پەرلەمانی عیراق لیژنه‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم پێكده‌هێنێت

  2019-06-15 16:26      142 جار بینراوە        کۆمێنت

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بڕیاریدا سێ لیژنه‌ی په‌رله‌مانی به‌دواداچوون بۆ ئه‌و سكاڵایه‌ی حكومه‌تی عیراق بكات، كه‌ ساڵی 2014 لەسه‌ر توركیا كردوویه‌تی، سه‌باره‌ت بەگواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم لەبه‌نده‌ری جیهانه‌وه‌.
د.میران محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی یه‌كێتی، ئه‌مڕۆ 15-6-2019، به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: لەدانیشتنی ئه‌مڕۆدا په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنه‌ عه‌ره‌به‌كان، دوای له‌سه‌رۆكایه‌تی نوێنه‌ران كرد، كه‌ پێشتر حكومه‌تی فیداڵی عیراق داوایه‌كی یاسای له‌سه‌ر نه‌وتی عیراق لەدژی توركیا به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ی كه‌ زیاتر له‌20 ملیار دۆلاری نه‌وتی عیراقی لایه‌، كه‌ له‌ڕێگه‌ی توركیاوه‌ نه‌وتی عیراق رۆیشتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ داوایكرد لیژنه‌یه‌ك لەنێوان هه‌ردوو لیژنه‌ی دارایی و یاسایی بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و كه‌یسه‌ پێكبهێنرێت.
راشیگه‌یاند: هه‌ر لەدانیشتنی ئه‌مڕۆدا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیاره‌ بڕیاری پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی ده‌ركرد، لەلیژنه‌كانی نه‌وت و غاز و دارایی و یاسایی، بۆ به‌دواداچوو و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و دۆسییه‌یه‌.
 د.میران وتیشی: پێموایه‌ ئه‌م كێشانه‌ بەدانانی لیژنه‌یه‌ك یان لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نابێت، بۆیه‌ باشترین شت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌وت و بودجه‌و بابه‌تی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، به‌وه‌ چاره‌سه‌رده‌كرێت كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم وه‌فدێك بنێرێته‌ به‌غداو دانوستان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی بكات و ئه‌و كێشانه‌كه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌تی چاره‌سه‌ریان بكات، ئه‌گه‌رنا داواكاری و پێكهێنانی لیژنه‌و به‌دواچوون، ئه‌و كێشانه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك چاره‌سه‌رناكات.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو