یەكێتیی و وەفدی هاوپەیمانی چاكسازی‌: پێویستە حكومەتی نوێ چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان بێت

  2018-10-15 14:42      258 جار بینراوە        کۆمێنت
كۆبونەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و وەفدی هاوپەیمانی چاكسازی‌و بنیاتنانەوە

ئەمرۆ15-10-2018 لەشاری سلێمانی لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی، وەفدی هاوپەیمانی چاكسازی‌و بنیاتنانەوە بەسەرۆكایەتی سەید عەممار حەكیم و وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتی كۆسرەت رەسول عەلی كۆبوونەوە. 

لەكۆبونەوەكەدا، گفتوگۆی وردو بەرپرسیارانە كرا لەبارەی دۆخی عیراق و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و بەشداری سەرجەم پێكهاتەكان و چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستوری هەمیشەیی عیراق.

هەردوولا كۆك بوون لەسەر ئامادەكردنی كارنامەی هەمەلایەنەی حكومەتی نوێی بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان‌و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی حوكمڕانی و پرۆسەی سیاسی، كە تێدا عیراق بەسەرجەم پێكهاتەكانیەوە بەهێزبێت.

كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەرێم و ناوەند گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، بەتایبەتی پرسی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان‌و جێبەجێكردنی مادەی 140 ی دەستورو چارەسەركردنی كێشەی نەوت‌و غاز و بودجە‌و پێشمەرگە بەپێی دەستوری هەمیشەیی عیراق.

لەكۆبونەوەكەدا، رۆڵی مێژوویی سەرۆك مام جەلال لەپێكەوەژیان و چارەسەركردنی ئاشتیانەی كێشەكان باسی لێوەكراو بەرز نرخێندرا، هەردوولایش جەختیان كردەوە لەپشتیوانیكردنی سەرۆك كۆماری نوێی عیراق و سەرۆكی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ  تێپەراندنی قەیران و كێشەكان و دەسپێكردنی قۆناغێكی نوێ‌ لەعیراق.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو