پرۆگرامێكی نوێی خوێندن بۆ قۆناغی بنەڕەتی زیاد دەكریت

  2019-09-17 14:30      504 جار بینراوە        کۆمێنت

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، پرۆگرامی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكانی ئامادەكردووە كە نوێترین پرۆگرامی گشتگیرە بۆ جێگرەوەی پرۆگرامی مافی مرۆڤ و مەدەنی و لەقوتابخانە بنەڕەتیەكان بەمەبەستی تاقیكردنەوەش لەچەند ناوەندێكی خوێندندا دەخوێنرێت.
عەبدوڵڵا سەعید بەڕێوەبەری پەیمانگای راهێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی لەسلێمانی لەلێدوانێكدا رایگەیاند: پرۆگرامی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان وانەیەكی تازەیە بەهاوكاری رێكخراوی یونسێف 65 و وەزارەتی پەروەردە بەشی پرۆگرامەكان دانراوە، بۆ قۆناغی بنەڕەتی كە لەپۆلی یەك تا نۆی بنەڕەتی دەگرێتەوە.
ناوبراو وتیشی: چەند نمونەیەكمان لەقوتابخانەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە وەرگرتووە، بەجۆرێك 57 قوتابخانە لەسلێمانی و 5 قوتابخانە لەهەڵەبجە دەگرێتەوە، لەسەرئاستی هەر قوتابخانەیەكیش دوو مامۆستا بۆ ماوەی چوار رۆژ خولێكی تایبەت دەبینن كە رۆژانە پێنج كاتژمێر وانە لەسەر چۆنێتی وتنەوەی وانەكە دەخوێنن.
رونیشیكردەوە، ناوەڕۆكی ئەو وانەیە باس لەبەها كۆمەڵایەتی و ئایینی و مرۆییەكان و ئازادی تاك و كۆمەڵگا دەكات، بەمەبەستی تاقیكردنەوەش ئەمساڵ لەو چەند قوتابخانەیەی سلێمانی و هەڵەبجەدا دەخوێنرێت و لەم ماوەیەدا بەدواداچوونی بۆ دەكرێت و داوا لەمامۆستای بابەتەكەو بەڕێوەبەری قوتابخانەكان و سەرپەرشتیارانیش دەكەن رەخنەی خۆیان پێشكەش بكەن، ئەگەر تاقیكردنەوەكە سەركەوتوو بێت، ئەوا ساڵی داهاتوو لەسەرجەم قوتابخانەكاندا دەخوێنرێت.
عەبدوڵڵا سەعید ئەوەشی خستەڕوو، بەشێوەیەكی گشتی كێشەی قوتابخانەكان بۆتە نمرە، كە پێی دەوترێت نیزامی بانكی، پێویستە واز لەو سیستمە بهێنرێت كە شتێك فێری خوێندكار بكەین و لەتاقیكردنەوەدا بمانداتەوە، بەڵكو ئێمە دەمانەوێت شتێكی فێربكەین بۆ تەواوی ژیانی پیادەی بكات.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو