحەد پێی نیگەران و بێزار بووە، وەک سنووردارکردنی ئازادیی و رەفتارەکانی تەماشای دەکات، هەندێکی تریش لەگەڵ نیگەرانیاندا، سنووردانان بۆ بزاوت و کاریگەریی زۆری لەسەر کار و چالاکییەکانیان، ئەو رێوشوێنە بەهەند وەردەگرن، بەوەی پارێزگاری لە کۆمەڵگە و تاکەکانی دەکەن، ژیانی مرۆڤ لە پێش هەموو شتێکی ترەوە دادەنێن، بێگومان ئەمەش تێڕوانینێکی ئەرێنییە.
لەگەڵ ئەوەی دانیشتن لە ماڵەوە بەدەست خۆت نییە، بەڵکو زەرورەتی هەلومەرجەکە سەپاندوویەتی، بەڵام سوودی زۆرە رەنگە دەرکی پێ نەکەین، کاتێک دەچووینە بازاڕ و بەشەقامەکانیدا پیاسەمان دەکرد، مارکێتەکان دەگەڕاین بەوەی پێویستمان بە شتێکە، رەنگە ئەو پێویستییە دروستکراو بێت یان هەر خەیاڵی بێت، ئەو چوونە دەرەوەمان جگە لە قەرەباڵغی دروستکردن و کات بەفیڕۆدان و بەهەدەردانی پارە لە هەندێک شتدا کە هیچ پێداویستییەکی راستەقینەمانی پڕ نەدەکردەوە، بەڵکو پێویستییەک بوو کە بانگەشەی بازرگانیی و ئەو سیولەیەی لە بەردەستمان بوو، پاڵی پێوە دەناین.
بەراوردکاریی لە نێوان دوو رەوش، یان دوو هەلومەرج یەک لەو رێگە زانستییانەیە کە توێژینەوەکانی لەسەر بونیاد دەنرێن، لەبەر ئەوەی ئەگەر هەریەک لە ئێمە لە رەوشی ئێستای خۆی و رەوشی پێش کۆرۆنا رابمێنێت، لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بەراورد بکات، رەنگە بە ئەنجامێک بگات، بەبێ ئەوەی کەس بەسەریدا بیسەپێنێت، توانای کۆنتڕۆڵکردنی رەفتار بەو هەموو وروژێنەرەکانی ژیان و هاندەرەکانی ئارەزووی کڕینی ئەوەی پێویستتە و ئەوەی پێویستت نییە، دەشێ ئەرینی بێت، بەلای ئەوەدا بشکێتەوە لە ماڵەوە بمێنیتەوە، لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندیی تاک و خێزان بێت.
مانەوە لە ماڵ زۆرێکی ناچار کرد بۆ پڕکردنەوەی کاتی بەتاڵی، بیر لە هەندێک چالاکی بکاتەوە، وەک هەندێک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، فێری رێکخستنەوەی ماڵ بوو، هەندێک کاروباری ماڵ بەجێ دەهێنم، هەندێک پشت بەخۆی دەبەستێ لەسەرتاشین، هەندێک فێری چێشت لێنان بووە. لە هەموو ئەوانە گرنگتر زۆرێک لەگەڵ کتێب ئاشت بۆتەوە، دەستی بە کتێب خوێندنەوە کردووە، هەیە بایەخی بە فیلمی دۆکومێنتاری داوە… هتد.
بەرنامەی رێکخستنەوەی رەفتار و سەرلەنوێ دیزاین کردنەوەی قورسترین پرسی مرۆڤە، رەنگە گرنگترینشی بێت. هەرچەندە مانەوە لە ماڵ ئەو هێزەی گەورەی دیزاینکردنی رەفتار نەبێت، کە بەپێی رێگە زانستییەکی بە چەند هەنگاوێکدا تێپەڕ دەبێت، هەنگاوەکانی خوێندن، ئەمە دەرفەتێکە بۆ دایباب کە دەبێ ئیستغلالی بکات، بەخۆداچوونە بکات ماوەی پێش کۆڤید ١٩، ژیانی کەسەکان چۆن بوو، چۆن کاتەکانی بەڕێ دەکرد، وەک خوێندنەوە و وەرزش، یان ئەو پیشەیەی داهاتی لێ دەست دەکەوێت و ژیانی ئاسایی خۆی لێوە بەڕێوەدەبرد، یان بەهۆی کات بەسەربردنی لە کافێ و چایخانەکان و کۆبونەوە بێ سودەکان.
ئایا ماوەی کۆڤید ١٩ نابێتە خاڵی وەرچەرخانی لە ژیانی ئێمەدا، بە شێوازێکی تر ئەولەویاتەکانمان لانیکەم لەسەر ئاستی تاک، دامەزراوەکان، دەزگا حکومییەکان وێنا ناکاتەوە، با دەستبەرداری لایەنە نەرێنییەکان بین، لایەنە ئەرێنییەکان بپاریزین و بەهێزی بکەین، وێڕای ئەو وانانەی لەم قەیرانە وەربگرین، ئامادەسازییمان، بڕیارەکانمنا و ئەو بژاردەیەی لە بەردەستمانە، بۆ ئەوەی بۆ هەر قەیرانێک یان کارەساتێکی تر ساز و ئامادە بین.

وتاری زیاتر

تاعون رووی ئەرزی گۆڕی‬ فەیسەڵ عەلی
2020-05-17 00:19      59 جار بینراوە

ناسەنتراڵی و حوكمڕانیی چاك‬ فەیسەڵ عەلی
2020-05-09 20:58      56 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو