كچانی خۆر لەدیدی رەخنەگرانی بواری سینەمادا

  2019-03-25 15:50      175 جار بینراوە        کۆمێنت
دیمەنێك لەفیلمی خۆر

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی "كچانی خۆر" سەبارەت بەبەرخۆدانی كچانی كوردیی كۆبانێ لەلایەن رخنەگران و رۆژنامەنووسانی سینەمایی جیهان بەباشی هەڵسەنگێندرا.
فیلمی سینەمایی "كچانی خۆر" لەدەرهێنانی "ئیڤا هوسۆن" و بەڕۆڵبینینی ئەكتەری ناوداری ئێرانی "گوڵشیفتە فەراهانی" و ئەكتەری ناوداری فەڕەنسی "ئێمانۆئێل بەرەكۆت" و هەروەها سەبارەت بەبەرخۆدانی كچانی كوردی كۆبانێ لەدژی گروپی تیرۆریستی داعش كە لەیەكەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لەبەشی "پێشبڕكێی سەرەكی" حەفتا و یەكەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "كان" لەوڵاتی فەڕەنسا نمایشكراو لەلایەن رخنەگران و رۆژنامەنووسانی ناوداری سینەمایی جیهانەوە رەنگدانەوەی جۆراوجۆری بەدواوەبوو.
"پیتێر برادشاو" رخنەگری گۆڤاری "گاردییەن" سەبارەت بەفیلمی سینەمایی "كچانی خۆر" نووسیوییەتی: "ئیڤا هوسۆن" دەرهێنەری فەڕەنسی "كچانی خۆر" لەسازكردنی نوێترین فیلمی خۆیدا كە درامێكی پارتیزانییە بینەر دەخاتە ژێر كاریگەریی خۆیەوە. بەبڕوای من، "كچانی خۆر" فیلمێكی شەڕی فێمێنیزمییە. بەرخۆدان پڕ لەهێماو مەترسیدارە. ئەم فیلمە وەكوو فیلمەكانی دیكەی ئەم ژانرە، بەرهەمێكی دوور لەپێچووپەناو دوو لایەنەیە كە باش و خراپ تیایدا روون و ئاشكرایە، بەتایبەت دوو دیمەنی ئەكشێنی ئەم فیلمە لەوانە: هەڵاتنی "بەهار" بەدەورگێڕانی "گوڵشیفتە فەراهانی" لەگەڵ ژنانی دیكەی كە بەدیل گیراون یەكێكە لەو دیمەنانەی كە بەجوانی وێنە گیراوەو كاریگەرییەكی باشی لەسەر بینەر هەیە.
"ئەریك كان" رەخنەگری ماڵپەڕیی سینەمایی "ئێندی وایێر" نووسیویەتی: لەو بڕوایەدام "ئیڤا هوسۆن" بەسازكردنی دووهەمین بەرهەمی سینەمایی خۆی ئەم ئامادەییەی لەخۆی نیشاندا كە فیلمێكی ئەكشێنی پلە یەك هۆلیوودیی دەتوانێت ساز بكات و بەوێنەگرتنی چەندین دیمەنی ئەكشێن توانایەكی ئەوتۆی هەیە. "كچانی خۆر" تا رادەیەك دیمەنی باشی تێدایە كە بینەر چێژی ئەوتۆی لێوەربگرێت.
"جی وایسبێرگ" رخنەگری گۆڤاری "وڕایتی" نووسیوییەتی: "كچانی خۆر" چیرۆكی رووداوێكی واقیعی دەگێڕێتەوەو بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ئەم فیلمە سەبارەت بەو ژنە كوردانەیە كە ئازایانە لەگەڵ داعش شەڕ دەكەن و دەرهێنەرێكی ژنیش سازیكردووە، لەئاستی نێودەوڵەتیدا پێشوازیی لێدەكرێت.
"لی ماڕشاڵ" رخنەگری ماڵپەڕیی سینەمایی "ئیسكرین دەیلی" نووسیوییەتی: پەیامی فێمێنیستی ئەم فیلمە روون و ئاشكرایە، ئەوەی كە بەچ شێوەیەك شەڕ ئەو توانایەی هەیە كە نایەكسانی رەگەزیی و كۆمەڵایەتی بەپێچەوانەوە بگێڕێتەوە. "گوڵشیفتە فەراهانی" و "ئێمانۆئێل بەرەكۆت" لەم فیلمەدا توانایی و داهێنانی خۆیان بۆ دەورگێڕانی رۆڵەكانیان نیشانداوەو بەباشی لەم فیلمەدا كەڵكیان لێوەرگیراوە.
"ئیڤا هوسۆن" لەوتووێژەكانی خۆیدا لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن، ئاگاداربوون لەڕەفتاری نامرۆڤانەی داعش لەگەڵ ئێزەدییەكان لەكوردستانی عیراق و بەسەرهاتە خەمناك و دڵتەزێنەكانی ژنان و كچانی بەدیلگیراوی كوردی بەئەنگێزەی سەرەكیی خۆی لەباس كردنی ئەم بابەتە ناو برد.
بەگوتەی ئەم دەرهێنەرە ناودارە فەڕەنسییە، ئازایەتی و بێ باكی و لەخۆبردوویی ژنانی كورد لەخەباتی چەكدارانە لەگەڵ داعش بەڕاستی كاریگەری لەسەر ئەو هەبوو، هەر بەم هۆیەش بڕیاری داوە چەند گۆشەیەك لەم خەباتە قارەمانانەیە وێنە بگرێت.
"ئیڤا هوسۆن" باوەڕی وایە كە "كچانی خۆر" لەو دەگمەن فیلمە جەنگیانەیە بەتەوەری ئافرەت كە وێنەیەكی راستەقینە لەڕووداوەكانی ئەم كارەساتە مرۆڤانەیە ئاراستە دەكات لەهەمان كاتیشدا پەیامێكی ئەرێنی هەیە و باسی شایستەیی و لێهاتوویی و تواناییەكانی ژنان دەكات.
"ئیڤا هوسۆن" یەكێكە لەسینەماكارانی ژنی ناوداری سینەمای فەڕەنساو بەرهەم گەلێكی درەوشاوەی وەكوو "بەهیوای مردن"، "بۆ ئەوانەی كە هەمیشە ئاڵۆزن" و "گەنگ بەنگ" ی لەكارنامەی پیشەیی خۆیدا هەیە.
"ئێمانۆئێل بەرەكۆت" ئەكتەری گەنجی فەڕەنسی و براوەی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی باشترین ئەكتەری فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "كان"ی فەڕەنسا، یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە لەم پڕۆژە سینەماییەدا بەشداری كردووە، ئەو دەوری "ماتیلدە" پەیامنێری جەنگی دەگێڕیت كە چاوەڕێی ئەم رووداوە تاڵ و خەمبارانەیەو پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ "بەهار" بەدەورگێڕانی "گوڵشیفتە فەراهانی" هەیە. لەفیلمی "كچانی خۆر"دا كە لەوڵاتانی فەڕەنساو گورجستان وێنەی گیراوە، گروپێك لەهونەرمەندانی نێونەتەوەیی و ئەكتەرەكانی ناوچەیی بەشداریان كردووە.
"گوڵشیفتە فەراهانی" سەبارەت بەجیاوازیی دەورگێڕانی كچێكی كوردی رۆژئاوای كوردستان لەفیلمی سینەمایی "كچانی خۆر" بەبەراورد لەگەڵ دەورگێڕانی كچێكی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان لەفیلمی سینەمایی "فرمێسكی سەرما"دا گوتی: بۆ من زۆر سەرنجڕاكێش بوو. ئەو كاتەی كە لەفیلمی سینەمایی "فرمێسكی سەرما"دا دەورم گێڕا 19 ساڵ تەمەنم بوو، دەبوو رۆڵی كچێكی كورد بگێڕم بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە بۆخۆم كورد نیم، بەڵام سنوور بۆ من هیچ جوداییەك دروست ناكات. ئەم دوو فیلمە چیرۆكەكەیان سەبارەت بە ژنانە، هەمووی ئەمانە سەبارەت بەو ژنانە بوو كە دەیانویست خۆیان رزگار بكەن و بۆخۆیان رێگاكەیان هەڵدەبژێرن، من لەهەر رۆڵێكدابم، ئەو رۆڵە لەدەرەوەی سنوورەكان دەبینم.
گوتیشی: بۆ من هەر فیلمێك وەكو هاوسەرگیری وایە، هەر بەم هۆیە بۆ من زۆر گرنگە، من لەنێوان جیهانەكان و زمانە جۆراوجۆرەكاندا دەگەڕێم، لەوانە: "دزە دەریاییەكانی كارائیب" تاكوو "پێتێرسۆن لەنیۆجێرسی" تاكوو "كچانی خۆر" تاكوو "ئاڵتەمیر" كە ژنێكی ئیسپانییەو هەمووی ئەوانە هەر ئەو شتە بوو كە من دەمویست.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو