مەلا بەختیار

وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست

  2020-05-14 10:56      63 جار بینراوە        کۆمێنت

 (بەشی هەژدەهەم)
نوێخوازی وڵاتانی ئیسلامی‌و رونەدانی نوێگەری
لە بەشەكانی دیكەدا، هەوڵمان دا، هەندێك دەستەواژەو چەمكی هزری-فەلسەفی، وەكو هەوڵێكی سەرەتایی، كە لە رۆژئاوادا سەریهەڵداوەو لە وڵاتانی عەرەبیدا (بەكوردستانیشەوە) هێشتا، نەك ئەو چەمكانە و ئەو بنچینانەی فەلسەفە لەئارادا نین، بەڵكو لەناو كۆمەڵ‌و ژیانی كۆمەڵایەتیشدا، پێچەوانەكەشیان كاریگەرە، رونبكەینەوە. هەتا دەریبخەین بۆ سەدەیەك شكست خوراوە. دیارە، ئەو بۆچونەمان، ئەوە ناگەیەنێ‌ كە لەوڵاتانی عەرەبی‌و كوردستانیش، بیری نوێخوازی هەر نەبووە. نەخێر. نوێخوازی (تجدید) هەبووە، بەڵام نوێگەری (الحداپە‌-مۆدێرنێتە) بە چەمكە فەلسەفییە هەمەلایەنەكەی، بونی نەبووە. تەنانەت لە وڵاتانی عەرەبی‌و لە كەلەپوری ئیسلامیشدا، نوێخوازی پێش نوێگەری رۆژئاواش، كەم‌وزۆر هەبووە. هەڵبەتە جیاوازی لەنێوان نوێخوازی‌و نوێگەریدا، زۆرە.
مێژوو، نمونەی نوێخوازی جۆراوجۆری هێناوەتەئاراوە. بەڵام ئەو نوێخوازییە، لە هزردا و لەئەندێشەدا، پێ بەپێی ئاستە گەشەكردنە رێژەییەكان سەریانهەڵداوە. نەك وەكو پێویستیەكی كۆمەڵایەتی رادیكاڵی، كە ئاكامی گۆڕانكاری سەراپا پەیوەندی‌و هێزەكانی بەرهەمهێنان، هزری رادیكاڵیش، بەرهەم هاتبێ‌. هزری رادیكاڵی، لە بواری فەلسەفە، ئەقڵ، ئابوری، كۆمەڵایەتی‌و عەقیدەدا، تەنها لەناو ژینگەی گۆڕانكاری بابەتیدا دەڕسكێ‌، نەك لەژێر كاریگەری فاكتەری فەلسەفی دەوروبەردا، یان دورمەودا. مەحاڵە، هیچ كۆمەڵێك، وەرچەرخانی رینسانس، یان ئاینسازی، یاخود رۆشنگەری‌و نوێگەری بە قۆناغ لەناویاندا سەرهەڵبدات، ئەگەر باری بابەتی سەرهەڵدانی ئەو چەمكانە، لە هەموو بارێكەوە نەخەمڵیبێ‌. بۆ نموونە: یۆنان زایگای فەلسەفەیە.. بەڵام هەرگیز نەیتوانی فەلسەفە كلاسیكیەكانی وەربچەرخێنی بۆ رینسانس، یان ئاینسازی‌و رۆشنگەری، چونكە، نە ئاین‌و عەقیدە، لەدەسەڵاتدا شانسی فەرمانڕەواییان تاقیكردبوەوە و نە لەو ئاستی پێشكەوتنەی كۆمەڵایەتیشدا، كە هێشتا كۆیلەیەتی بەهێز بوو، نە زەمینەی فەلسەفەی رادیكاڵ بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی بنەڕەتی، ڕەخسابوو. بۆ یۆنان وا بوبێ‌، بێگومان، بۆ وڵاتانی عەرەبی، خراپتریش بووە. چونكە، هەموو نوێخوازییەك لە هزری فەلسەفی‌و ئەندێشەدا، لە وڵاتانی ئیسلامیدا، رەگەزەكانی دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی یۆنانی‌و سریانی.. یان تەسەوفی یۆنانی‌و هیندی..تاد. ناكرێ‌ لە زایگای فەلسەفەو تەسەوفەكەدا، گۆڕانكاری رادیكاڵی لە بواری فەلسەفەو كۆمەڵایەتیدا روینەدابێ‌، لە وڵاتانی ئیسلامیدا، كە لەژێر كاریگەری زایگاكەی فەلسەفەدا، بیریان لە فەلسەفە كردۆتەوە، گۆڕانكاری لە باری فەلسەفەو هزرو ئەندێشەدا، روبدات. لەو زەمان‌و زەمینەیەی پێشكەوتنی وڵاتانی ئیسلامیدا، هەرگیز كارتێكراو نەیدەتوانی بەئەندازەی خودی كارتێكەر، گۆڕانكاری بەدی بهێنێ‌.
ئەگەر بابەتیانە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی دێرین، دەبینین كەوا، لەسەردەمی قورئانەوە، لێكترازان لەتەك سەردەمی كوێرەوەری (یان نەزانین!) هەیە، نوسەرێكی عەرەبی جوانی وتووە كە دەڵێ‌:
"لێكترازانی قورئان كە لەبەرامبەر ئەفسانەی پێشینان‌و چەمكەكانی باوك‌و باپیران‌و خواوەندی میسیۆلۆژیای دێرین رایگەیاند، نوێخوازی راستەقینەیە".(بڕوانە ل138. الحداپە‌ والحداپە‌ العربیە‌. تألیف مجموعە‌ من المفكرین. الگبعە‌ الاولی. 2005)
خۆ ناتوانین، ئەو هەوڵە ناوازەیەی موعتەزلە بۆ سەربەخۆیی ئەقڵ‌و ململانێی لێبڕاویان بەرامبەر ئەقڵی نەقڵی سەلەفیەكان، نادیدەی فەلسەفی بگرین.
ئیبن خەلدون لە كۆتایی شارستانیەتی عەرەبیدا ژیاوە. لەناو ژینگەیەكی ئەفسوناوی‌و فاڵگرو ژیانی كولەمەرگیدا هاتۆتەئاراوە، كەچی ئەندێشەی نوێ دێنێتە ئاراوە، تەنانەت، لە میتافیزیكیەتیش دوردەكەوێتەوە.
نمونەی زۆرتر هەن، ئاماژەیان پێ بدەین كە لە مێژووی دێرینەدا، هەوڵی نوێخوازی دراوەو هەتا ئەو ڕادەیەش كاریگەرییان هەبووە، دەسەڵاتدارانی خەلیفەكان لێیان ترساوون‌و چەندین لەو بیرمەندانەیان كوشتووە. لەوانە: موعتەزلەكان، متەسەوفەكان.. تەنانەت ئیمامەكانیش!

 

وتاری زیاتر










وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-10 00:09      56 جار بینراوە

وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-09 22:56      73 جار بینراوە




وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-04 14:43      42 جار بینراوە




وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-28 16:52      72 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-26 01:12      62 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-25 15:08      61 جار بینراوە

وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-24 22:15      56 جار بینراوە







نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو