ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌ وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌

  2017-12-06 18:16      219 جار بینراوە        کۆمێنت

ده‌رباره‌ی لێدوانه‌کانی دوێنێ سێ شه‌ممه‌ 5/12/2017ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق که‌ له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌ هه‌فتانه‌ییه‌که‌یدا باسی له هه‌رێمی کوردستان کردبوو، سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ لێدوانێکدا بۆ ماڵپه‌ڕی حکوومه‌ت، ڕایگه‌یاند: عه‌بادی چه‌ندین جاره‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌کات گوایه‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان ده‌نێرێت و بۆ ئه‌مه‌ش خه‌ریکی ووردبوونه‌وه‌ن له‌ لیسته‌کانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی، به‌ڵام وه‌ک پێشتریش گوتوومانه‌ حکوومه‌تی فیدراڵ تا ئێستا هیچ لیستێکی له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی داوا نه‌کردووه‌، بۆیه‌ ئاگادار نین و نازانین ئه‌وانه‌ کام لیستانه‌ن که‌ حکوومه‌ته‌که‌ی عه‌بادی خه‌ریکی لێوردبوونه‌وه‌یانه‌؟! خه‌ڵکی کوردستان ئیتر باش له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ که‌ ئه‌وه‌ له‌ لێدوانی میدیایی بترازێ، هیچی تر نییه‌، بۆیه‌ هیچ متمانه‌یه‌کی به‌و قسانه‌ نه‌ماوه‌.

ده‌رباره‌ی بابه‌تی ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان و به‌رده‌وامیی داخستنی فڕۆکه‌خانه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیش، دزه‌یی دووپاتیکرده‌وه‌ که‌ به‌پێی مادده‌ی (114)ی ده‌ستووری عێراق، به‌ڕێوه‌بردنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان به‌ ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی فیدراڵ نییه‌، به‌ڵکوو به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌میشه‌ ڕامانگه‌یاندووه:‌ که‌ حکوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگییه‌.

هه‌رچی داخستنی فڕۆکاخه‌کانیشه‌، ئه‌وه‌ سزادانی هاووڵاتیانی هه‌رێمی کوردستانه‌، سزادانی ئه‌و نه‌خۆش و پێشمه‌رگانه‌یه‌ که‌ له‌ کاتی به‌رگری له‌ هه‌رێمی کوردستان و له‌ عێراق له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا برینداربوون و پێویستییان به‌ چاره‌سه‌ره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات. سه‌فه‌رکردن له‌ ڕێگه‌ی فڕۆکه‌خانه‌کانی به‌غدا، یان شاره‌کانی دیکه‌ی عیراقه‌وه‌ هێنده‌ ئاسان نییه‌ وه‌ک عه‌بادی باسی ده‌کات، هه‌م تێچووی سه‌فه‌ر له‌سه‌ر هاووڵاتیان زیاد ده‌کات، هه‌م کاتێکی زۆریان ده‌گرێت. پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچی هاووڵاتییه‌کی به‌غدا، یان نه‌جه‌ف، یان به‌سرا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ شاره‌که‌ی خۆیه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵات بکات، به‌ڵام هاووڵاتییه‌کی هه‌رێم ئه‌و مافه‌ی نییه‌؟! ئه‌مه‌ کوێی هاووڵاتیبوونه‌؟!!
ده‌رباره‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم و کێشه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیش که‌ عه‌بادی باسیکردووه‌، دزه‌یی گوتی: کاتی ئه‌وه‌مان نییه‌ باسی ئه‌و هه‌موو کێشه‌ و که‌موکوڕیانه‌ بکه‌ین که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌کاربوونی کابینه‌که‌ی به‌ڕێز عه‌بادییه‌وه‌ به‌رۆکی حکوومه‌ته‌که‌ی گرتوون، ئه‌مه‌ بابه‌تی ئێمه‌ نییه‌ و هیچ سوودێکیشی بۆ ئه‌م دۆخه‌ نییه‌. ده‌رباره‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش، ئه‌وه‌ شه‌رعییه‌تی له‌ په‌رله‌مان و گه‌لی کوردستان وه‌رگرتووه‌ و هیچ پێویستییه‌کی به‌ شه‌رعیه‌تپێدانی خه‌ڵکی دیکه‌ نییه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی یاساییش به‌ دوو خولی ته‌شریعی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌سه‌ر هه‌موو کایه‌یه‌کی هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌.
دزه‌یی دووپاتیکرده‌وه‌: که‌ هه‌رێمی کوردستان وه‌ک هه‌میشه‌ ڕایگه‌یاندووه‌، ڕاستگۆیانه‌ و به‌ نیازپاکییه‌وه‌ داوای گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان ده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ وه‌ڵام ناداته‌وه‌ و ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی میدیا و کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌وه‌ ـ بۆ پڕۆپاگه‌نده‌، نه‌ک بۆ چاره‌سه‌ر ـ به‌رده‌وام باسی چاره‌سه‌ر و لێکگه‌یشتن و ده‌ستوور و هاووڵاتیبوون و ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ ده‌کات، عه‌بادییه‌، ئه‌مه‌ش به‌دڵنیاییه‌وه‌ هیچ خزمه‌تێک به‌ دۆخه‌که‌ ناکات و نابێته‌ هۆی چاره‌سه‌رێکی جددی بۆ کێشه‌کان، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌رده‌وامیی ناسه‌قامگیری.
 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو