شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د پیرۆزبایی‌ له‌ ( الانصات المرکزی ) ده‌كات

  2020-03-11 22:29      131 جار بینراوە        کۆمێنت
بڵاوكراوەی (الانصات المرکزی)

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی یادی(٢٧)ساڵەی دەرچوونی بڵاوكراوەی (الانصات المرکزی)، په‌یامێكی‌ پیرۆزبایی‌ ئاراسته‌ی‌ ستافی‌ بڵاوكراوه‌كه‌ كرد. كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی‌:

ساڵانێكه‌ نه‌ك هه‌ر ده‌سته‌بژێری سیاسی یه‌كێتی‌، به‌ڵكو خه‌ڵكانی‌ دیكه‌ش، له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ جوگرافیای‌ یه‌كێتی‌‌و ته‌نانه‌ت كوردستانیش، ئه‌نسات، وه‌ك به‌خششێكی‌ گرنگی‌ میدیایی ته‌ماشا ده‌كه‌ن‌و له‌رێگه‌ی‌ شرۆڤه‌ سیاسیی‌و ئابووری‌و زانستی‌و بواره‌كانی‌ تریشه‌وه‌، به‌دیوێكدا ئه‌وه‌ی‌ له‌جیهاندا رووده‌دات به‌كورد ئاشنا ده‌كه‌ن‌و ئه‌وه‌شی له‌كوردستان ده‌گوزه‌رێت، بۆ وه‌رگرانی‌ عه‌ره‌ب‌و ده‌سته‌بژێره‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ ده‌یگوازنه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌هه‌ڵوێست‌و دنیابینیه‌ راست‌و دروسته‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، كه‌ هه‌میشه‌ سیاسه‌تی‌ راست‌و دروستی‌ یه‌كێتی‌‌و رێ‌و رێبازه‌كه‌ی‌ مام جه‌لالی تێدا به‌یانده‌كرێت. ئیمڕۆش كه‌ یادی‌ تێپه‌ڕبوونی‌ بیست‌و شه‌ش ساڵه‌ به‌سه‌ر دامه‌زراندن‌و ده‌رچوونی‌ یه‌كه‌م ژماره‌یدا، پیرۆزباییه‌كی‌ گه‌رم له‌ سه‌رنووسه‌رو ته‌واوی‌ هه‌ڤاڵانی‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ میدیاییه‌ ده‌كه‌م‌و هیوادارم وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ تێكۆشانی‌ پیشه‌یی خۆیان له‌پێناو كورد‌و یه‌كێتی‌ به‌رده‌وام بن.
له‌راستیدا ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ میدیاییه‌، له‌زۆر بوارو ئاستی‌ جیاوازدا خۆی‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، به‌ڵام ده‌شێت به‌ڵگه‌ی‌ راست‌و دروستی سه‌نگ‌و نرخی‌ (ئه‌نسات) له‌و په‌ره‌گرافه‌ی‌ دوا لاپه‌ڕه‌دا خۆی‌ به‌یان بكات، كه‌ به‌ خه‌ت‌و ده‌ستی‌ رابه‌رمان (مام جه‌لال) نووسراوه‌و به‌ ئینجاز‌و ده‌ستكه‌وتێكی‌ گه‌وره‌ی‌ رۆژنامه‌نووسی ناویده‌بات‌و خۆشی‌ به‌ پاڵپشت‌و پشتیوان‌و لایه‌نگری ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ رۆژنامه‌نووسییه‌ له‌ قه‌ڵه‌مده‌دات، ئه‌وه‌ش نیشانی‌ ده‌دات كه‌ مامی‌ رابه‌ر نه‌ك وه‌ك گه‌وره‌و رابه‌ڕی‌ یه‌كێتییه‌كان به‌ڵكو ئه‌وده‌مه‌ی‌ سه‌رۆك كۆماری عێراقیش بووه‌، له‌ بایه‌خ‌و گرنگی‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ میدیاییه‌ تێگه‌یشتووه‌، كه‌ چه‌نده‌ له‌ شه‌قامی‌ عێراقی‌و ناو نوخبه‌ی‌ سیاسیدا رۆڵی‌ هه‌بووه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ ساڵانێكه‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان هیچ میدیایه‌كی‌ به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی نه‌ماوه‌.
ئه‌گه‌رچی وه‌ك به‌رپرسیاریه‌تی‌ له‌به‌رامبه‌ر رێنماییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ له‌پێناو خۆپاراستن له‌نه‌خۆشی كۆڕۆنا، ئه‌مساڵ یادی‌ ئه‌نسات ناكرێته‌وه‌، به‌ڵام جێی خۆیه‌تی‌ له‌و بۆنه‌یه‌دا پیرۆزباییه‌كی‌ گه‌رم له‌سه‌رنووسه‌رو ته‌واوی‌ هه‌ڤاڵانی‌ ئه‌نسات بكه‌ین‌و ئومێدی‌ ئه‌وه‌یان بۆ بخوازین كه‌ ساڵانی‌ داهاتوو، به‌ پشتیوانی‌ هه‌موو لایه‌ك ئه‌و به‌رهه‌م‌و ده‌ستكه‌وته‌ میدیاییه‌ گه‌شه‌ی‌ زیاتری‌ پێبده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر له‌ لوتكه‌دا بمێنێته‌وه‌.
جارێكی‌ تریش پیرۆزبایتان لێده‌كه‌م

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد 
١١-ئازاری -٢٠٢٠

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو