ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ عەبادی: جگە لەبرسیكردن هەموو لایەكتان تووشی بێ ئومێدی و دڵەڕاوكێ كردووە

  2018-02-13 14:02      194 جار بینراوە        کۆمێنت
خوێندنەوەی پەیامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەپەیامێكدا داوای لەحەیدەر عەبادی كرد موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت و پەلە بكرێت لەكردنەوەی فڕۆكەخانەكان.
لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەپارێزگای سلێمانی، ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ لەپەیامێكدا بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رایگەیاند: ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پەیامی خۆمان ئاراستەی بەڕێزتان دەكەین و روو لەو بەڵێنانەی ئێوە دەكەین كە جەنابتان بەموچەخۆران و جوتیارانتان دابوو، بەردەوام لەوتاری هەفتانەی خۆتاندا بانگەشەی ناردنی موچەتان دەكرد، عیراقییەكان و هەرێمی كوردستان و جیهانتان دڵنیا دەكردەوە كە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان برسی ناكەن، بەڵام بەداخەوە جگە لەبرسیكردن هەموو لایەكتان تووشی چاوەڕوانییەكی بێ ئومێدی و دڵەڕاوكێ كردووە.
هەر لەپەیامەكەدا هاتبوو كە نەناردنی بودجە بەبیانووی وردبینی كردن دەبێتە هۆكارێك لەسەر نەمانی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراقی فیدراڵ.
لەپەیامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەشكرابوو كە بایۆمەتری بەشێكی گرنگە لەوردبینی و پێشتر حكومەتی هەرێم جێبەجێیكردووە، لەبەر ئەوە هیوادارین لەلای بەڕێزتان عیراقییەكی خاوەن ماف و هەق بین، دەستوری حكومەتی عیراقیش بۆ هەموو پارێزگاكان سەبارەت بەمافی موچەخۆران و جوتیاران و خزمەتگوزاری ئاوەدانكردنەوە وەكو یەكبین و چیتر هەرێمی كوردستان دەستی بەدەستی پێ نەكرێت.
لەكۆتایی پەیامەكەشدا داوا كرابوو كە كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم پەلەی لێبكرێت و بەپێی ئەو مادانەی كە لەدەستوردا هاتووە، چونكە بۆ نەخۆشی و خاوەن پێداویستی تایبەتی و بەرژەوەندی گشتی زۆر پێویستە.

 

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو