راگەیاندراوی لیژنەی باڵای یادی رۆژی شەهیدی یەكێتی

  2017-11-20 21:02      642 جار بینراوە        کۆمێنت


لیژنەی باڵای یادی رۆژی شەهیدی یەكێتی را\ەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەكردووە كە بەهۆی ئەم رەوشە نالەبارەوە هیچ چالاكییەكی مەركەزی ئەنجامنادرێت، بەڵام هەموو لایەك سەربەستن لەوەی چۆن یادەكە دەكەنەوە.

ئەمەش دەقی راگەیەندراوەكەیە:



راگەیاندراوی لیژنەی باڵای یادی رۆژی شەهیدی یەكێتی

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
جەماوەری دڵسۆزی یەكێتی

  چل‌و یەك ساڵ لەمەوبەرو لەڕۆژێكی دڵتەنگی وەك ئەمڕۆدا، لەكاتێكدا هێشتا سەرەتای دەستپێكردنی خەباتی یەكێتی‌و شۆڕشی نوێ بوو، (شیهابی شێخ نوری، جەعفەر عەبدولواحید‌و ئەنوەر زۆراب)، وەكو یەكەمین تاقیكردنەوەی سەر قافڵەی نەمری، بەبێ سڵەمینەوە چوونە بەردەم پەتی سێدارەی بەعسیە فاشیەكان‌و وانەی "كەم ژیان، كەڵ ژیان"یان داهێنا‌، شەهیدبوونیشان گیانی بەرگری‌و كوردایەتیان زیاتر بەرز كردەوە.

 لەو ڕۆژەوە تائێستا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كاروانی شەهیدەكانی، كاروانێكی بێكۆتاییە‌و ڕۆژ‌و شوێن‌و سەنگەر‌و وێستگە‌و قۆناغێكی كوردایەتی نیە، پێشمەرگە‌و تێكۆشەرانی یەكێتی خوێنی تێدا نەرژابێت، زیندان‌و جەلاد‌و پەتی سێدارە نەماوە، شاهیدی  قارەمانێتی یەكێتیەكان نەبووبێت.

 یەكێتی حزبی بیست هەزار شەهیدی سەنگەرو سێدارەیە، سەرەتای كاروانی شەهیدانی یەكێتی لە (1976) دەستی پێكرد‌و دوایین سەروەرانی ئەم كاروانەش، سەدان شەهیدی بەگژاچوونەوەی تیرۆریستانی داعش‌و بەرگریی بوون لە كەركوك‌و ناوچە دابرێنراوەكانی كوردستان.

  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەموو شەهیدانی رێگای ڕزگاری كوردستان، بەبێ جیاوازی بەشەهیدی كوردستان دەزانێ، لەم ڕۆژەدا لەئاست كێڵی پیرۆزی گڵكۆكانیان، سەر دادەنەوێنین‌و سڵاویش بۆ كەسوكار سەربەرزەكانیان دەنێرین. یەكێتییەك ئەمە مێژووی خەبات‌و قوربانیەكانی بێ‌، دیارە هەقی خۆشیەتی ڕۆژێك بۆ یادی شەهیدەكانی تەرخان بكات، كە ئەویش (21/11/1976)ە، ڕۆژی لەسێدارەدانی شەهیدانی سەركردە (خاڵە شیهاب‌و جەعفەر عەبدولواحید‌و ئەنوەر زۆراب)ە. هاوكات، یادی هەموو شەهیدێكە لەپێناوی رزگاریی‌و دیموكراسی‌و دادپەروەریدا.

  ئەمساڵ لەهەلومەرجێكی دژوارو هەستیاردا، یادی رۆژی شەهیدی یەكێتی دەكەینەوە، بەداخەوە بەشی زۆری ئەو ئامانجانەی شەهیدەكانمان گیانی خۆیان لەپێناویدا بەخشی، بەدینەهاتوون، بەشێك لەوانەشی بەدیهاتوون لەبەردەم هەڕەشەدان. بەغداد پابەندی دەستورو رێكەوتنەكان نەبووە. هێزە كوردستانییەكانیش لێكترازاون. ناوچەكەش لەبەردەم مەترسی رێكەوتن دایە، كە مافە دیموكراسییەكانی ناوچەكەو گەلان كەمتر لەبەرچاو بگیرێن!!
 لەئاستی كوردستاندا، باشترین ئەمەكداری بۆ شەهیدەكانمان، یەكریزی نیشتمانی‌و چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان‌و بنەبڕكردنی گەندەڵی‌و چەسپاندنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی‌و سەروەری یاسا‌و بەدامەزراوەیی كردنی حوكمڕانی‌و خۆشگوزەرانی‌و ئاوەدانكردنەوەی زیاتری كوردستانە.

  بۆ یەكێتی-یش، پێویستە وەفاداری بۆ شەهیدان‌و پابەندبوون بەرێبازی مام جەلال‌و درێژەدان بەرێگاو رێبازیان، بەكردەوە بكرێ، لەپێشەوەیانەوە پاراستنی "یەكێتی ناو یەكێتی"‌و "چەپكە گوڵەكەی مام جەلال"‌و لەدەستنەدانی شەرعیەتی پەیڕەو و پرۆگرام‌و سازدانەوەی یەكێتی بۆ راپەراندنی ئەركە نیشتمانیی‌و دیموكراسیەكانی‌و نوێ كردنەوەی ژیانی رێكخراوەیی یەكێتی، بەرەو كۆنگرەیەكی هەڤاڵانەی راستەقینە.

  ئەمساڵ بەهۆی بارودۆخی ناهەموارو ئەو نەهامەتیانەی لەئارادان، بەداوای لێبوردنەوە، چالاكی مەركەزی‌و رێكخراو ئەنجام نادرێ، هەموولایەكیش سەربەستن چۆن ئەم یادە پیرۆزە دەكەنەوە. یادو بیروەری‌و خۆنەویستی شەهیدان، هەمیشە لەدڵ‌و ویژدانماندا زیندووە، درێژەپێدەری رێگاو رێبازیان دەبین.

سڵاو لە سەرۆك مام جەلال رابەری شۆڕشی نوێ‌و سەركردەی هەمیشە نەمرمان...
نەمری بۆ شەهیدانی یەكێتی‌و شەهیدانی كورد و كوردستان...
سڵاو لەكەسوكاری سەربەرزی شەهیدان...
سڵاو لەپێشمەرگە كۆڵنەدەرەكان..
لیژنەی باڵای یادی رۆژی شەهیدی یەكێتی
21/11/2017
 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو