مەكتەبی سیاسی پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی رێكخراوی ئازادی لاوان دەكات

  2019-05-26 00:01      70 جار بینراوە        کۆمێنت

بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستان، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزبایی لەسكرتێرو سكرتارییەت و ئەندامانی رێكخراوەكە دەكات.
دەقی پەیامەكە...
بەبۆنەی یادی (20) دامەزراندنی رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستان پیرۆزبایەكی گەرم ئاراستەی سكرتێر‌و سكرتارییەت‌و هەموو ئەندامان‌و لاوانی یەكێتی دەكەین، سڵاوی وەفاو ڕێزیش دەنێرین بۆ ئەو لاوە تێكۆشەرانەی لەسەرەتای دامەزراندن‌و قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی رێكخراوەیی‌و دیموكراسی ئازادیی لاواندا بەشداربوون. رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستان، لەدوو دەیەی رابردوودا، بەچالاكی جۆراجۆرو بەشێوازێكی هاوچەرخ خزمەتی بەهرەو خولیای لاوانی كوردستانی كردووەو خەباتی لەپێناوی چونیەكی لاوانی كچ‌و كوڕ كردووە لەماف‌و ئەركەكاندا لەكوردەواریدا. لەئێستاشدا یادی دامەزراندنی رێكخراوی ئازادی لاوان لەهەلومەرجێكدا دەكەینەوە، كە ئەركەكان‌و شێوازی ڕاپەراندنیان گۆڕاوە، خولیاو كێشەو داوای لاوان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو وا پێویست دەكات بیرەوەری دامەزراندنی ئازادیی لاوان، بكرێتە وێستگەیەكی تری جۆشدانەوەی تێكۆشانی مەدەنی و دیموكراسی ئازادیی لاوان بێت بۆ هێنانەدی خواست و خولیاكانی لاوان و برەودان بەبەهرەو تواناكانیان. هەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەو چارەسەركردنی گرفتە ئابووری و كۆمەڵایەتیەكان و هۆشیاركردنەوەیان لەبیری توندڕەوی و پەرەپێدانی گیانی لێبوردەیی و ژیاندۆستی بكەنە ئامانجێكی سەرەكی رێكخراوەكە. 
ئەم یادە بەدەرفەتیش دەزانین، جەخت لەوە بكەینەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بایەخێكی تەواوی بۆ رۆڵ‌و توانا‌و پێویستی بەشداری لاوان هەیە لەكایە جیاجیاكانی كوردەواری‌و ژیانی حیزبی‌و خزمەتكردنی گەلی كوردستاندا، هەروەك یەكێتی هەرگیز رۆڵ‌و قارەمانێتی لاوانی كوردستان لەخەباتی رزگاریخوازی گەلەكەماندا بەتایبەتی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان، لەبیر ناكات‌و وەك شانازی‌و سەروەرییەكی گەورە لەمێژووی یەكێتی‌و گەلەكەماندا تەماشای دەكات. 
جارێكی تر یادی (20) ساڵەی دامەزراندنی ئازادیی لاوان لە هەموو كچان‌و كوڕانی رێكخراوەكەو لاوانی یەكێتی پیرۆزبێت. 
راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 
25-5-2019

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو