هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پێشوازی لەهەڤاڵانی مەڵبەندی خانەقین كرد
" رێنمایی و روانینی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال دەكەینە ئیلهامی كارەكانمان"

  2018-01-11 22:46      404 جار بینراوە        کۆمێنت
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەپێشوازی هەڤاڵانی مەڵبەندی خانەقین

ئەمڕۆ ١١ی كانوونی دووەمی ٢٠١٨، لەشاری سلێمانی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازیكرد هەڤاڵانی مەڵبەندی  رێكخستنی خانەقینی یەكێتی و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی ئیداری شارەكە، لەدیدارێكدا بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی و ئیداری خانەقین لەگەڵ رۆڵ و سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانی بۆ دەربازبوون لەكێشە و قەیرانەكان و هەنگاونان بۆ كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی تاوێكرا.
لە دیدارەكەدا  كە قوباد تاڵەبانی و دكتۆر خەسرەو گوڵ محەمەد ئامادەیبوون، شێركۆ میروەیس لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەكێتی  بەناوی ئامادەبوان و  ئەندام و لایەنگرانی سنوری مەڵبەندەكەوە خۆشحاڵیی نیشاندا بەو دیدارە، ئاماژەیكرد بۆ رۆڵی كادیرانی یەكێتیی نیشتمانیی لەو سنورە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی و  رێكخستنی جەماوەر و تەیاركردنیان بەچەكی ورە بەرزیی و نوچ نەدان  لەبەردەم هەڕەشەكان.
لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەكێتی  راشیگەیاند، لە راپەڕاندنی ئەركەكانماندا  لەهەردوو  ئاستی حزبیی و كۆمەڵایەتیش هەمیشە رێنمایی و روانینی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال دەكەینە ئیلهامی كارەكانمان، بەردەوامیش  گرنگیی پاراستنی  یەك ریزیی  نێو یەكێتیی  و  كاری پێكەوەیی رەچاو دەكەین و سیاسەتی چەپكە گوڵەكەش رێنمای كارەكانمانە كەدەتوانین لێوەی خزمەت بەكۆمەڵانی خەڵك بكەین  و گەشەش بەحزبەكەمان بدەین.
لەو دیدارەدا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئاڕاستەی سیاسەت و ستراتیژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆ دەربازبوون لە قەیران و كێشەكان روونكردەوە و پێویستی بەستنی كۆنگرەی بۆ نوێبوونەوە و یەكخستنەوەی زیاتری ریزەكانی یەكێتی دووپاتكردەوە.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، بیروڕا سەبارەت بە دۆخی یەكێتی و چۆنیەتی زەمینەسازی و هەنگاونان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانی ئاڵوگۆڕكرا.
هەر لەمیانەی دیدارەكەدا، كادیرانی بەشداربووی كۆبوونەكەوە لەگەڵ خستنەڕووی پێشنیاز و تێبینیەكانیان بۆ باشتر ئەنجامدانی كار و چالاكییەكانیان لەپێناو خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك، دووپاتیشیانكردەوە هەردەم درێژە بە رێباز و روانینە واقیعیەكانی سەرۆك مام جەلال دەدەن بۆ یەكڕیزی نیشتمانیی و یەكێتیی ناو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی.
كادیرانی سنوری مەڵبەندی خانەقینی یەكێتی، باسیان لەوەشكرد هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی خانەقین و پارێزگاریكردن لەمافەكانیان هەرگیز لەبیرناكرێت.
لای خۆشیەوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ستایشی كار و چالاكییەكانیانی كادیرانی سنوری مەڵبەندی خانەقینی كردو رۆڵ و خۆراگری كادیرانیشی لەم دۆخەی ئێستادا بەرزنرخاند.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو