پەرلەمانتاران لەعەفرین، رەخنە لەبێهەڵوێستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەگرن

  2018-02-12 13:42      299 جار بینراوە        کۆمێنت
کۆنگرەی رۆژنامەوانی پەرلەمانتارانی کوردستان

پێشنێوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدی پەرلەمانی كوردستان كە لەدوێنێ شەوەوە گەیشتونەتە عەفرین لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سڵاوی خەڵكی كوردستانیان گەیاندە خەڵك و شەڕڤانانی عەفرین، كە ماوەی 24 رۆژە توانیویانە زۆر خۆڕاگرانە بەرامبەر بەسوپای داگیركاری توركیا بجەنگن و بیانشكێنن. 
لەكۆنگرەكەدا پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان ئاماژەیان بەوەدا كە دەركەوت هیچ كەس و لایەنێك پشت و پەنامان نییە تەنیا خۆمان نەبین، بۆیە یەكڕیزی و تەبایی نێوانمان لەئێستادا لەهەموو شتێك گرنگترە.
جەختیان لەوەشكردەوە كە تەنیا بەهێزی خۆمان دەتوانین بەرگری لەخۆمان و خاكەكەمان بكەین و ئەگەر یەك بین و یەكگرتوو بین دەتوانین سەركەوتوو بین، ئامادەیی هەموو  هاوكاری و پشتیوانییەكی هەرێمیشیان بۆ عەفرین  دەربڕی.
هەر لەكۆنگرەكەدا روونیشیان كردەوە دوای 24 رۆژ لەهێرشەكانی توركیا كە بەهەموو جۆرە چەك تەقەمەنییەك هێرش دەكات، بەڵام نەیتوانیوە هەنگاوێك بچێتە پێشەوە.
پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان لەعەفرین باسیان لەڕۆڵی پەرلەمانیش كرد لەوەی پێشتر پەرلەمانی كوردستان كانتۆنەكانی رۆژئاوای ناساندووەو بەفەڕمیش ئیدانەی لەشكركێشیەكەی توركیای كردووەو ئێستاش هاتوون بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر بارودۆخی عەفرین راپۆرتێك ئامادە بكەن لەسەر ئەوەی توركیا چۆن ناوچەكانی كاولكردووەو چ زیانێكی بەناوچەكە گەیاندووە، دواتر راپۆرتەكە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی دەرەوەش وەك قونسولەكان و نوێنەری وڵاتان و رێكخراوە نێو دەوڵەتییەكان و پەیوەندیكردن بەپەرلەمانی ئەوروپا، هێزی هاوپەیمانانی لێ ئاگادار بكەنەوەو بڵاوی بكەنەوەو هەموو رێگاو میكانیزمێك دەگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەم تەوقەی سەر عەفرین بشكێنرێت.
رەخنەشیان لەئاست بێدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی دژی داعش و هەموو لایەنەكانی دیكە گرت، لەوەی تا ئێستا هیچ هەڵوێستێكیان نەبووەو بێدەنگن.
لەكۆتایشدا ئاماژەیان بەوەكرد وەك چۆن كۆبانی سەركەوت هەر بەو شێویەش عەفرین سەر دەكەوێت،
چونكە ئەوەی كە بەرامبەر بەعەفرین دەكرێت پێچەوانەی هەموو بنەماكانی مافی مرۆڤ و بنەماكانی جاڕنامەی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بنەماكانی جاڕدانی ئیرادەی گەلانە.
وەفدی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان پێكهاتبوون لە عەباس فەتاح لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و د. شێركۆ حەمە ئەمین لە بزوتنەوەی گۆڕان و سهراب میكائیل لە یەكگرتووی ئیسلامی و ئەبو كاروان لە حزبی شیوعی كوردستان.

  

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو