حاڵه‌ته‌كانی‌ تووشبوون به‌ئایدز له‌ پارێزگایه‌كی‌ عیراق دوو هێنده‌ زیادی‌ كردووه‌

  2019-08-20 17:34      323 جار بینراوە        کۆمێنت
نه‌خۆشی‌ ئایدز تووشی‌ كۆئه‌ندامی‌ به‌رگری‌ مرۆڤ ده‌بێت‌

به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی‌ ته‌ندرووستی‌ پارێزگای‌ زیقار رایگه‌یاند، ژماره‌ی‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ تووشبوون به‌ نه‌خۆشی‌ ئایدز له‌پارێزگاكه‌،  به‌راورد به‌ساڵی‌ پار، دوو هێنده‌ زیادی‌ كردووه‌.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ی‌ ئاب، دكتۆر حه‌یده‌ر حه‌نتوش، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ ته‌ندرووستی‌ گشتی‌ له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی‌ ته‌ندرووستی‌ زیقار، له‌ لێدوانێكدا ئاشكرایكرد كه‌ ساڵی‌ پار، 4 حاڵه‌تی‌ تووشبوون به‌ ئایدز له‌ پارێزگاكه‌ تۆماركراوه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ ژماره‌ی‌ حاڵه‌ته‌كان بۆ 10 حاڵه‌ت به‌رزبووه‌ته‌وه‌.
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد فه‌رمانگه‌كه‌یان رێوشوێنی‌ پێویستی‌ گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ سنوورداركردنی‌ نه‌خۆشییه‌كه‌، له‌وانه‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ هه‌ڵگری‌ ڤایرۆسی‌ ئایدزن له‌ كه‌سانی‌ تر‌و دابینكردنی‌ چاره‌سه‌ری‌ پێویست بۆیان‌و هه‌وڵدان بۆ رێگرتن له‌ گوێزرانه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسه‌كه‌ بۆ كه‌سانی‌ تر.
وتیشی‌ فه‌رمانگه‌كه‌یان كارده‌كات بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هۆشیاری‌ تایبه‌ت به‌ خۆپاراستن له‌ تووشبوون به‌ ئایدز، وه‌ك به‌كارنه‌هێنانی‌ ئه‌و ئامێرانه‌ی‌ سه‌رتاشین یان هه‌ر ئامێرێكی‌ تر كه‌ به‌كارهێنانی‌ هاوبه‌شیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی‌ پشكنینی‌ ده‌وری‌ بۆ هاوڵاتیان.
نه‌خۆشی‌ ئایدز( كه‌می‌ به‌رگری‌ وه‌رگیراو) له‌سه‌ره‌تای‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ تووشی‌ كۆئه‌ندامی‌ به‌رگری‌ مرۆڤ ده‌بێت‌و سه‌ره‌نجام وایلێده‌كات به‌ئاسانی‌ تووشی‌ جۆره‌ها نه‌خۆشی‌ بێت‌و سه‌ره‌نجام مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر ژیانی‌ تووشبوو درووست ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌هۆكاره‌كانی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌و پارێزگایه‌، دكتۆر حه‌نتوش وتی‌: چه‌ند هۆكارێك له‌و رووه‌وه‌ هه‌ن، وه‌كو گه‌شتكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات‌و ئه‌نجامنه‌دانی‌ پشكنین له‌كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا‌و ئه‌نجامدانی‌ تاتۆ و كه‌ڵه‌شاخ.
شاری‌ ناسریه‌ سه‌نته‌ری‌ پارێزگای‌ زیقاره‌‌و ده‌كه‌وێته‌ خوارووی‌ عیراق.

سه‌رچاوه‌: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ته‌ندرووستی‌ پارێزگای‌ زیقار
وه‌رگێڕان‌و داڕشتنه‌وه‌ی‌: رێباز زه‌نگه‌نه‌

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو