فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتيی سلێمانی دەستیپێكرد

  2017-11-04 12:43      50 جار بینراوە        کۆمێنت
بەشداربوانی فێستیڤاڵەکە

ئێوارەی ئەمڕۆ 1/10/2017، لەتەلاری هونەر لەشاری سلێمانی‌و بەدروشمی كەلتورێك بۆ پێكەوە ژیان، دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستیپێكرد.
لەدەستپێكیشدا، مەلا بەختیار، سەرۆكی فێستیڤاڵ، وتەیەكی پێشكەشكردو پاشان، خەڵاتی "كایا"ی فێستیڤاڵەكەی بە سەڵاحەدین دەمیرتاش بەخشی، كە نادر یەڵدرم بەنوێنەرایەتی بەڕێزیان وەریگرت.
ئەمەی خوارەوەش، دەقی وتەی مەلا بەختیار، سەرۆكی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سێلمانییە..

فێستیڤاڵتان باش...
بەدڵ، پیرۆزبایی سازدانی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی لەشاری سلێمانی‌و كوردستان دەكەم.
بەخێرهاتنی گەرمی یەكەیەكەی میوانەكان دەكەن، لەهەرلایەكەوە هاتوون، لەگۆی زەوی، هاتوون بۆ مەڵبەندێك، شارێك، پایتەختێك، كە شایەنی ئەوەیە، پێی بوترێت پایتەختی رووناكبیری. ببینن، ئەمە فێستیڤاڵەكەیەتی.
جێی خۆیەتی، رۆژی (26/9) واتا پێنج رۆژ لەمەوبەر، سینەماكارێكی پابەند بەكێشەی نەتەوەكەی‌و بەدیموكراسی، بەئازادی بەشەكانی كوردستان، لەسەنگەردا، ئەم سینەماكارە شۆڕشگێڕە گیانی بەختكرد، ئەویش (مەمەند ئاكسۆ)یە.

جێی خۆیەتی لێرە لەفێستیڤاڵ، سڵاو بۆ كێلە بەرزەكەی بنێرین. كە هەم لەسەنگەردا پێشمەرگە بوو، هەم لەبەهرەدا، سینەماكاری چارەنوسی نەتەوەیەكەیی‌و هونەر بوو.
ئامادەبوان!
سوپاس بۆ ئەو پێشەكییە، كە بەندەیان بەئێوە ناساند، كە لەخزمەتی سازدانی ئەم فیستیڤاڵەدا بووم. من لەیەكەمین فێستیڤاڵدا وتم: "تازە بناغەكە دانرا، بەڵێندەدەم، كە بەردەوام لەپشتیوانیاندا بم".
لەئێستاشەوە دەڵێم درۆ مەكەن،! یەك فلسی یەكێتیی نیشتمانیمان خەرج نەكردووە، هیچ كەسێك درۆ نەكات! هەقیقەت ئەوەیە ئەم فێستیڤاڵە بەهاوكاریی‌و سپۆنسەری دەیان سەرمایەداری نیتشمانپەروەری كوردپەروەریی هونەرپەروەریی شاری سلێمانی بەڕێوەچووە!
بەندە، رووم لەهەر یەكێكیان نابێ‌، كە ئیشم ئەوەبووە، نەیانوتووە نا..! چونكە وتمان: دووەمین فێستیڤاڵ بەشكۆمەندییەك‌و بەهرەمەندییەكی تر دەسازێ‌. لەكۆی دەروبەری (50) سەرمایەداری نیشتمانپەروەر، تەنها یەكێكیان كە نامەوێ‌ ناوی بهێنم، چڕوك بوو! ئێستا دەزانێ‌ كێیە! چڕوك بوو بەمانای وشە! ئەوەەی بەخشی، بای ئەوەنەبوو، كە خۆی لەشەوێكی داوەتە تایبەتەكانی خۆی سەرفی دەكات. لەبەرئەوە، بۆمان بەجێهێشت. بەڵام باقییەكەی جێگەی شانازین.
ئامادەبوان!
راستە ئێمە سیاسین‌و لەناو حزبەكەشماندا كادری سەركردایەتین، كۆنگرەكەش شەرەفی پلەیەكی پێداوین، بەڵام كاتێك ئەركێكی ئاوا روبەڕومان دەبێتەوە، پلەو پایە دەچێتە لاوە. خزمەتی هونەر، ئەدەب، وەرزش، رۆشنگەری، دوور لەعەقڵی تەسكی حزبایەتی، ئەمیش دەبێ‌ بە ئەركێكی نەتەوەیی‌و دیموكراسی. 
ئەگەر ئەم ئەركانە رانەپەڕێنین‌و ئێمەو مانان لەخزمەتی ئەم هەموو هونەرمەندە ئازیزانەدا نەبین، بێگومان دەبین بەسیاسەییەكی وشك‌و برینگ! ئەوكاتە بەسیاسەتی وشك‌و برینگ، نەك ناتوانین بەهرەكان بپشكوێنین‌و كاروانی شارستانی ‌و رۆشنگەریی گەشە پێبدەین، بەڵكو زیانیش دەگەیەنین. هەر خەریكی تەكەتول‌و فەیسبوك بازیی‌و شكاندنی ئەم‌و ئەو دەبین، كە ئەمانە هیچ نرخێكیان نییە. 
هەناسەیەكی یەك هونەرمەند لەم هۆڵە، هەموو ئەو ئاژاوەگێڕیی‌و قسە نابەجێیانە دەهێنێ‌، كە بەناوی سیاسەتەوە دەیكەن‌و هیچ پەیوەندییەكی بەسیاسەتەوە نییە. سیاسەت خەلاقییەتە، مۆڕاڵە، پابەندبوونە. بۆیە ئەوەی خەلاقییەت‌و مۆڕاڵی نەبێ‌ لەسیاسەتدا، بێگومان بازرگانی سیاسەتەو ئامادەیە بۆ بازرگانی خۆی هەموو شتێك بكات، بەڵام ئامادەنییە بۆ ئەم بوارە پڕ لەبەهرەو داهێنانە، ساتێكی خۆی ببەخشێت. بۆیە ئەوەی كە من كردووەمە، نەك پێچەوانەی سیاسەت‌و ئەركەكانی سیاسەت‌و پلەوپایەكەمان نییە، بەڵكو بەشێكی دانەبڕاوی ئەركی بەدیهێنانی شارستانییەتی سیاسەتە.
لەكۆتایدا دەمەوێ‌ تەنها سەرگوزشتەیەكی دنیای تێگەیشتنی ئێمە لەسیاسەت لەشاخەوە باس بكەم.
ئێمە لەشاخ بووین، پانزە ساڵ لەسەنگەر بووین، بەڵام دانەبڕابوین لەهونەر، لەشاخ شانۆگەریمان هەبوو، پێشانگەمان هەبوو، ناوبەناو كە هونەرمەندەكان دەهاتن پێشانگەیان دەكردوە. 
لەشاخ تیپی شەهید كارزانمان هەبوو، گۆرانی‌و سروودمان هەبوو. ئێستا كەلەپوری سروودەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، موچڕك بەلەشدا دەهێنن.
لەشاخ لەساڵی (1981) بەدواوە، ڤیدیۆیەكیشمان پەیدا كردوو، جار جار فیلمیشیمان بۆ كادرەكان لێدەدا، فیلمی سیاسی. 

شەوێكیان لەماڵی مام جەلال دەعوەت بووین، فیلمی عومەر موختار ئیشی كرد، فیلمی عومەر موختار، یۆڵ، زێت‌و كۆمەڵی لەفیلمە سیاسییەكانمان هەبوو. 

فیلمی عومەر موختار ئیشی كرد‌و هەموومان دانیشتبوین، مام جەلال هۆڵێكی بچوكی هەبوو. عومەر موختار پارتیزان بوو وەكو ئێمە، فیلمەكەشی كە ئەنتۆنی كوین تەمسیلی دەكات، فیلمێكی تابڵێی نایابە، لە گەرمەی شەڕەكاندا مام جەلال زۆر تەفاعولی دەكرد لەگەڵ فیلمەكە. عومەر موختار سەركردەی شۆڕشی مقاوەمەتی ئیتاڵیای داگیركەر بوو، ئیتاڵیای فاشی بوو، مام جەلال-یش رابەری گەورەمان بوو، لەشاخ بووین، لەشەڕدا بووین.
لەیەكێك لەگرتەكان، مام جەلال تەواو چووبووە ناو گرتەكانی فیلمەكەوەو ببوو بە بەشێك لەپارتیزانەكان‌و لەشەڕەكان.

لەیەكێك لەشەڕەكاندا ئیتاڵییەكان هێرش دەكەن، پارتیزانەكان پاشەكشە دەكەن، لەپردێك دەپەڕنەوە، مام جەلال هاواری كرد، وتی: دە پردەكە بتەقێننەوە، دە پردەكە بتەقێننەوە، خەتەرە. توابۆوە لەگەڵ ئازارەكانی گەلی لیبیای ئەو سەردەمە. بێگومان ئەو پردە كە نەتەقییەوە، هەڵەیە لەپارتیزانیدا، كە هێرشی رێكخراوت بۆ دێت، دەبێ‌ رێگەكانی هێرشی دوژمن ببڕیت. لە فیلمەكەدا ئەو پردە نەتەقێنرایەوە، بۆیە سوپا چووە ئەودیو پردەكەو لەو شەڕەدا عومەر موختاری سەركردەی لیبیا دەستگیركرا.

یەكێتیی هەمیشە بەدیدێكی شارستانی سەیری دنیامان كردووە‌و سینەماو هونەر لەلامان گرنگ بووە، یەك هونەرمەند نییە، هاتبێتە ریزی ئێمە، رێزمان نەگرتبێت‌و خزمەتمان نەكردبێت. لەشاریش هەروەها.

ئێستا كە بەردەوامین، ئەركمانە. زۆر سوپاس بۆ كۆمپانیای مەستی فیلم، كە ئەم شەرەفەیان بەمن بەخشی وەكو مەلا بەختیار، لەخزمەتیاندا بم‌و ئەم جەمعەی كە ئێستا لێرەیە‌و ئەو هەموو میوانە ئازیزەی كە لێرەن، دەیسەلمێنێ‌ كە فێستیڤاڵ سەركەوتووە.

دڵنیاتان دەكەم، هەتا كۆمپانیای مەستی فیلم پێویستی بە بەندە هەبێ‌، هەر لەخزمەتیاندام، چاوی هەمووتان ماچ دەكەین. بەخێربێن هەموو ئەوانەی كە فلیمەكانیان دەرچووەو نمایش دەكرێن، بێگومان ئەوە پەیوەندی بەلیژنەی هەڵسەنگاندنەوە هەیەو پەیوەندی بەكەسی ترەوە نییە، ئەوانەشی كە فیلمەكانیان دەرنەچووە زۆرە، كەزیاتر لەنۆ هەزار فیلم بۆ فێستیڤاڵ هاتووە. فێستیڤاڵیش دوا وێستگەی خزمەتی داهێنان‌و نییە، بەڵكو یەكێكە لەئەزمونەكان.
چاوتان ماچ دەكەم، هەموولایەكتان بەخێربێن‌و زۆر سوپاس بۆ هەمووتان.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو