فەیسەڵ عەلی

تاعون رووی ئەرزی گۆڕی

  2020-05-17 00:19      58 جار بینراوە        کۆمێنت

هەندێک نەخۆشی مەترسیدارو بەدناو هەیە بوونە هۆکاری مردنی هەزاران مرۆڤ، وەک شیرپەنجە کە بەئێستاشەوە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوەی بۆ نەدۆزراوەتەوە، هەروەها چەند جەنگ سەدان هەزار کەسی لەناوبرد، بەڵام هەندێک نەخۆشی بەکتیری و ڤایرۆسی گوازراوە هەیە زۆر ترسانک و مەترسیدارترن لەسەر جیهان، وەک ئاگر لە کایا خیرا بڵاودەبنەوە، لەم پەڕی خۆرهەڵاتەوە دەگەنە خۆرئاواو لەباکوورەوە دەگەنە باشوورو مرۆڤ لەناو دەبات، جیهان دەخاتە بەردەم مەرگ و وێرانەوە، لەبەر ئەوە هەندێک پەتا رووی ئەرزی گۆڕی و کاریگەریی گەورەی کردە لەسەر شارستانییە مرۆییەکان، دەگوترێ یەک پەتا لەساڵی ٤٣٠ پێش زایین لەمیانی جەنگی بیلۆبۆنییە بڵاوبووەوەو ژمارەیەکی زۆری مرۆڤی لەو سەردەمە کوشت.
بەناوبانگترین نەخۆشییە گوازراوەکان و مەترسیدارترینیان تاعونە، چ تاعونی جاستنیان یان مەرگی رەش (تاعونە رەشە). یەکەم جۆریان لەسەردەمی حوکمڕانی جاستینیان لەسەدەی شەشەم بڵاوبووەوە، یەکەم پەتا بوو کە نزیکەی پەنجا ملیۆن کەسی کوشت، کە دەیکردە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی ئەوکاتی سەر ئەرز، پرۆسەی بازرگانی پەکخست، بێزەنتییەکانی لاواز کردو شارستانی تر باڵی بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیاو بەشێکی ئاسیادا گرت، ئەوەش پرۆژەکەی جاستینیان بۆ یەکخستنی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی راگرت.
مەرگی رەش، کە لەسەدەی سێزدەم و چواردەیەم لەخۆرهەڵاتی ئاسیا بڵاوبووەوە تا بەئەوروپا گەیشت، لەو رێگەیەیدا کەسی نەبواردەوەو ناوچە دوای ناوچەی دووچاری کوشتن و ماڵوێرانی کردووە، بووە یەکەم نموونەی گواستنەوەو پەیوەندیی جیهانی، چونکە ئەم جۆرەی تاعون لەئەوپەڕی خۆرهەڵاتی ئاسیا دەرکەوت و لەزۆربەی کێشوەرو دەوڵەتاندا بڵاوەی کرد، زیاتر لەکارەساتە سروشتیی و جەنگەکان خەڵکی کوشت.
ئەم نەخۆشییە لەگەڵ ئەو کەشتییانەی لە چینەوە بەرەو ئەوروپا چوون بڵاوبووەوە، کە جرج و مشکی تێدا بوون، دەتوانن ئەو پەتا بەکتیرییە بگوازنەوە، ئەوکات بەهۆی هەژاری سەدەکانی ناوەڕاست و کەمی پاکوخاوێنی و بڵاوبوونەوەی ئاژەڵ لەهەموو شوێنەکاندا، ئەو پەتایە بە شێوەیەکی خێرا لەزۆربەی ناوچە جیاجیاکانی جیهان بڵاوبووەوە، وەک مەزندە دەکرێ سێ یەکی دانیشتوانی ئەوروپای لەناو برد، نزیکەی ٧٠٪ ئەوانەی نەخۆشییەکەیان گرت مردن.
بڵاوبوونەوەی تاعون گۆڕانکاریی زۆر گەورەی لەکیشوەری ئەوروپا بەدوای خۆیدا هێنا، بووە هۆکاری کەوتنی سیستمی دەرەبەگایەتی، وای لێهات کرێکاران داوای مافی خۆیان بکەن و ژیانێکی باشتریان بوێت، دواتریش دەوڵەتی نوێ دامەزراو توێژینەوەی زانستی بەمەبەستی خزمەتکردنی خەڵک برەوی سەند، هەروەها خەڵکی متمانەی بەکڵێسای کاسۆلیکی نەما، کلێسا بوونە دوو بەش، کاسۆلیک کە پەیڕەوی پاپایان دەکرد، لۆسەرییەکان کە ئازاد بوون لەپەیڕەوکردنی کەس، لەلایەکی تریشەوە، تاعون هۆکاری هەڵكشانی دەمارگیری بوو، کوشتن و بڕین و لەناوبردنی کەمینە رەگەزییەکان زیادی کرد.
دڵنیاین لەوەی ئەم ڤایرۆسەش زۆر رەفتارو کرداری دەوڵەتان و تاکەکان و کۆمەڵگەکانیش دەگۆڕێت.

وتاری زیاتر

ناسەنتراڵی و حوكمڕانیی چاك‬ فەیسەڵ عەلی
2020-05-09 20:58      55 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو