مەلا بەختیار: بێ‌ ئەمەكی‌و بێ‌ نمەكیی بەرامبەر بەیەكێتیی، بەرامبەر بەو دیموكراسییەی یەكێتیی دابینیكردووە، تەنها لەخەڵكی هەڵپەرست دەوەشێتەوە

  2018-02-13 00:09      1755 جار بینراوە        کۆمێنت
کۆبوونەوەی مەلا بەختیار لەگەڵ ئەنجومەنی مەڵبەندی كۆیە

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەچوارچێوەی بەرنامەی گەشتەكانیدا، بۆ ناوچەو دەڤەرە جیاوازەكانی كوردستان‌و كۆبوونەوە لەگەڵ ئۆرگانەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، رۆژی (12-2-2018) لەشاری كۆیە‌و بەئامادەبوونی رەهبەر سەید برایم، لەگەڵ ئەنجومەنی مەڵبەندی كۆیە، كۆبۆوە.
مەلا بەختیار، كۆبوونەوەكەی بەتووێژ و گفتوگۆ لەبارەی هەلمومەرجی كوردستان‌و راپەڕاندنی ئەرك و لێپرسراوێتی حزبی، بەتایبەت لەدۆخی ئێستادا، سەبارەت بەكادری یەكێتیی بەگرنگ ناوبردو وتی: هەركەسێك، هەر هێز و لایەنێك چەكی دەرونی و مەعنەوی، ماف‌و چەكی بەرگریی لەدەستبدات، زەنگێكی مەترسیدارەو لەو دیدەشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە یەكێتیی داڕێژەری فەلسەفەی مەدەنییە لەكوردستاندا، بۆیە ئەمە بە یەكێتیی نافرۆشرێتەوەو بە پێناسە‌و شرۆڤەكردنی هەڵبژاردن‌و سەركەوتن لەو پرۆسە مەدەنییەشدا، رایگەیاند:
بەیانی و دووبەیانی هەڵبژاردنە‌و هەرلایەكیش سەركەوتوو بوو، ئەوا بەناوی یەكێتییەوە، پێـاندەڵێم: دەسەڵاتی تەسلیم دەكەین‌و باقی ئەركەكانیش، سەبارەت بە پێشمەرگە‌و بەئاسایش، لەچوارچێوەی دەستوری و رێڕەوی چۆنێتی یەكخستنەوەی هێزەكاندا، كاری لەسەر دەكەین و لەو بڕوایەشەوە، هەر جۆرە بەرگرییەك لەیەكێتی نیشتمانیی‌و ئۆرگانەكانی، بە بەرگرییەكی پیرۆز دەزانێت‌و وتی: ئەوەی بەرگری نەكردو بەرگری ناكات، شەرمەزاری مێژووە!
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەكۆبوونەوەكەدا، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: ئەوەی بەسەر یەكێتیی دێت‌و ئەوانەشی لەبەرامبەر یەكێتیی وەستان‌و ئەو قۆناغەشی پێیدا تێدەپەڕین، پێویستی بەشەن‌وكەو هەیەو بەو پرسیارەی كە ئایا دروستە كادری یەكێتیی، ئۆرگان، پێشمەرگە و ئەندامی یەكێتیی لەخۆرا باوەڕ بەم‌و هەموو پڕوپاگەندەیە بكەن‌و ئەم هەموو لایەن‌و لق‌و چقەی لێمان پەیدا دەبێت، بتوانن ژینگەیەكی پڕ لەپڕوپاگەندە دروست بكەن‌و بەبێئەوەی هێشتا رووداوەكان سەلماندبێتیان‌و قۆناغەكەش پێویستی پێیانبێت؟ لەكاتێدا رابردوو شاهێد بێت، شاخ‌و راپەڕین شاهێد بێ‌، دەستكەوتەكان‌و قوتابخانەی ئایدۆلۆجییەت‌و فەلسەفەی یەكێتیی شاهێد بێ، هێشتا بەو رابردووەو بەو هەموو لاپەڕە جوانەوە، مێژوو شاهێد بێ‌، كە یەكێتیی هێزێكی مێژوییە‌و لەناو پرۆسەی مێژوودا بۆ راپەڕاندنی تەواوی ئەركەكانی دیموكراسی‌و دادپەروەری كۆمەڵایەتی لەدایكبووە! لەباری چینایەتی‌و كۆمەڵایەتییەوە، لەباری سیستەم، دەستور، فەلسەفە، خەباتی مەدەنی، خەباتكردن لەعیراق بۆ وەرگرتنی مافەكان، چۆنێتی چەسپاندنی بەندەكانی دەستورو سیاسەتی نێودەوڵەتیمان چۆن رەسمكردووە؟ ئایا هێزێك پەیدا بووەو هەلومەرجی بابەتی خوڵقاوە، كە هێزێك لەدایكببێت، بتوانێت ئەلتەرناتیڤی یەكێتیی بێت؟! ‌و وتیشی:
بۆیە ئەم پرسیارانەوەو زۆری تریش، پێویستی بەوەڵامی عەقلانییە، زانستی، چینایەتی، كۆمەڵایەتی، نەتەوایەتی، دیموكراسی‌و مەدەنی و هەموو ئەو خەونە جوانانەی لەپێناویدا خەباتمان كردووە، هەیە‌و رایگەیاند:
ئەوە هەلومەرجی بابەتییە لەناو كۆمەڵ‌و چینەكان، لەپرۆسەی سیاسی زەمینەی ئەلتەرناتیڤ دەرەخسێنێ‌، نەك كێشەی لاوەكی حزبی، یان مەرامی پلەو پایەخوازی! هێزێكیش نەتوانێ‌ وەڵامی پرسیارە بنچینەییەكانی خۆتەرحكردن، وەك بەدیلی یەكێتی بداتەوە، ناشتوانێ‌ قوفڵی مێژوو بدات‌و بەئاسانی بەو هەموو پڕوپاگەندەیەی دژی ئێمەو یەكێتی دەیكات، وا لەیەكێتیی بكات، لەمەیدانەكەدا ئاڵای سپی بۆ بەرزبكاتەوە! چونكە ئەوە مەحاڵی مەحاڵەكانە.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، رونیشیكردەوە: ئەم كەف‌و كوڵە لەدنیای سیاسەتدا هەیە‌و بەدرێژایی مێژوو هەبووە. هیچ حزبێكی رەسەنیش لەمێژوودا نییە، لەناو ژانی مێژوویدا لەدایكبووبێت‌و دووچاری ئەم هەلومەرجانە نەبووبێت، نییە!
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەشدا، بەرزونزمی لەژیانی حزبایەتیدا، بەحاڵەتێكی ئاسایی ناوبردو وتی: نائاسایی ئەوەیە لەهەڵبژاردندا، قبوڵی تەسلیمكردنی دەسەڵات نەكەیت، یان شەڕێكی خوێناوی بخوڵقێنی، لەبەرئەوەی دۆڕاویت! بۆیە قبوڵنەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، هەڵەیەكی ستراتیژییە‌و لەهێزێكی شۆڕشگێڕەوە دەتكات بەهێزێكی دژە شۆڕش‌و وتی: دەبێ‌ هەم لەباری سیاسیی‌و دەسەڵاتەوە، هەم لەباری حزبایەتیشەوە، ئەنجامی هەڵبژاردن قبوڵ بكەیت!
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەیدا، لەگەڵ ئەنجومەنی مەڵبەندی كۆیە، مەلا بەختیار، رایگەیاند: لەم كۆبوونەوەیەدا، هەموومان كۆیین‌و خۆیین، لەڕووی سایكۆلۆژی‌و دەرونییەوە، داواتان لێدەكەم، كە: یەكێتیتان، مێژووتان، مامتان‌و شەهیدەكانتان، كە ئەگەر هەر سەیری گۆڕستانەكانی كۆیە بكەیت، دەبینن چەند سەركردە‌و فەرماندەو پێشمەرگەی شەهیدی تێدایە بپارێزن‌و مەهێڵن نەیارو دژەكانتان، كاریگەری دەرونی لەسەرتان هەبێت‌و جەختیكردەوە: ئەركی یەكەمی سەرشانتان لەئێستادا، بەرامبەر ئەو هەموو راگەیاندن‌و پڕوپاگەندەیەی كە هەیە، ئەو هەموو دژایەتییەی كە هەیە‌و بەشی هەرە زۆری رق‌و مەرامە بەرامبەر یەكێتیی‌و بەشێكی رەخنەكانیش راستە، مەهێڵن كاریگەری دەرونی لەسەرتان هەبێت‌و رایگەیاند: ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی كە پێناسی یەكێتیی، ناسنامەو ویژدانتان یەكێتییە‌و كۆڵنەدانیش مەحەكی ئەخلاقییە بۆ هەركادرو ئەندامێك‌و تەئكیدی كردەوە:
یەكێك لەشوناسەكانی، ئایدۆلۆجی، فەلسەفی، سیاسی، حزبی، هەموو تێكۆشەرێكی شۆڕشگێڕو دیموكراتخواز ئەوەیە كۆڵنەدات بەرامبەر بەهەموو جۆرەكانی دژایەتی، چ عەسكەری، كۆمەڵایەتی، ئابوری‌و بەتایبەتی شەڕی دەرونی!
وتیشی: دڵنیابن، رێژەی كاریگەری دەرونی لەسەرمان چەندە كەمیش بێ‌، دواجار هەر زەرەری یەكێتیی‌و قازانجی نەیارانمانە! و لەو روانگەیەشەوە، پاشئەوەی رەهەند‌و كاریگەرییەكانی جەنگی دەرونی رونكردەوە‌و بەتایبەت هۆكاری ئەو جەنگە دەرونییەی لێكدایەوە‌و گەڕاندییەوە بۆ ئەوەی كە یەكێتیی، ئازادیی‌و سەربەستییەكی زۆرتری لەهەرلایەك دابینكردووە‌و ئەمەشی بەباوەڕ‌و ئەركی  یەكێتیی  لەپێناو چەسپاندنی دیموكراسیدا ناوبرد‌و وتی:
ئەم بێ‌ ئەمەكی‌و بێ‌ نمەكییە بەرامبەر بەیەكێتیی، بەرامبەر بەو دیموكراسییەی یەكێتیی دابینیكردووە، تەنها لەخەڵكی هەڵپەرست دەوەشێتەوە، كە نرخی ئەوە نازانێت، یەكێتیی بۆ پارسەنگی پرۆسەی سیاسی‌و دیموكراسی لەكوردستان‌و عیراقیشدا، چەند پێویستە. ئەو بێ‌ ئەمەكی‌و بێ‌ نمەكییە تەنها لەو خەڵكانە دەوەشێتەوە، كە دەچنە بەغدادو بەجەنابی عەبادی دەڵێن: بودجە و موچە مەنێرن بۆ كوردستان! چونكە لەقازانجی یەكێتی‌و پارتییە! بۆیە تا هەڵبژاردن ئەم بابەتە دوابخە، چونكە ئێمە دەبینە نوێنەری خەڵكی كوردستان!!
راشیگەیاند: هەركەسێك و لایەك چیدەڵێت، چۆن ئاراستەی ململانێكان لەئەركی گشتییەوە بۆ ئەركی تایبەتی دەگۆڕن، ئێمە تەنها باسی دەكەین. چونكە ئازادی هیچ كەس‌و لایەكمان زەوتنەكردووە! رێزی ئەم ئازادییە دەگرن یان نا، ئۆباڵەكەی لەئەستۆی خۆیاندایە، بەڵام یەكێتیی ئەخلاق‌و بیروباوەڕی سیاسی خۆی نادۆڕێنێت!
وتیشی: دڵنیابن، هەموو ئەوانەی ئێستا ئەم فەزایەیان دروستكردووەو لەناویدا دەژین، دە ساڵ نا، تەنها دوو ساڵی تر گوێیان لێبگرن لەناو خۆیاندا چیدەڵێن‌و چۆن هەڵسەنگاندنی جیاواز لەناویاندا دروست دەبێت! ئەگەرچی ماوەیەك بەهەڵچوونی سیاسی دەبرێتەسەر، بەڵام سەرەنجامی وشكە كەڵەك هەر روخانە! چونكە حزب دروستكردن، قوتابخانەیە، فكرو ئایدۆلۆجییەتە‌و زەرورەتی ئەلتەرناتیڤە لەناو باری بابەتیدا، ئەویش سەرەنجامی پرۆسەیەك، یان بزوتنەوەیەكی بابەتیكرد، لەبەرئەوەی لەڕووی بابەتییەوە، هەلومەرج نەڕەخسێ‌‌و پێنەگات، هەركەسێك حزب دروستبكات، شكستدەخوات! چونكە ئەوەی حزب دەكات بەزەرورەتی مێژوویی، هەلومەرجی بابەتییە، نەك سەركردەكانت كێن‌و كێ نین!. 
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەدرێژەی ئەو وتانەشیدا، جەختیكردەوە: ئەوەی ئێستا هەیە، كاردانەوەیە، یان رقە، یان مەرامەو یان هەندێك هەیە تا سەرەپای باڵای گەندەڵییەو دەیەوێ بەناوی ئۆپۆزسیۆن بوونەوە، لێی دەربچێت! ئەگەرچی دواجار هیچ كەسێك ناتوانێ‌ لەبەردەم حوكمی مێژوو، بەلادان‌و بادان لەهەموو ئەو تاوان‌و گەندەڵیانەی كردوێتی، هەر چییەك بێت، لێی دەربچێت. چونكە میللەت ناگەوجێندرێت، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا، كە سەردەمی جیهانگیریی و شۆڕشی زانیارییە، وتیشی:
ناڵێم گەندەڵی نییەو كەموكوڕی نییە، ناشڵێم هەڵەمان نییە، ناڵێم نەماندەتوانی لەمە باشتر بكەین كە كردومانە، بەڵام دڵنیابن، هەموو ئەوانەی هێرشمان دەكەنە سەر، دەستەبەرداری بوختانەكانیان نەبن، هێرشی بەرامبەریان دەكەینەوە سەرو بەكزۆڵە كزۆڵە بەرگری لەخۆمان ناكەین. 
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، مەلا بەختیار، لەبارەی دۆخی ناو یەكێتیشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لەنەخۆشكەوتنی جەنابی مام جەلالەوە، وردە وردە مەرجەعییەت‌و مەركەزیەت لەناو یەكێتیدا خاوكراوەتەوەو ئەمەشی بەمەرام‌و بەنەخشە بۆ كێشراو ناوبردو دووچاربوونیش بەو كێشانە، بەسەرەنجام‌و بەهێڵی سوریش ناویبرد، كە: چیتر پێویستە هەموو كادرانی یەكێتیی هۆشیاربن‌و دەبێ‌ كۆنگرەیەكی سەركەوتوو ببەستین‌و پاشان بەرەو هەڵبژاردنێك بڕۆین، كە لەم تاقیكردنەوەیەدا، ئەوەی نەیارانی یەكێتیی دەیانەوێ‌ سەرنەكەوین، بەپێچەوانەوە یەكێتیی بەسەنگێكی باشتر بێتەوە مەیدان.
لەدوا وتەكانیشیدا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، وتی: هەڤاڵان، تكای هەڤاڵانەم ئەوەیە، كە: رەخنەكانتان لەجێگەی خۆیدا بگرن‌و موعاناتی خۆشتان مەخەنە جێگەی لێپرسراوێتیتان‌و ئەو ئەركانەی ئێستا لەكوردستاندا رووبەڕومان دەبێتەوەو پێویستە، ئەوەیە هەوڵەكانمان بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی تەندروست بێت‌و هەروەكو مام جەلال-یش دەڵێت "هیچ كەسێكمان لێ‌ زیاد نییەو بەهیچ كەسێكیش ناڕوخێین"‌و دەبێ‌ چارەسەر بدۆزینەوە‌و وتیشی: ئەگەرچی قسە لەپلینۆمیش دەكرێت، بەڵام بەشبەحاڵی خۆم، كۆنگرە بەچارەسەری باشتر دەزانم، بەڵام وەك مەلا بەختیار، لەگەڵ هەموو هەنگاوێكم،  كێشەكانی ناو یەكێتیی ئارام بكاتەوەو بۆ پێشەوەمان بەرێت بەرەو چارەسەر! 
هەروەك جەختیكردەوە: چتیر نابێ‌ رێگە بدەین، زیانی زیاتر لەیەكێتیی بدرێت‌و دەشبێ‌ بزانن یەكێتیی بێكەس‌و بێ‌ كادرو ئەندام نییە! یەكێتیی بێ‌ پێشمەرگەو بێ‌ ئۆرگان‌و راگەیاند نییە! دەبێ‌ بزانن، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، بێ‌ ئێستا‌و ئاییندەش نابێ‌! و وتیشی: بۆ بەرگری لەیەكێتیی‌و بۆ هێرش بردنیش بۆ ئەو لایەنانەی بەئاشكرا، تاوانی خەیاڵی تێكشكاندنی یەكێتیی دەكەنەوە، هەمووكادر‌و ئەندامێك لەبەرگریكردن لەیەكێتیی بەرپرسیارەو سەركردایەتیشە!

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو