تابلۆی شێوەكارێكی کورد لەپێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتی دەبێتە خاوەنی خەڵاتی یەكەم

  2019-04-04 22:22      219 جار بینراوە        کۆمێنت
د.ئازاد شێخانی، خاوەنی خەڵاتەكە

لەبەریتانیا دامەزراوەی (رێد لاین ئارت وۆرك ئەوارد) پێشبڕكێیەك بۆ شێوەكارانی 40 وڵات رێكدەخات و لەو پێشبڕكێیەشدا شێوەكارێكی كورد خەڵاتی یەكەمی دەباتەوە.
د. ئازاد حەمە شێخانی، براوەی خەڵاتەكە بۆ (PUKNOW) وتی: لەمانگی 12ـی 2018 پێشانگەیەکم لەشاری برایتن لەبەریتانیا کردەوە، چونكە رۆژنامەوانانی ناوخۆیی و ناوچەکە وێنەی تابلۆکانیان گرتبوو، بۆیە داوای 4 تابلۆیان کرد بۆ ئەوەی بەشدارییان پێبکرێت لەپێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتی کە لەلایەن رێکخراوی رێد لاین ئارت وۆرکەوە سازکرابوو، بەبەشداری هونەرمەندانی 40 وڵات و ئەو پێشبڕکێیەش ساڵانە دووجار ئەنجامدەدرێت، وتیشی: دوای بەشداری پێكردنی تابلۆكانم لەپێبڕكێكە، لەڕێگەی ئیمەیڵێکەوە ئاگادارکراوەتەوە لەوەی خەڵاتی یەکەمی بردووەتەوە پیرۆزباییان لێکردم كەیەكێك لەتابلۆكانم بەناوی (The Ship of Diversity) خەڵاتی یەکەمی بردووەتەوە.
د.ئازاد باسی لەوەشكرد، ئەو تابلۆیەی بووە خاوەنی خەڵاتەكە، کەشتییەکە گوزراشت لەکێشەکانی سەر زەوی دەکات، کۆچبەرانی دونیا سواری ئەو کەشتییە دەبن، کەشتییەکە میللەتانی جیای دونیای لەنێو خۆی کۆکردووەتەوە، کە لەبەر شەڕی داعش و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماو چەندین هۆكاری دیكە بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا کۆچ دەکەن، وتیشی: هۆکاری بردنەوەی خەڵاتەکە دەگەڕێتەوە بۆ بیرۆکەی تابلۆكە، چونكە تابلۆکە گوزارشت لەخەم و ئازارەکانی ئەو خەڵکانە دەکات کە لەسەر کەشتییەکەن و روو لەوڵاتانی رۆژئاوا دەکەن و رۆژئاواش ناتوانن پێشوازی لەو هەموو پەنابەرە بکەن، بەڵام ئەو کەشتییە وەکو ئەڵتەرناتیڤێکە بۆ ئەو پەنابەرانە بۆ ئەوەی لەکەنار دەریای وڵاتێکی پارێزراو ژیان بەسەر ببەن.

ئەو وێنەیەی بووە خاوەنی خەڵاتەكە

خەڵاتەكە

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو