مەرجەكانی ئەیاد عەلاوی بۆ دانوستاندنی كوردستان و عیراق ئاشكرا بوون

  2017-09-29 23:25      6578 جار بینراوە        کۆمێنت

جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، لە نامەیەکدا بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران، چەند خاڵێک بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دیاری دەکات و داواش دەکات نەتەوەیەكگرتووەكان سەرپەرشتی پڕۆسەی دانوستاندنەكە بکات.
ئەیاد عەللاوی جێگری سەرۆك كۆمار دەڵێت: لە رۆژی 25ی ئەم مانگە دەستپێشخەرییەکمان خستەڕوو، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەڵامێکی ئەرێنی بۆ دەستپێشخەرییەکە دەربڕی، ئەمڕۆ هەینیش (29-9-2017) نامەیەکم بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق نارد". 
عەللاوی داوا لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات سوود لەو پێشهاتە وەربگرن و دۆخەکە بۆ قۆناخێکی دیکە بگوازنەوە. بەپێویستیشی دەزانێت لەسەر ئەو بنەمایانە رێکبکەون: 
یەکەم: دەستپێکردنی دانوستاندنی بێمەرجی پێشوەختە. 
دووەم: بنەمای دانوستاندنەکان دەستووری کۆماری عێراق بێت.
سێیەم: داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین پشتیوانی دانوستاندنەکان بکات و ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان تیمێکی شارەزایان بنێرێت. 
چوارەم: راگرتنی هەڵمەتی راگەیاندن و بڕیارەکان کە دۆخەکە تێکدەدەن. 
پێنجەم: چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لە ناوچە جێناکۆکەکان، لەپێش هەموو ناوچەکانیشەوە پارێزگای کەرکووک. 
شەشەم: دۆزینەوەی چارەسەری نیشتمانی و دوورخستنەوەی عێراق لە دەستوەردانی دەرەکی و وڵاتانی دراوسێ، کە ئەگەری ئەوە هەیە کێشەکان قووڵترببنەوە و عێراق بکەوێتە نێو کۆمەڵێک کێشمەکێشی زیاتر. 

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو