نەخۆشی شەكرەو خۆپاراستن لێی

  2018-12-15 13:05      447 جار بینراوە        کۆمێنت
نەخۆشی شەكرە

نەخۆشی‌ شەكرە: بریتییە لەبەرزبونەوەی‌ ئاستی‌ رێژەی‌ شەكر بۆ سەروو رێژەی‌ ئاسایی‌ لەخوێندا، كە لەئەنجامی‌ كەمیی‌ یا نەبوونی‌ دەردانی‌ هۆڕمۆنی‌ ئینسۆلین لەخوێندا روودەدات.

هۆڕمۆنی‌ ئینسۆلین: یەكێكە لەو هۆڕمۆنانەی‌، كە لەخانەكانی‌ بێتای‌ پەنكریاسەوە دەردەدرێت و كاری‌ رێكخستنی‌ زیندە چالاكی (مێتابۆلیزم) ی‌ خۆراك لەناو لەشی‌ مرۆڤدا دەكات، ئاستی‌ سروشتیی‌ و هاوسەنگیی‌ رێژەی‌ شەكرو چەوریی‌ لەناو خوێندا رادەگرێت.

هۆكاری‌ بۆماوەیی، هەوكردنی‌ ڤایرۆسیی‌ و تێكچوون لەسیستمی‌ بەرگریی‌ لەش فاكتەرن بۆ تووشبوون بەنەخۆشیی‌ شەكرە.

نەخۆشیی‌ شەكرە بەشێوەیەكی‌ گشتی دوو جۆری‌ سەرەكین:

 هەندێك جۆری‌ تری‌ نەخۆشیی‌ شەكرە هەن وەكو: نەخۆشیی‌ شەكرە لە ژنی‌ دووگیاندا و نەخۆشیی‌ شەكرەی‌ منداڵ.

هۆكارە یارمەتیدەرەكانی‌ تووشبوون بەنەخۆشیی‌ شەكرە:

 بوونی‌ شەكرە لە مێژووی‌ خێزاندا، قەڵەویی‌، تووشبون بە نەخۆشیی‌ شەكرە لەئافرەتی‌ دووگیاندا، بەرزەپەستانی‌ خوێن و بەرزە چەوریی‌ خوێن.

نیشانەكانی‌ نەخۆشیی‌ شەكرە:

 بەشێوەیەكی‌ گشتیی‌ نیشانەكانی‌ نەخۆشیی‌ شەكرە بەم جۆرەی‌ خوارەوەیە:

1- هەستكردن بە تینوێتی‌ زۆر: جگە لەوشكبوونی‌ دەم و قوڕگ و ئاوخواردنەوەی‌ زۆر نەخۆش زوو زوو میز دەكات و بڕی‌ میزەكەی‌ زۆر دەبێت.

2- هەستكردن بەبێتاقەتیی‌ گشتی و هیلاكبوونی‌ جەستەیی: پاش كاركردنێكی‌ كەم و هەندێ‌ جار لەكاتی‌ پشووشدا.

3- زۆر دابەزینی‌ كێشی‌ لەش بەبەردەوامی‌: هەرچەندە نەخۆش خۆی‌ ئارەزووی‌ خۆراك خواردنی‌ زۆر دەبێت.

4- زوو زوو تووشبوون بەنەخۆشیی‌: وەكو هەڵامەت، هەوكردنی‌ پێست و دومەڵ.

5- لەدایكبوونی‌ منداڵی‌ قەبارە گەورە: لەژنی‌ دووگیانی‌ بەنەخۆشیی‌ شەكرە تووشبوو.

6- شەكرەی‌ شاراوە: لەوانەیە لەئەنجامی‌ هەندێك هۆكاری‌ وەكو هەوكردنی‌ جۆراوجۆر، نەشتەرگەریی‌، شپرزەیی دەروونیی‌ و سكپڕبوون شەكرە لەسەرەتادا شاراوەبێ‌ و دەرنەكەوێ‌ پاشان بۆ ماوەیەكی‌ كورتخایەن دەربكەوێت.

7- هێندێك نیشانە پەیوەندیان بە ئاكامە خراپەكانی‌ نەخۆشیی‌ شەكرەوە هەیە وەكو، تووشبونی‌ تۆڕی‌ چاو، هەوكردنی‌ گورچیلە، رەشبوونەوەی‌ پەنجەی‌ پێ‌ و بێهۆشیی‌.

ئاكامە خراپەكانی‌ نەخۆشیی‌ شەكرە:نەخۆشیی‌ شەكرە ناسراوە بەوەی‌ كە كاریگەریەكی‌ خراپی‌ بۆ بۆرییەكانی‌ خوێنی‌ لەش هەیە، لەبەر ئەوە زۆربەی‌ ئۆرگانەكانی‌ لەش لەوانەیە بەر هەڕەشەی‌ نەخۆشیی‌ شەكرە بكەوێت.

نەخۆشیی‌ شەكرە بریتیە لەمانەی‌ خوارەوە:

 1. كاریگەریی‌ نەخۆشیی‌ شەكرە بۆ چاو: هەرچەندە ئێستا چارەسەری‌ گونجاو هەیە بۆ ئەم گرفتە بەڵام هۆكارێكی‌ سەرەكییە بۆ لەدەستدانی‌ بنین.

- نەخۆشیی‌ شەكرە خراپ كار دەكاتەسەر خوێنبەرە وردەكانی‌ چاوو دەبێتەهۆی‌ تووشبوونی‌ تۆڕی‌ چاو.

- نەخۆشییەكانی‌ چاو بەترسناكترین ئاڵۆزییەكانی‌ نەخۆشیی‌ شەكرە دادەنرێت و رێژەی‌ تووشبوونی‌ چاو لەنەخۆشی‌ شەكرەدا لەو كەسانەی‌ كە تووشی‌ نەخۆشی‌ شەكرە نەبوون زۆر بەرزترە.

- نەخۆشیی‌ شەكرە هۆكاری‌ سەرەكییە بۆ تووشبوونی‌ نەخۆشییەكانی تۆڕی‌ چاو كە رەنگەببێتەهۆی‌ لەدەستدانی‌ بینین.

پێویستە نەخۆش ڕێنماییەكانی‌ پزیشك كە لەخوارەوە روونكراونەتەوە جێبەجێ‌ بكات:

 - پێویستە بەبەرنامە پشكنینی‌ چاو بۆ زانینی‌ كاریگەریی‌ نەخۆشییەكە بكرێت.

- پێویستە ئاستی‌ شەكری‌ خوێن لەسروشتییدا بپارێزرێت.

- كۆنترۆڵكردن و رێكخستنی‌ بەرزەپەستانی‌ خوێن لەئاستی‌ سروشتییدا.

- رێكخستنی‌ ئاستی‌ چەوریی‌ خوێن لەڕێژەی‌ ئاسایی خۆیدا.

- وازهێنان لەجگەرەكێشان ئەگەر نەخۆش جگەرەكێش بێت.

- دووركەتنەوە بەپێی‌ توانا لەهەوكردنی‌ چاوو چارەسەركردنی‌ بەزووترین كات لەلایەن پزیشكی‌ پسپۆڕی‌ چاو.

- چارەسەركردنی‌ بەپەلەی‌ ئاوی‌ سپی‌ و تۆڕی‌ چاو.

2. تەسكبوونەوەی‌ بۆرییەكانی‌ خوێنی‌ دڵ: كە دەبێتەهۆی‌ تووشبوون بەنەخۆشی‌ سنگەدڕێ‌ و جەڵدەی‌ دڵ.

3. هەوكردنی‌ گورچیلەو دەركەوتنی‌ پڕۆتین لەمیزدا.

4. پەیدابوونی‌ جەڵدەی‌ مێشك: لەئەنجامی‌ تەسكبوونەوەی‌ بۆرییە خوێنەكانی‌ مێشك.

5. زۆربوونی‌ ترشەڵۆكیی‌ خوێن و تەنی‌ كیتۆن لەخوێن و میزدا: لەجۆری‌ یەكەمی‌ نەخۆشیی‌ شەكرەدا زۆرتر دەردەكەوێت.

6. لەهۆشخۆچوون.

7. دابەزینی‌ ئاستی‌ شەكری‌ خوێن: دەبێتە هۆی‌ پەیدابوونی‌ بێتاقەتیی‌ و ئارەقكردنەوەی‌ ساردو هەندێ‌ جاریش پەركەم كە زۆرتر لەجۆری‌ یەكەمی‌ شەكرەدا دەبینرێت كاتێك كە نەخۆش دەرزی‌ ئینسۆلین وەردەگرێت و بڕی كەم خۆراك دەخوات.

ناسینەوەی‌ نەخۆشی‌ شەكرە:

 1- دەركەوتنی‌ نیشانەكان.
2- دەركەوتنی‌ گلوكۆز و كیتۆن لە میزدا: بە ئاسایی‌ گلوكۆز و كیتۆن لە میزدا نابینرێن.
3- پشكنینی‌ خوێن كە بە سێ‌ شێوە جێ‌ بەجێ‌ دەكرێت:
*  پشكنینی‌ هەڕەمەكی‌ خوێن.
*  پشكنینی‌ ناشتای‌ خوێن.
*  تێستی‌ توانای‌ هەڵگرتنی‌ گلوكۆز بەڕێگەی‌ دەم.

چارەسەركردنی‌ نەخۆشیی‌ شەكرە:

 ئامانج لەچارەسەركردنی‌ نەخۆشی‌ شەكرە، بریتیە لەبەدیهێنانی‌ زیندەپاڵی‌ ئاسایی و سروشتی‌ بۆ ئەوەی‌ نەخۆش بتوانێ‌ بەتەواوەتی‌ ژیانی‌ ئاسایی خۆی‌ بەسەر بەرێت و دوور بێت لەئاكامە خراپەكانی‌ نەخۆشی شەكرە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو