مەکتەبی سیاسی: مام جەلال سەرۆکێک لەسایەیدا، ئازادى بیرو رەخنەى ئازاد بوژایەوە

  2017-10-03 22:25      366 جار بینراوە        کۆمێنت

مەکتەبی سیاسی بەهۆی کۆچی دوایی مام جەلال سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە, ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیە:

بەیاننامەى مەکتەبى سیاسى یەکێتیى، 
بەبۆنەى کۆچى دوایى سەرۆک مام جەلال

هەڤاڵانى تێکۆشەرى یەکێتیى!
پێشمەرگە قارەمانەکان!
کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان!
ئەى نەتەوەى ستەملێکراوى کورد!
دۆستان و  پشتیوانانى گەلى کوردستان!
هاوڕێیانى مام جەلال!

مەکتەبى سیاسى یەکێتیى نیشتمانیى کرودستان، کۆستێکى نیشتمانى و جەرگبڕترین هەواڵى کۆچى دوایى، سەرۆکى مێژوویى و رابەرى هەڵکەتوو، تێکۆشەرى کۆڵنەدەرى زیاتر لەنیو سەدەى خەباتى رزگارى کوردستان یان نەمان و  دیموکراسى و مافى چارەى خۆنوسینى نەتەوەى کوردو گەلان، هەواڵى کۆچى پێشەنگى برایەتى گەلان و پارسەنگى چارەسەرى کێشەکانى پێکهاتەکانى عیراق و لایەنە کوردستانییەکان و دۆستایەتى و ئاشتەوایى وڵاتان، سەرۆکێک، هەمیشە لەخزمەتى رەنجدەرانى بیروبازوو بوو، سەرۆکێک لەسایەیدا، ئازادى بیرو رەخنەى ئازاد بوژایەوەو دورنماى خەباتیشى، دادپەروەرى کۆمەڵایەتى و نەمانى چەوسانەوەى مرۆڤ بوو لەلایەن مرۆڤەوە.. 
بەداخ و پەژارەیەکى هەرە قوڵەوە، هەواڵى ژیانئاوایى سەرۆک مام جەلال، بەکۆمەڵانى خەڵکى کوردستان رادەگەیەنین و لەم ساتە وەختە هەرە خەمبارەشدا، پەیمانى شەرەفى سیاسى و پێشمەرگایەتى بۆ رۆحى پاکى مام جەلالى پێشمەرگە، مام جەلالى فەرماندەى هێزى پێشمەرگە، مام جەلالى سەرۆک، مام جەلالى باوک و هەڤاڵ و دڵى گەورەى میهرەبانى دوور لەرق و کینە، مام جەلالى چەسپێنەرى برایەتى و دۆستایەتى، دوپات دەکەینەوە.
جەماوەرى ئازادیخوازى کوردستان و تەواوى گەلانى عیراق!
ئێمە دڵنیاین خواى گەورە، سەرۆکى مەزنمان، لەپاداشتى ئەو هەموو دڵپاکى، چاکخوازیى، ئاشتى، رێزگرتنەى لەبیروراکان، ئایینەکان، مەزهەب و  ئایینزاکان، بە بەهەشتى بەرینى شاد دەکات.
فرمێسکى وەفادارى لەسەر مەزارى سەرۆکمان دەڕێژین و بەهیواین ئاڵاى سەوزى یەکێتیى و برایەتى شەکاوەبێ، ئومێدەواریشین تەمەنى هێرۆى هاوسەرو هاوخەباتى مام جەلال و  بافڵ و  قوبادى کوڕى، درێژبێ.


مەکتەبى سیاسى
یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان
ئێوارەى (3)ى ئۆکتۆبەرى 2017

 

 

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو