دەمیرتاش كۆتایی بەكاری سیاسی هێنا

  2018-01-11 12:51      285 جار بینراوە        کۆمێنت

هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، كۆتایی بەكاری سیاسی هێناوەو ئێستا شەڕ لەپێناو دیموكراتی و ئازادی و ئاشتی و مافەكانی مرۆڤدا دەكات و پلانی نییە جارێكی دیكە ببێتەوە بەسەرۆكی پارتی هەدەپە، یاخود كاندیدی سەرۆكایەتی یان پەرلەمانتاری توركیا بێت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" لەچاوپێكەوتنێكی ماڵپەڕی فرانس پرێس، رایگەیاند: پلانی نییە لەهیچ هەڵبژاردنێكی داهاتوودا بەشداریبكات و لەهەموو كاتێكدا ئامادەیی تێدایە بەرگری لەهەڵوێستی خۆی بكات و لەبەر ئەوەیە كەپلانی نییە جارێكی دیكە ببێتەوە بەسەرۆكی پارتی هەدەپە، یاخود كاندیدی سەرۆكایەتی یان پەرلەمانتاری توركیا بێت، دەشڵێت: ئێستا لەزیندان هەفتانە یەك كاتژمێر خێزانەكەی دەبینێت و هەوڵیداوە بەنووسین و خوێندنەوە ئیرادەی بەهێزبكات.
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی هەدەپە و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكی ئەو كاتی هەدەپە لەڕۆژی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیرو زیندانیكران.
تائێستا داواكاری گشتیی توركیا ٩٣ سكاڵای لەدژی دەمیرتاش تۆماركردووەو جارێكیش داوایكردووە دەمیرتاش دوو جار زیندانی هەتاهەتایی و ٤٨٦ ساڵ زیندانی بكرێت و جارێكیتریش داوایكردووە، دەمیرتاش ١٤٢ ساڵ زیندانی بكرێت و تا ئێستاش سكاڵاكان و پرۆسەی دادگایی بەردەوامیی هەیە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ١٠ی نیسانی ١٩٧٣ لە شارۆچكەی پالۆی سەر بەشاری ئەلازیخ لەباكووری كوردستان لەدایكبووە. باوكی ناوی تاهیرو دایكیشی ناوی سادییە، شەش خوشك و برای هەیەو برایەكی گەریلایە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٢ هاوسەرگیریی لەگەڵ كچێكی هاوڕێی منداڵیی بەناوی باشاك كردووەو لەئێستادا پیشەكەی مامۆستایە. سەڵاحەدین و باشاك دوو كچیان بەناوەكانی دەلال و دلدا هەیەو كۆلێژی یاسای لەزانكۆی ئەنكەرە تەواو كردووەو بووە بەپارێزەر. لە ساڵی ٢٠٠٦ دەبێتە سەرۆكی نووسینگەی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئامەد.
لە ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن دەتەپەوە وەك پاڵێوراوی سەربەخۆ لەشاری ئامەدەوە بەشداریی لەهەڵبژاردنی پەرلەماندا كردو سەركەوتنی بەدەستهێنا.
لە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٩ بە بڕیاری دادگای حكومەتی توركیا دەتەپە داخرا سەڵاحەدین دەمیرتاش بەردەوامیی كارە سیاسییەكان گواستەوە بۆ ناو حزبی ئاشتی دیموكراسی (بەدەپە). لەدووەمین كۆنگرەی بەدەپەو لەساڵی ٢٠١٠ بۆ پۆستی هاوسەرۆكایەتیی ئەو حزبە هەڵبژێردرا.
لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا لە ساڵی ٢٠١١ لەجۆڵەمێرگەوە وەك پاڵێوراوی سەربەخۆی بەشداریی لەهەڵبژاردندا كردو لەو خولەشدا سەركەوتنی بەدەستهێناو بوو بەنوێنەری خەڵكی جۆڵەمێرگ لەپەرلەمانی توركیا.
لە دوای ئەوە لە ساڵی ٢٠١٢ پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) دامەزرێنرا، بوو بە هاوسەرۆكی هەدەپەو تاوەكو ئێستا لەناو هەدەپە بەردەوامە لەكارە سیاسییەكانی.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو