مەلا بەختیار: لامان گرنگە بە زوویی وەفدی هەرێم سەردانی بەغداد بكەن

  2017-12-04 14:34      133 جار بینراوە        کۆمێنت

بەمەبەستی روونكردنەوەی ئامانجی بانگهێشتكردنی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ فەرەنساو تاوتوێكردنی دۆخی كوردستان‌و عێراق، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە 2017/12/4، كۆنسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان، سەردانی هەڤاڵ مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد.

سەرەتا دۆمینێك ماس بەبۆنەی كۆچی دوایی خوشكی گەورەیان، سەرەخۆشی لە هەڤاڵ مەلا بەختیار كردو، رایگەیاند: سەرۆكایەتی فەرەنسا پێی باش بوو كە ئامانجی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ لایەنە سیاسییەكانی باشوری كوردستان رون بكەینەوە.

وتیشی: فەرەنسا بە گرنگی دەبینێت كە هەرێمی كوردستان لەبەر رۆشنایی دەستور، كێشەكانی لەگەڵ حكومەتی ناوەند چارەسەر بكات‌و بۆ ئەو مەبەستەش وەفدی كوردی بە زوویی سەردانی بەغداد بكەن.

لای خۆشیەوە، هەڤاڵ مەلا بەختیار، سوپاسی هەڵوێستی فەرەنسای كرد لە قۆناغە جیاوازەكان بەرامبەر بە گەلی كوردستان‌و، وتی: فەرەنسا ئەمە چوارەمین هەنگاوە لە مێژووی نوێ بۆ چارەسەری كێشەی كورد دەینێت.

وتیشی: ئێستا كە كێشەیەكی گەورە هەیە لە نێوان عێراق‌و هەرێم، سەرۆك ماكرۆن ئەم دەرگایەی كردەوە بۆ بینینی سەرۆك وەزیرانی هەرێم‌و جێگرەكەی، ئێمە هەموو ئەو قسانەی كە وەفدی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن گفتوگۆیان لەبارەوە كردووە، لەسەر هەمووی كۆكین.

جەختیشیكردەوە: ئومێدەوارین كە ئەم كۆبوونەوەیەی پاریس دەرگا بكاتەوە بۆ كۆبوونەوەی (واشنتن، لەندەن، رۆما) بۆ كۆبوونەوەی دیبلۆماسی تر لە نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتەكانی رۆژئاوا.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، رونیشیكردەوە: پێشمان وایە كە ئەو كەناڵە دیبلۆماسیە باڵایانەش یەكێكە لە هەرە كەناڵە گرنگەكان بۆ ئەوەی كێشە لۆكاڵییەكان‌و كێشە جیهانییەكان، بەبێ خوێن رشتن‌و بێ شەڕی ناوخۆ چارەسەر بكرێن.

تەئكیدیشیكردەوە: ئەم سەردان‌و پێشوازیانە لەو ئاستە باڵایە، بەڵگەی ئەوەیە كە ئیتر ئەوە بەسەرچوو گەلانی وەك ئێمە بەجێبهێڵن‌و دەوڵەتان بە ئارەزویی خۆیان بكەونە گیانمان خاكمان داگیر بكەن‌و ئەنفالمان بكەن، ئێستا سەردەمێكە هیچ حكومەتێك‌و هیچ گەلێك ناتوانێت لە گۆڕانكارییەكانی دنیا جیابێت، هەروەها هیچ حكومەتێكیش لە رۆژئاوا ناتوانێت بەبێ چارەسەری كێشەكانی وڵاتانی وەكو ئێمە، ئاسایش‌و بەرژەوەندی خۆی بپارێزێت.

هەڤاڵ مەلا بەختیار، وتیشی: دەركەوت چاو پۆشین لە هێزە دژە دیموكراسییەكان، لە هێزە تائیفییەكان، مەترسیدارە لەسەر ئاسایشی جیهان، لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی جیهانیش، چارەسەریش ئەوە نییە قسەی حكومەتەكان بسەپێنرێت، بەڵكو چارەسەر ئەوەیە كە مافی گەلانیش بەدیبهێنرێت بەپێی دەستور.
راشیگەیاند: كێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازە لەگەڵ رۆژئاوا، لە وڵاتانی رۆژئاوا دەستور لە خزمەتی هاوڵاتیان‌و چەسپاندنی یاسایە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستور بۆ پاراستنی حكومەتەكان‌و سەپاندنی سیاسەتی دژە دیموكراسییە.

روونیشیكردەوە: ئێمە خۆشحاڵین كە فەرەنسا زۆر بە باشی لە دۆخ‌و سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێگەیشتووە. بۆیە دەبینین كە هەڵوێستی فەرەنسا هەڵوێستێكی سەراتیجیە بۆ چۆنیەتی چارەسەری كێشەكان‌و بەدەستهێنانی مافەكانیش.

هەڤاڵ مەلا بەختیار، داواشیكرد كە پاش دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لە نێوان هەرێم‌و بەغداد، فەرەنسا چاودێری دانوستاندنەكان بكات تا بزانێت چ لایەكمان پابەندی دەستور دەبین‌و چ لایەكیشمان دەستور پێشێل دەكات، راشیگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت چارەسەرێكی گونجاو بدۆزینەوە بۆ چارەسەركردنی كۆی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانمان".

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، وتی: ئێمە رێز لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەگرین‌و بەپێی دەستور ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەسەر هەموو مادە دەستورییەكان، چ ئەوانەی ئەگەر لای ئێمە پێشێلكراون، چ ئەوانەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە پێشێلكراوە، راشیگەیاند: "ئێمە لەسەر خاڵە سنورییەكان، نەوت‌و غاز، فرۆكەخانەكان، ئامادەین بۆ گفتوگۆ، لە گفتوگۆشدا ئامادەین بۆ چارەسەر".

جەختیشیكردەوە: لامان گرنگە كە بە زوویی وەفدی هەرێم سەردانی بەغداد بكەن، ئەگەر بەغداد بە قسەمان بكات یان با ئێمە بیانو ببڕین.

لەبارەی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، وتی: ئێمە دوو ساڵ لەمەوبەر لیژنەی باڵامان بۆ ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرە پێكهێناوەو ئێستاش لە (80%) ی كارەكانی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش، كەمی متمانەوە كۆنگرە دواكەوتوو،  بۆیە پێشبینی دەكەین كە تا پێش بە هاری داهاتوو كۆنگرەیەكی تەندروست ببەستین.

لە كۆتاییشدا هەڤاڵ مەلا بەختیار، داوای لە كۆنسوڵی فەرەنسا كرد سڵاوی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بگەیەنێتە سەرۆك ماكرۆن‌و هەموو ئەو بەڕێزانەی كە دەیانەوێت كێشەكان بەپێی دەستور چارەسەر بكرێت.

وتیشی: دەركەوت كە تەنها شاخەكان دۆستمان نین، بەڵكو دۆستی گەورەی وەكو سەرۆك ماكرۆن‌و لۆبی دیموكراسیش دۆستی ئێمەن لە ئەوروپا.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو