له‌یادی شه‌هیدكردنی هه‌ڵۆكه‌ی شۆڕشی نوێدا

  2019-01-24 12:41      446 جار بینراوە        کۆمێنت

لەڕۆژانی دوای هەرەس، هێزی پێشمەرگە پەرتەوازەكرا، ئەمن و ئیستخبارات و هێزەكانی سوپا‌ی عیراق گەیشتنە هەمووبستێكی كوردستان، گوندەكانی سەرسنووری عیراق-ئێران- توركیا رووخێنران، ترس، گومان، دڵەڕاوكێ، بێسەرو شوێنكردن ئاسایی بوو رەفیق حیزبی وپیاوانی رژێم لەكوردستاندا، تەراتێنیان دەكرد.
ئالەو رۆژانەدا لەسنووری جەباری و هەمەوەند و قەرەحەسەن  تاجەبەل حەمرین كەرتی چواری جەباری، بووركانی شۆڕش بوو، بەداستانەكانیان ئەوەندە بەهای پارتیزانانەیان رەوشتی باڵای پێشمەرگانەبوو لەترسا بە مامە ریشەیان دەوت (الرجل الحدیدی).
تیپی57-ی سەرگرمە
سنورێكی بەربڵاو فراوانی لە ناوچەكانی كەركوكەوە تاسلێمانی دەگرتەوە، سنورەكەی لكابوو بەچەند جادەی قیری سەرەكی جموجۆڵی سوپای عیراقەوە، لای رژێم ناوچەیەكی ستراتیژی گرنگ بوو، بۆ پاراستنی شاری كەركوك و بارەگای فەیلەقی یەك و بیرە نەوتەكان.
57 یەكێك بوو لە تیپە چالاكەكان، پێشمەرگەو فەرماندەی (مەفرەزەو كەرت و تیپەكەی) شەو و رۆژیان دەخستە سەریەك بۆ ئەوەی گورزی كاریگەر لە دوژمن بدەن.
مامەڕیشەی فەرماندەی كەرتی چواری جەباری، خۆی و پێشمەرگەی كەرتەكەیان  لەهەرە  فەرماندەو كەرتە چالاكەكان بوو،ئەم كەرتە لەهەر قۆڵێكەوە بەشداری هەر چالاكیەكیان بكردایە  سەركەوتنیان مسۆگەربوو، لێپرسراوانی سوپای عیراق  زۆر لە مامەڕیشە وكەرتی چواری جەباری دەترسان، لەسنووری توانای خۆیان  ئازاترو بەتواناترو  بەدەست و بردتر بوون، بە ئەفسانەیەكی تێڕامان، چەندان  سەر گوزشتەو چیرۆكی فەنتازیای واقعی یان لەسەر دەگێڕنەوە.
گەڕەكی حوڕییە
رژێم بەپێی بەرنامەیەكی نەخشە بۆ كێشراو، پرۆسە تەعریب و تەبعیس لە نێو گوندەكان جێبەجێ دەكرد، ماڵە عەرەبە خێلەكییەكانی خواروی عیراق بە مەڕو ماڵاتەوە  روویان دەكردە پاوان و باخ و باخاتی  بەزۆر داگیریان دەكرد و نەدەگەڕانەوە، ئەوكاتانە چەند ماڵە عەرەبێك لەنزیك گەرەكی(حوڕییە)ی كەركوك نیشتەجێ بوون، بەرۆژ ماڵە كوردەكانیان لە ماڵ وكێڵگەكانی خۆیاندا بێزار كردبوو، زۆرجار ئازاری خەڵكەكەشیان دەدا، لەمانگی مایسی 1982 مەفرەزەیەكی كەرتی چواری جەباری بەفەرماندەیی مامەڕیشە، رێگایەكی دوورو پڕ مەترسیان بڕی تاگەیشتنە نزیك گەڕەكی حوڕییە، لەوێ چەند ماڵە عەرەبێكیان بینی، هەموویان چەكداربوون لە دەوروبەری ماڵەكانیان  سەنگەریان دروستكردبوو، پاسەوانی خۆیان دەكرد، پێشمەرگەكان هێرشیان كردە سەریان، چەكدارەكان بەرگری پێشمەرگەكانیان پێ نەكرا، دوانیان لێ كوژرا، ئەوانیتر بەرەو كەركوك هەڵاتن، دەوارو ئۆتۆمبیل وماڵاتەكانیان بەجێهێشت، پێشمەرگەكان تراكتۆرێك و پیكابێكیان دەستكەوت، دەوارەكانیان سووتاند و تەنیا یەك دەواریان هێشتەوە بۆ ئەوەی ئەو بەرخانەی بەجێ مابوون نەسوتێنن، ئینجا گەڕانەوە.
مامەڕیشەو حەمەڕەش
رژێمی تۆتالیتاری عیراق بەهۆی چالاكی زۆری پێشمەرگەوە، رەبایەیەكی زۆری لەسەر جادە قیرە گشتییەكان دانا، بۆئەوەی بتوانن ئەو جادانەیان بۆ بپارێزێت، هێزەكانیان هاتوچۆی تێدا بكات، لەمانگی تەمووزی 1982یەكەمین رەبایەی سوپای عیراق بەفەرماندەیی مامەڕیشە لەسەر جادەی گشتی چەمچەماڵ-قەرەهەنجیر لەنزیك گوندی باشبڵاخ ،گیرا، تەنیا یەك سەرباز كوژرا، ئەوانی تر رایانكرد، تەنها یەك كلاشینكۆف یان دەسكەوت، دواتر حەمە رەش جێگیری فەرماندەی  كەرتی 3ی هەمەوەند، رەبایەكی لەكەڵە رەش-ی سەر رێگای (چەمچەماڵ-سەنگاو)گرت، (15)پارچە چەكی تێدا گیرا، 
شەهید فاتیح سەنگاوی یەكێك بوولەو پێشمەرگە لێهاتوانەی لەو هەڵمەتەدا لوولەی چەكی یەكێك لەسەربازەكانی بە دەست گرتبوو، لەوكاتەدا سەربازەكە دەست رێژی لێدەكرد.
دوای چەند رۆژێك جارێكی تر مامەڕیشە رەبایەیەكی تری دەستنیشان كردبوو لەنێوان(سەنگاو وچەمچەماڵ) لەنزیك گوندی قەرەتاموور بەئەزمونێكی ترەوە، هێرشیان كردە سەر رەبایەكە، هەرچەندە سەربازەكان خۆیان بەدەستەوە نەدەداو بەرگرییان دەكرد، 3یان كوژراو 7یان بەدیل گیران، دەسكەوتەكان (5)كلاشینكۆف و (4)سەمینۆف بوو، دوای ئەم چالاكیانە، رژێم  دەورو بەری رەبایەكانی بە تەلبەند و ئەلغام دەگرت.
ئەندازیازە یوغسلافیەكان
رژێمی عیراق، هەموو گوندەكانی سەرجادەی گشتی (كەركەك، لەیلان، قادركەرەم)ی  بە جەیشی شەعبی‌ تەنیبوو، سەعات 10ی شەوی نیسانی1982 ئەوكاتە مامەڕیشە فەرماندەی مەفرەزەبوو،لەگەڵ پێشمەرگەكاندا چونە سەر كارگەی چیمەنتۆی لەیلان كەجەیشی  شەعبی‌ پاسەوانی دەكرد، مامەریشەو خەباتە بچكۆل و موحسین B K Cو مەلا ئەحمەد و دووپێشمەرگەی تر خۆیان گەیاندە ناو قوڵایی كارگەكەوە، ‎لەپێشمەرگەكانی تر دابران، ئەو كاتە ئەندازیاری یوغسلافی و پۆڵۆنیانی سەرپەرشتی كاركردنی ئەو كارگەیان دەكرد، دوو ئەندازیاری یوغسلافیان دەستگیر كرد، لەناكاو چواردەوری مامە ریشەو هاوڕێكانی گیرا، رووبەرووی شەڕێكی دەستەو یەخە بوونەوە، بۆ ماوەی (40)دەقیقە ئابلوقە دران، خەباتە بچكۆل ئابڵوقەكەی شكاند و دەرچوو، دواتر هاوڕێكانیشی لەوتەوقە رزگار كرد، فیشەكێك باڵی مامەڕیشەی تیخ كردبوو، دواتر مامەڕیشەو پێشمەرگەكان بە ئەندازیارەكانەوە لەكارگە دەرچوون روویان كردە كەوەڵەی سەر بە ناحیەی قەرەحەسەن، لەڕێگا ئەندازیارێكیان وای زانی بوو مافیان، بەمامەڕیشەی وت: (گەرپارەت دەوێت بابگەڕێینەوە، چەند پارەت دەوێت لە لێپرسراوەكەمان بۆتان وەردەگرین).
رەئوف مستەفا ناسراو بە لالۆ یەكێك بوو لەپێشمەرگەكان كاتێك خۆی لەتەك یوغسلافیەكان دا كاری كردبوو،كەمێك لەقسەكانیان دەگەیشت،گوێی لەداوای یەكێك لە ئەندازیارەكان گرت، (داوای مەشرووب و گۆشتی برژاویان دەكرد).
هەر ئەوشەوە گەیشتنە خاڵو بازیانی بۆ ئێوارەی 11نیسانی1982 مامەڕیشە، موحسن، رێبوار زەنگەنە، سەركەوت شێخ جیری، رەئوف مستەفا، ئەبوعەلی كاكەی و چەند پێشمەرگەیەكی تر بۆسەرەكیان  لەسەر جادەی گشتی قەرەهەنجیر كەركوك دانا، قافڵەیەكی سەربازی كەپێك هاتبوو لە5 ئیڤای پڕ لەسەرباز و ناقیلەیەك كەوتنە ناو بۆسەكەوە دوو سەعات شەر بەردەوام بوو ناقیلەكە بەخێرای بەرەروڕووی مامەڕیشە دەرچوو، ئەویش بەپێوە بە قەناسەكەی مشتی لێگرت گولەیەكی لەجامەكەوە نا بەسەری شۆفێرەكەو كوژرا، ناقیلەكە وەرگەرا، چەند سەربازێك كوژرا.
ئابڵوقەكەی ناوچەمچەماڵ
لە 8-6-1983 كەرتی 4-ی جەباری لەگەندی چۆڵمەك دەبن، هەواڵ بە مامەریشە گەیشت، سێ پێشمەرگە لە ماڵێكدا لە ناو چەمچەماڵدا ئابڵوقە دراون،  سوپای عیراق و جاش و كۆپتەر بەبەردەوامی ئاگربارانیان دەكەن، بەڵام ئەوان بەرگری كەم وێنەیان كرد و خۆیان نە دەدا بەدەستەوە، سێ جاشیان كوشت، چەند جاشێكیان برینداركرد، سەعات 9 ی بەیانیی تاسێ و نیوی ئێوارە بەرگریان كردبوو، مامەریشە بەپێشمەرگەكانی ووت:(ئادەی كوڕینە باخۆمان بگەیەنینە ناوچەمچەماڵ و فریایان بكەوین و رزگاریان بكەین).
شەوەكەی مامەریشەو پێشمەرگەكان خۆیان گەیاندە ناو چەمچەماڵ، شەڕەكە تەواو ببوو، ئەم سێ پێشمەرگەیە (محەمەد نادری برای عادل نادر، بەكر تۆفیق باڕۆیی، مەجید قادر فەتاح ناسراو بە سۆران)، مامە ریشە وتبووی مادەم دوژمن ئاوا دڕندانە  ئەو سێ پێشمەرگەمانی شەهید كردووە، باتۆڵەیان بكەینەوە، هەر ئەوشەوە بەفردەباری دنیا زۆر ساردبوو بە R B G-ی جاشەكانی چەمچەماڵی لای خانووی مەلاكان داگرتەوە، دواتر گەڕانەوە بۆ چۆڵمەك.
ئێستا لێرەبوون كوێڕا ونبوون
ساڵی 1983مامەڕیشەو چوارپێشمەرگەكەی كەرتی4ی جەباری  یەكێكیان بەختاربوو لەخۆشەویستیدا پێیان دەوت: بەخە بچكۆل سواری ئۆتۆمبێلێكی بەرازیلی دەبن، بەرەو جادەی قەرەهەنجیر دەكەونە رێ، دواتر لەجادەی قەرەوەیسەوە بەرەو دێی زەردەی جەباری دەڕۆن، مەقەرێكی كەورەی جەیشی شەعبی‌ لەئاوایی زەردە  لەسەر جادەی قادركەرەم-كەركوك لەسەر گوندەكەوە دانرابوون، بەدرێژای جادەی قادركەرەم-كەركوك مەقەری جەیشی شەعبی‌  دانرابوون، مامە ریشەو هاوڕێكانی لە زەردە  دەردەچن، بەنیازبوون بەرەو لەیلان بكەونەڕێ، رەبایەكەی خوارئاوایی هەر كەمامەڕیشە و ئەوان ئەبینن، دەزانن بەرەو لای ئەوان دێت دادەبەزنە سەر جادەكە جەیشی شەعبیەكان داوای ناسنامەیان لێ دەكەن، ئەوانیش بەرێژنەی گوللە دایان ئەگرنەوە، هەمووی سەد مەترێك لەڕٍِەبایەكە دوور كەوتبوونەوە، كۆپتەر دەگاتە سەریان و جاشیان دابەزاندو ئۆتۆمبیلەكەیان سووتاند، دیاربوو پێشوتر زانیاری و جموجۆلی پێشمەرگەكانیان پێگەیشتبوو، لەكاتی گفتوگۆی (ی.ن.ك) و رژێم  مامەڕیشە ئەحمەد گۆگجەیی بردبووە شوێنی رووداوەكە پێی وتبوو(من و هاوڕێكانم ماوەی3 كم لە ئوتومبیلەكەوە دوور كەوتبوینەوە، خۆمان كرد بە هەردەی زەردەدا لەناو شیوێك خۆمان حەشاردا، بە خێرای هەموو پێشمەرگەكانم لە ژێر پوشدا شاردەوە، دەسكەپوشم خستە بان سەرو گشت جەستەیان، جاشەكان بست بەبست كێوماڵیان دەكرد بەدوامانداگەڕان، ئێمەیان بۆ نەدۆزرایەوە،گوێمان لێبوو، لە ناوخۆیاندا دەیان وت:(بەخوا سەیرە، ئەم ریشەیە غەیبی‌ یە، ئاسمان هەڵی كێشا).
شایانی باسە، شەهیدی سەركردە مامە ڕیشە و هەر یەك لە موحسین قەرەتاموری و سەردار بیكەیسی، لەڕۆژی 24-1-1985 دا لەگوندی حەسەن ئاوا بە ناهەق شەهیدكران.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

نرخی دراوەکان

# دراو نرخ بە د.ع
1 $100 120,500
2 €100 133000
3 £100 145,000
4 100 لیرەی توركی 21,750
5 100,000 تمەن 10,000
6 به‌رمیلێك نه‌وتی‌ خاوی‌ برینت 61.22
7 به‌رمیلێك نه‌وتی‌ خاوی‌ خۆرئاوی‌ تیكساس 55.21

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو