مەریوان عەبدوڵڵا

لامەركەزی لەنێوان خواست و رەتكردنەوەدا

  2020-05-04 23:40      114 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرەتا بۆئەوەی ھیچ ھەستیارییەك دروست نەكات و لێكدانەوەی سیاسی بۆ نەكرێت لامەركەزی «سەربەخۆیی دارایی و كارگێڕی» ئەوەی لەسلێمانی داوادەكرێت و دووبارە خراوەتەوە بەر باس و كار بۆ جێبەجێ كردنی دەكرێت، بەھەموو پێوەرێك بەواتای جیاكاری و جیاكردنەوەی دوو ئیدارەیی و چوونە باوەشی بەغدا نایەت وەك ئەوەی تۆمەتی ئاراستە دەكرێت، ھیچ كەسێك نیازێكی لەو شێوەیەی نییەو لەبنچینەشدا ئەوە تۆمەتێكی داتاشراوو هەڵبەستراوە، لەبەرئەوە ناكرێت ھەر لەئێستاوە ھەنگاوەكانی لامەركەزی بدرێتە بەر تیرو تۆمەت ئاراستەكردن و دژایەتی، ئەو پرۆژەیەی كە ئێستا لەسلێمانیەوە سەرچاوەی گرتووەو كاری بۆ دەكرێت تەنیا شۆڕكردنەوەو دابەشكردن و گەڕانەوەی بەشێك لەدەسەڵاتەكانە لەھەولێرەوە بۆ شارەكانی تر، ئەو دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییانەی كە لەژێر ناو سێبەری سیستمی مەركەزی «ناوەندگەری» لەپایتەختەوە ھەموو جومگەكانی قۆرخ كردووەو ھەناسەی لەحكومەتە خۆجێیەكان بڕیوەو بەناوی "یەك جەمسەری و حكومەتی مەركەزی خاوەن بڕیار" دەسەڵاتی نایەكسانی خۆی بەسەر پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكاندا سەپاندووە، بەرھەمی ئەو مەركەزێتەی كە ئێستا شین بۆ بەرداوامیدانی دەكرێت رازاندنەوەی چەند شارێك و چەوساندنەوەو بەردەوامی دانە بەھەڵتەكاندنی ژێرخانی ئابووری و كاولكردنی چەند شارێكی تر ئەوەی پێی دەوترێت زۆنی سەوز، ئەو نادادپەروەرییەی كە لەچەند ساڵی رابردوو سیستمی مەركەزی لەھەرێمی كوردستان دروستی كردووە، ئەگەر چارەسەرنەكرێت كاریگەرییەكەی چەند ساڵێكی تر دەگاتە سێ ھێندەی ئێستاو بگرە زیاتر لەوەش.
لەم پڕۆسەی مەركەزێتەی كە ئێستا حكومەتی هەرێم پەیڕەوی دەكات و بووەتە چەقی هەموو بڕیارو دەسەڵاتەكان قوربانی ھەرە گەورە ھاووڵاتیانی ناوچە پەراوێزخراوەكانە لە«زۆنی سەوز»، بەڵام ئەوەی كە رۆیشت تازە لەدەست چووەو قەرەبوو ناكرێتەوە ھەرچۆنێك بێت دەبێت ئەو زوڵمە رابگیرێت كە ساڵانێكی زۆرە لەم زۆنە دەكرێت و دەرئەنجامەكەی دواكەوتنی سلێمانی و پەراوێز خستنییەتی بەبەراورد بەشارەكانی تر كە لەسەر حسابی ئەم شارە باڵایان بەرزو روویان گەشاوەتر دەكرێت.
لەم پرۆسەیەدا ئەوەی تا ئێستا روونە یەكێتی بەئاشكراو گۆڕان لەژێر پەردەوە لەگەڵ جێبەجێبەجێكردنی لامەركەزین و پارتیش بەئاشكرا لەگەڵی نییەو دژایەتیشی دەكات، لەنێو ئەم ململانێیەدا رەنگە وەك بەشێكی تر لەپڕۆسەو پڕۆژەكانی رابروو لامەركەزیش ببێتە قوربانی ململانییەو خواستی سیاسی، بەڵام ئەوەی ناكرێت بەئاسانی دەست لەم داوا رەوایە ھەڵبگرێت یەكێتییە، چونكە ئەمە سوودو بەرژەوەندی گشتی تێدایەو گرنگە ئەم حزبە فشارو داواكارییەكەی فراوانتر بكات نەك تەنیا لەسلێمانی بەڵكو داوا بكات لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان كار بەسیستمی لامەركەزی بكرێت، ئەمە رێگە راستەكەیەو جۆرێك لەڕەواییەتیش دەدات بەپڕۆژەكەی یەكێتی، لامەركەزی جگەلەوەی دەرفەت لەبەردەم دادپەروەری و یەكسانی كۆمەڵایەتی دەڕەخسێنێت و وادەكات لەسەر ئاستی حكومەتە خۆجێیەكان خزمەتگوزاری و كاروباری رۆژانەی خەڵك باشترو ئاسانتر بەڕێوەبچێت و رۆتینات و گەندەڵی كەمبكرێنەوە، جۆرێك لەمتمانەش بۆ دامەزراوەكانی حكومەت دەگەڕێنێتەوە، ھاوكات جۆرێك لەكێبڕكێش لەنێوان ئیدارەی پارێزگاكاندا دروستدەكات و ھەر لایەك لەھەوڵی باشتر خزمەتكردنی دانیشتوانەكەیدایە بەمەش سوودمەندی سەرەكی ھاووڵاتیان دەبن و تا ئاستێك بەشێك لەو داھاتەی كە تا ئێستا نازانرێت بۆ كوێ دەڕوات بۆ خزمەتی خەڵك دەگەڕێتەوەو وەك كێبڕكێیەك بۆ رازیكردنی هاووڵاتیان بەكاردەھێندرێت، ھەر ئەمەش كرۆكی بابەتەكەیەو لایەنی ھەرە باشی سیستمی لا مەركەزییە، لەكاتێكدا باس لەسیستمی لامەركەزی دەكرێت ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەو لایەنەی كە دژایەتی لامەركەزی دەكات و ترسی لێنیشتووە و بەمەترسییەكی گەورەی دەزانێت بۆ سەر كیانی حكومەت و ھەرێمی كوردستان، زۆرترین رەخنەی لەمەركەزیەتی حكومەتی عیراق ھەیەو ھەمیشە بەغدا بەوە تۆمەتبار دەكات كە زیاد لەپێویست دەسەڵاتی خۆی بەسەر ھەرێمدا دەسەپێنێت و رێگەنادات ھەرێم گوزارشت لەدەسەڵاتەكانی خۆی بكات و سەربەخۆیی كارگێڕی و دارایی خۆی بەرجەستە بكات، بەپێچەوانەی ئەم خواستەوە بۆ ناوخۆی ھەرێمی كوردستان پێیان وایە سیستمی لامەركەزی ھەڕەشەیەو دروستكردن و قوتكردنەوەی حكومەتێكی ترە لە بەرامبەر حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ترسە گەورەكەش ئەوەیە لەئەگەری گوێ نەگرتن لەداواكارییەكەی دوو پارێزگای ھەرێم «سلێمانی و ھەڵەبجە » راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكەن و پشكی خۆی لەبودجەو مووچە لەڕێگەی حكومەتی ناوەندی عیراقەوە بەدەست بھێنێت، ھەرچەندە لەم قۆناغەدا ئەمە چاوەرواننەكراوە، بەڵام ئەگەر ئەم زوڵمەی كە لەزۆنی سەوز دەكرێت بەردەوامبێت رەنگە وەك دوایین رێگە چارە لەداهاتوویەكی دووردا ئەوەش بژاردەیەكی كراوە بێت، لەجێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیدا ناكرێت ھیچ لایەنێكی سیاسی ترسی لێ بنێشێت و بەجۆرێك لەكودەتا لەدژی خۆی بزانێت، چونكە لەبنچینەدا سیستمەكە ئامانج لێی باشتر خزمەتكردنی خەڵك و پێشكەشكردنی كارئاسانی و كەمكردنەوەی رۆتیناتی و گەندەڵییە، جگە لەوەش پێشتر لەڕێكەوتنە سیاسییەكان بۆ پێكھێنانی حكومەت ئاماژە بەم بابەتە كراوەو رەزامەندی پیشان دراوە، ئەگەر سیستمی وڵاتانی گەشەسەندووی دونیاش لەبەرچاو بگیرێت دەبینی لامەركەزی بەشێكی زیندووی شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەتان پێكدەھێنێت، ئەگەر لامەركەزی لەھەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت دەكرێت ببێتە سەرەتای وەرچەرخانی سیستمی بەڕێوەبردن و دابەشكردن و شوڕكردنەوەی بەشێك لەدەسەڵاتی حكومەتی ھەرێم بەقازانجی خەڵك، جگەلەوەش ئەمە بەشێك لەبەرپرسیاریەتی و ئەركەكانی حكومەت لەم قۆناغەدا كەمدەكاتەوەو تاقیكردنەوەیەكی گەورەشە بۆ حكومەتە خۆجێیەكان و تاودانی ئەسپی خۆیان بۆ باشتر خزمەتكردنی خەڵك وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرێت، ئەو كات ئەو گلەییانەی كە ئێستا لەحكومەت دەكرێت كەمتر دەبنەوەو بەشێكی زۆری بەرپرسیارییەتیەكان دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتە خۆجێییەكان و دەرەنجامی باش و خراپی كارەكانیش ھەر دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان، لەبەر ئەوە نە حكومەت و نە لایەنە سەرەكییەكانی بەشدار لەحكومەت پێویست ناكات ئەوەندە بترسن و ھەر لەئێستاوە بەو پەڕی توانایانەوە دژایەتی بكەن، وەرن هەمووتان هاوكاربن و كار بۆ سەركەوتنی كار و پڕۆژەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێیەكان بكەن ئەگەر مەبەستان خزمەتكردنی خەڵكە ؟

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو