نەخۆشی داخورانی ئەژنۆ ( سەوەفانی ئەژنۆ )

  2019-01-12 12:40      291 جار بینراوە        کۆمێنت
ئامۆژگاری و چارەسەری سەوەفانی ئەژنۆ

‎نەخۆشی سەوەفانی ئەژنۆ یەكێكە لەبەربڵاوترین نەخۆشیە روماتیزمیەكان، باشترین شت لەچارەسەری ئەم نەخۆشیەدا گۆڕینی هەندێ خوو و شێوازی ژیانی توشبووەكەیە.

گرنگترین ئامۆژگاریاییەكان:

 1- كەمكردنەوەی كێشی لەش زۆگرنگە بەشێوەیەك  كەمكردنەوەی یەك كیلۆغرام لەكێشی لەش بەگشتی بەئەندازەی 4 كیلۆ غرام كێش لەسەر جومگەی ئەژنۆ كەم دەكاتەوە.

2- وەرزش كردن بەشێوەیەكی رێك و پێك یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی كێشی لەش و بەهێزكردنی ماسولكەكانی قاچ، بەمەش ئازاری ئەژنۆكانی كەم دەبێتەوە، بەڵام پێویستە كەسی توشبوو خۆی بپارێزێت لەو یاریانەی بەرزكردنەوەی قورسایی و بەركەوتنی تێدایە وەكو راكردن و تۆپانێ و بازدان.

3- خۆپاراستن لەپێوە وەستان بۆ ماوەیەكی درێژ، پێویستە توشبوو ماوە بەماوە دابنیشێت تاوەكو جومكەی ئەژنۆكانی هیلاك نەبن.

4- خۆپاراستن لەسەركەوتن و دابەزین بەقادرمەو هەورازو نشێویدا بۆ ماوەیەكی درێژ.

5- دوركەوتنەوە لەدانیشتن لەسەر زەوی بەهەموو شێوەكانیەوە بەگشتی و بەشێوەی چوارمەشقی و هەڵچیچكان بەتایبەتی بۆ كەمكردنەوەی لێكخشانی كڕكڕاگەی ئەژنۆكان، بۆیە پێویستە توشبوو بۆ دانیشتن و نان خواردن و نوێژ كورسی بەكار بهێنێت، بۆ چونە سەر ئاو كورسی یا تەوالێتی عەربی بەكار بهێنێت، بۆ خەوتن قەلەوێرە یان بێد بەكار بهێنێت.

6- بەكارهێنانی پێڵاوی نەرم و تووبی بەریەككەوتن و پاڵەپەستۆ لەنێوان كڕكڕاگەكانی ئەژنۆی كەم دەكاتەوە.

چارەسەری دەرمانی:

 1- بەكارهێنانی دەرمانی دژە هەوكردن و دژە ئازار كە یارمەتی نەخۆش دەدەن بەبێ ئازار كاروباری رۆژانەی ئەنجام بدات، پێویستە پزیشكی پسپۆڕی ئەو بوارە جۆری ئەو دەرمانەت بۆ دیاری بكات، چونكە بەكارهێنانی ئەو دەرمانانە بەبێ راوێژی پزیشك لەوانەیە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بەهەندێ ئەندامی تری جەستە.

2- بەكار هێنانی دەرزی دژە هەوكردنی ستیڕۆیدی بۆ هەندێ حاڵەت كە ئیلتیهابێكی زۆر لەناو جومگەكەدا بوونی هەبێت.

3- بەكارهێنانی دەرزی لینجی بۆ جومگە زۆر بەسوودە بۆ هەندێ حاڵەتی سەوەفان كە پزیشكی پسپۆڕ دیاری دەكات، ئەم دەرمانە لێكخشانی نێوان كڕكڕاگەكانی ئەژنۆ كەم دەكاتەوە بۆ ماوەیەكی باش وە هەروەها دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی خێرایی داخورانی جومگەكان.

4- بەكار هێنانی دەرزی پلازمای خوێن كە بەشێوەیەكی تایبەت ئامادە دەكرێت، ئەم جۆرە دەرزییە لەخوێنی كەسی توشبوو ئامادە دەكرێت بەبێ بەكار هێنانی دەرمانی كیمیایی و یارمەتیدەر دەبێت بۆ چاكبونەوەی بەشێكی داخورانی جومگەكان.

5- لەكۆتاییدا گەر كەسی توشبوو لەقۆناغی پێشكەوتووی داخورانی جومگەی ئەژنۆدا بوو وە هیچ سودێكی لەو چارەسەرانەی سەرەوە نەبینی پەنا دەبرێتە بەر نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەكان.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو