ئەكرەم ئەمین

خواردن و پلانی ئابوورییانە

  2020-04-27 21:04      53 جار بینراوە        کۆمێنت

لی شین، بیریارێكی چینییەو دەڵێت: “هەر دەنكە دانەوێڵەیەكی سەر دەفرەكانتان، بەرهەمی رەنجێكی قورسە”. دەشتوانیت لەڕووی مرۆڤایەتی و ئابووریی و ئایینییەوە لەو وتەیە بكۆڵینەوە.
لەڕووی مرۆڤایتییەوە
كاتێك جووتیارێك خۆراكێك بەرهەم بهێنێت، ئەوا وزەیەكی زۆری زیهنی و گیانی و كاتێكی زۆر سەرف دەكات تا رەنجەكەی دەچنێتەوە، كاتێك مرۆڤەكانی تر بەرهەمەكە بەكاردەهێنن و دەیخۆن، ئەگەر بەپێی پێویست بەكاری نەهێنن و بەهەدەری بدەن، ئەوا راستەوخۆ رەنج و ماندووبوونی ئەو بەرهەمهێنەرە بەفیڕۆ دراوەو رێزی ئەو ماندووبوونە نەگیراوە و بەرز نەنرخێنراوە.
لەڕووی ئابوورییەوە
كاتێك زیاد لەپێویستی خۆت بەرهەمێك یان خواردنێك بەكاردەهێنیت و بەشێكی زۆری فڕێ دەدەیت، ئەوا زیانێكی ئابووریی لەخۆت و وڵات دەدەیت، هەندێكجار چێشتخانەكان بەمەبەستی خزمەتگوزاریی باشتر، لەبری یەك شلە، چەند جۆر شلەت لەگەڵ برنجەكەدا بۆ دادەنێن، زۆربەی كات لەیەك دانەیان زیاترت بۆ ناخورێت، دەكرێت یەك شلە دابنێ و پارەی خواردنەكە كەمبكاتەوە.
سەر سفرەی زۆربەی ماڵەكان خواردنێكی زۆری لێ زیاد دەبێت و فڕێ دەدرێت.
ئەو دەنكە برنجانەی كە فڕێ دەدرێن، هەروەك ئەو دەنكانەی ترن كە خواردووتە، رەنج و ماندوون و مەسەرەفی تیاكراوە.
ئەوەشت لەبیر نەچێت كە زیادەی ماڵێك، پێداویستیی ماڵێكی هەژارە.
لەڕووی ئایینییەوە
پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) دەفەرموێت: كە چوویتە سەر رووبار، هەوڵبدە لەبەكارهێنانیدا بەفیڕۆی مەدە.
چونكە ئەگەر لەكاتی زۆریدا دەست نەگریتەوە لەخەرجی و مەسرەف، ئەوا لەنەبوونیدا دەستی پێوە ناگیرێت.
بۆ كاری دەوڵەتداریی و بەڕێوەبردنش هەر راستە، پێویستە لەكاتی بووژانەوەو گەشەسەندنی ئابووریی وڵاتدا، بەرنامەو ستراتیژی دوورمەودا دابڕێژرێت و قەیران و كێشەت لەبەرچاوبێت، نەك كە كەوتیتە قەیرانەكەوە ئەوكات ئینجا دەستبكەیت بە كورتكردنەوە و بڕین، پارچەی ناوشان بكەیت بە پینە بۆ ئانیشك، ئەمە نابێت بە بەرنامەو پلان، بەڵكو دەبێتە پیلان و خنكاندن و هەڵتەكاندن.

وتاری زیاتر

بەهۆشهاتنەوەی نه‌وت‬ ئەكرەم ئەمین
2020-05-09 19:09      43 جار بینراوە

نانت خواردووە؟‬ ئەكرەم ئەمین
2020-05-04 17:56      73 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو