ئاواره‌كانی خوماتوو داوایه‌ك ئاڕاسته‌ی UN ده‌كه‌ن

  2017-12-06 10:55      54 جار بینراوە        کۆمێنت

هاووڵاتییانی ئاواره‌ی قه‌زای خورماتوو له‌ به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان گردبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامداو داوا ده‌كه‌ن چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكرێت و بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان له‌ قه‌زای خورماتوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌یاننامه‌یه‌كیان ئاڕاسته‌ی هه‌ریه‌ك له‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و
لیژنه‌ی مافی مرۆڤ كرد، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

به‌رێزان له‌
/ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ( UN ).
/ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رێز یان كۆبیش له‌ عیراق.
/ لیژنه‌ی مافی مرۆڤ .

یاداشتنامه‌ی ئاواره‌كانی خورماتوو

ئێمه‌ی ئاواره‌كانی خورماتوو دوای زیاتر له‌ ( 50 ) ڕۆژ ئاواره‌یی و بێ ئومیدبوونمان له‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كان به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ هاتووینه‌ته‌ ئێره‌ تاكو له‌ رێگه‌ی ئێوه‌وه‌ چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كانی شاره‌كه‌مان بدۆزینه‌وه‌ و كۆتایی به‌ ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ریمان بهێنین و به‌ زووترین كات بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆمان، له‌ (16 )ی ئوكتۆبه‌ردا زیاتر له‌ حه‌فتا هه‌زار كوردی شاری خورماتوو به‌ هۆی ململانێی سیاسیه‌وه‌ ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر بوون، زیاتر له‌ سه‌د خانوومان ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌، زیاد له‌ دوو هه‌زار خانوومان تاڵان كراوه‌ و پاشان سووتێنراوه‌، ئه‌وه‌ی به‌م كاره‌ هه‌ستاوه‌ گروپێك له‌ ناو حه‌شدی شه‌عبی به‌ ناوی (حه‌شدی توركمانی)وه‌ به‌ به‌رچاوی سوپای عیراق و حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ ئه‌م كاره‌یان كردووه‌.
به‌رێزان ئه‌وه‌ی كه‌ ڕوو ئه‌دات له‌ خورماتوو له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ پێشێل كردنی مافی مرۆڤه‌، ئاواره‌ كردنی خه‌ڵكی، كوشتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و ته‌عه‌دا كردن و سوكایه‌تی كردن به‌ پیرۆزییه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ هۆی جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی ومه‌زهه‌بیه‌وه‌ بووه‌.
داواكاریمان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وه‌یه‌ به‌ زووترین كات هه‌ستن به‌:
1 ـ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خورماتوو بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كانی (16)ی ئۆكتۆبه‌ر و ڕۆژانی دواتر.
2 ـ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كاره‌ساته‌ی كه‌ به‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كی كۆماری و رزگار یدا هاتووه‌ له‌  شاری خورماتوو.
3 ـ دابین كردنی هێزێكی بێ لایه‌ن سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووكان به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی هاوڵاتیانی شاری خورماتوو.
4 ـ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیان لێكه‌وتوان به‌ زووترین كات به‌ مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاشتی و ئارامی و نه‌هێشتی كینه‌ له‌ دڵی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ زیانیان به‌ر كه‌وتووه‌.
5 ـ داماڵینی شاره‌كه‌ له‌ چه‌ك و ده‌ركردنی هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ.

ئه‌نجومه‌نی جه‌ماوه‌ریی خورماتوو

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو