ئەكرەم ئەمین

چین سەرسمی دا، وڵاتانی تر كەوتن

  2020-04-24 15:32      49 جار بینراوە        کۆمێنت

چین سەرەڕای ئەوەی گەورەترین وڵاتە لەجیهاندا لەڕووی دانیشتووانەوە كە ئێستا زیاتر لەملیارێك و چوارسەد ملیۆن كەسە، لەگەڵ ئەوەشدا لەدوای ساڵی 1978ەوە بڕیاری چاكسازیی و كرانەوەی بەڕووی جیهاندا داوە، لەدوای زیاتر لە40 ساڵ لەو كاتەوە، ئێستا چین بەدووەم گەورەترین وڵاتی ئابووریی لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت لەدوای ئەمریكاوە.
پێ چەقاندنی چین لەو پێگەیە، هەروا بەگۆترە نەبووە، بەڵكو توانیویەتی لەو ماوەیەدا شۆڕشێكی كشتوكاڵی و پیشەسازیی و تەكنۆلۆژی و پەروەردەیی و سەربازیی پەرپابكات و هەندێك جاریش هەڕەشە بووە بۆ ئەمریكا كە لەپێگەی باڵا بیهێنیتە خوارەوە.
كاڵای چینی رووپەڕی ئەمریكاو ئەوروپاو ئاسیاو ئەفریقای داپۆشیووەو كێشمەكێشەكان زیاتر زەقبوونەوە، كاتێك ئەمریكا كەوتە دانانی باجی گومرگیی زیاتر لەسەر كاڵاكانی چین كە هاوردەی ئەمریكا دەكرێت، ئەوەش ئەوە دەردەخات كە هەڕەشەی لەقاندنی كاڵای ئەمریكای كردووە.
لەگەڵ سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، راستەوخۆ لەلایەن چاودێرە سیاسییەكانەوە بەشەڕی ساردی نێوان چین و ئەمریكا ناویان دەبردو بەتۆڵەی ئەمریكایان لەچین ناودەبرد، بەڵام ئێستا چین چاكبۆتەوەو لەسەرپێ وەستاو ئەمریكا نەخۆش كەوتووە و گرفتارە.
چین رێڕەوی ئابووریی نوێ
چین لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لەگەڵ پارێزگارییكردندایە لەپێگەی خۆی، هەوڵیشیداوە زیاتر بچێتە پێشەوە، لەهەوڵی دروستكردنی رێگەی ئاوریشمدایە كە بۆ مەبەستی بازاڕگەریی و پێشخستنی ئابووریی جیهانە كە بە 123 وڵاتدا تێدەپەڕێت لەگەڵ رەخساندنی 360 ملیۆن هەلی كار. كۆماری میللیی چین دەبێتە پێگەی سەرەكی لەو پڕۆژە نوێیەدا كە بەپشتێنەكەی دەتوانێت ئاسیاو ئەوروپاو ئەفریقیا پێكەوە گرێبدات و كاڵاكانیش بەئاسانی بگەیەنێتە ئەمریكا.
چین پێی هەڵكەوت. وڵاتانی تر كەوتن
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەچین، گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزیی بووە هۆی داخستنی هەندێك كارگە یان كەمكردنەوەی بەرهەم و كاڵاكانیان، ئەمەش بووە هۆی كەمتر بەكارهێنان و هێنانی مادەی خاو لەدەرەوەی ئەو وڵاتەوە بەتایبەتی نەوت، كە گەورەترین بەكاربەری نەوتە لەسەر ئاستی جیهان. ئەمەش ئەوەی دەرخست كە خاوبوونەوەی ئابووریی چین دەبێت لاوازبوون یان مردنی هەندێك وڵاتانی تر بەتایبەتی وڵاتانی بەرهەمهێن ‌و هەناردەكاری نەوت كە ئێستا نرخی نەوت نزیكبۆتەوە لە 19 دۆلار كە لەساڵی 1991ەوە ئەو نرخەی بەخۆیەوە نەدیوە.
هەموو ئەو پێگە گرنگەی چین ئەو راستییە ئاشكرا دەكات كە نەخۆش كەوتنی چین، مردنی وڵاتانی تر و شینوشەپۆڕەكەی لەشوێنی تر دەبیسترێت.

وتاری زیاتر

بەهۆشهاتنەوەی نه‌وت‬ ئەكرەم ئەمین
2020-05-09 19:09      42 جار بینراوە

نانت خواردووە؟‬ ئەكرەم ئەمین
2020-05-04 17:56      72 جار بینراوە

خواردن و پلانی ئابوورییانە‬ ئەكرەم ئەمین
2020-04-27 21:04      52 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو