جینۆساید لە خورماتوو

  2017-12-17 18:05      327 جار بینراوە        کۆمێنت

ستران عەبدوڵڵا

تاوانەكانی حەشدی شەعبـی لە خورماتوو لەكەیە بە ناوچەوانی بەغدای رەسمیشەوە كە لەژێر چەتری ئەودا حەشد لەشكركێشی دەكات، چونكە سەرۆك وەزیران فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە. لەكەیە بە ناوچەوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە كە بێدەنگە لە ئاستی ئەو تاوانانەی لە ئاستی كوردی ناوچە دابڕێنراوەكان دەكرێت بە بیانووی ئەوەی هێشتا ئەوێ ناوچەی كێشە لەسەرن و سەر بە سەروەریی حكومەتی ئیتیحادیین.

 كەمتەرخەمیشە لەلایەن سیاسەتی رەسمیی هەرێمی كوردستانەوە كە بە بیانووی ئەوەی ناوچەكان چارەنووسیان بۆ هەرێم ساغ نەبۆتەوە، ناتوانێ دەستپێشخەرییان لە ئاستدا بكات. 

فەزای سیاسی ‌و فەرهەنگی كوردستانیش لەچەند ساڵی رابردوودا خەمی كوردستانیی لە هێڵی دانپیانراوی سنووری 2003دا قەتیس كردبوو، بۆیە شپرزەیە لەئاستی مامەڵەی دروست لەگەڵ كەیسی نەتەوەیی كتوپڕدا، وەك كەیسی شەنگال‌و خورماتوو.

بێگومان تاوانی هەرە گەورەش لە ئەستۆی حەشد ‌و ئەو چەترە مەزهەبییەیە بۆ ئەم جۆرە رەفتارە كۆكوژییانە دابینكراوە، با تەنانەت پاساویش بۆ ئەوە بهێنێتەوە گوایە ئەم حەشدە پەیوەندیی راستەوخۆی بە فەتوای جیهادی كەفائییەوە نییە، یان گوایە رەفتاری ئەم گروپ ‌و ئەو گروپی حەشد، لاساری ‌و لەڕێ دەرچوونە.

تاوانی ئەنجامدراو لەلایەن داعش لە شەنگال ‌و حەشد لە خورماتوو، هەردووكیان لەیەك سەرچاوەی توندڕەوی مەزهەبی ‌و بێباكی حكومەتی ئیتیحادییەوە سەرچاوە دەگرن كە نزیكەی 15 ساڵ لە خستنی دیكتاتۆری بەعس، هێشتا نەیتوانیووە حكومەتێك پێكبێنێت كەلێنی فەرامۆشی پێكهاتەكان نەهێڵێ ‌و كەموكوڕی دوورخستنەوە ‌و پەكخستنی بەشداری سیاسیی پێكهاتەكان چارەسەر بكات. هەموو ئەم كەلێنانەش هەمیشە بۆتە مایەی تەوەللابوونی رەوت ‌و ناوەندی جیاجیا‌و گەشەكردنی گەرای توندڕەوی ‌و تیرۆر. 

نەشیتوانیووە حكومەتێكی بڕیاردەر ‌و سوپایەكی نیزامی هەبێت. كە لەبەردەم مەترسییەكانی سەر وڵاتدا ئاتاجی بەهێزی میلیشیایی وەكو حەشدی شەعبـی نەبێت.

ئایا لەم هەموو دژواری تاوانی جینۆسایدەدا، برایانی پێكەوەژیان لە توركمانی شیعە‌و لە شیعەی هاوردەی خورماتوو دەتوانێت قەناعەتمان پێبكات بەشێك نییە لە چڵكی تاوانی كورد كوشتن، بە بیانووی ئەوەی كورد لە زەمەنی پێكەوەژیاندا كەموكوڕیی هەبووە؟.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو