ژنه‌ تووشبووه‌كه‌ی‌ ناحیه‌ی‌ تازه‌ گیانی‌ له‌ده‌ست دا

  2020-03-25 01:41      491 جار بینراوە        کۆمێنت
ده‌بێت به‌ وردی‌ پشكنین بۆ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ بكریت

ئه‌و ژنه‌ی‌ له‌ ناحیه‌ی‌ تازه‌ی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ كه‌ركوك كه‌ تووشی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا بوو، ئه‌مشه‌و گیانی‌ له‌ده‌ستدا.
له‌و باره‌یه‌وه‌، ئیسماعیل جه‌باری‌ رۆژنامه‌نووس له‌شاری‌ كه‌ركوك، له‌لێدوانێكدا به‌ PUKNOWی‌ راگه‌یاند: ئه‌و  ژنه‌ی‌ ناحیه‌ی‌ تازه‌ كه‌ چه‌ند كاتژمێرێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌ركه‌وت تووشبووی‌ په‌تای‌ كۆرنایه‌، ئه‌مشه‌و گیانی له‌ده‌ستداوه‌.
ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌، كه‌مێك پێش ئێستا، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنیدا پێی‌ راگه‌یاندین: ژنه‌كه‌ ته‌مه‌نی‌ سه‌رووی‌ حه‌فتا ساڵه‌و سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ی‌ توركمانه‌‌و له‌ماوه‌ی‌ رۆژانی‌ رابردوودا هاتووچۆی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ كردووه‌و جگه‌ له‌و پزیشك‌و كارمه‌ندانه‌ی‌ ته‌ندرووستی‌ كه‌ به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵیدا هه‌بووه‌، تێكه‌ڵ به‌ كه‌سانێكی‌ زۆریش بووه‌‌و به‌شێكی‌ زۆر له‌ خزم و كه‌سه‌كانی سه‌ردانیان كردووه‌.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، شانه‌ی‌ قه‌یرانه‌كانی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ كۆپییه‌كی‌ بۆ PUKNOW نێردراوه‌، رایگه‌یاندووه‌  له‌ئێستاوه‌ رێگه‌نادرێت هیچ كه‌سێك له‌ ناحیه‌ی‌ تازه‌ بچێته‌ده‌ره‌وه‌ ، هه‌روه‌ك رێگه‌ش نادرێت كه‌سی‌ تر بچێته‌ ناو ناحیه‌كه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ پشكنین بۆ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ده‌كرێت.
له‌و به‌یاننامه‌دا هاتووه‌: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و ژنه‌ كوڕی‌ له‌ ریزه‌كانی‌ پۆلیس‌و حه‌شدی‌ شه‌عبیدا هه‌یه‌و به‌ركه‌وته‌ی‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانێكی‌ زۆردا هه‌بووه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ وردی‌ پشكنین بۆ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ بكریت.

ئاماده‌كردنی‌: رێباز زه‌نگه‌نه‌

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو