مەلا بەختیار: یەكێتی، رێگەیەكی دوورو درێژمان لەبەردەمدا ماوە

  2019-09-21 18:27      99 جار بینراوە        کۆمێنت

مەلا بەختیار، رایدەگەیەنێت: یەكێتی لەمێژوودا، تەنها بۆ رزگاركردنی كوردستان دانەمەزراوە!
ئەم وتەیەی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەچوارچێوەی ئەو دیدارەكەیدا هات كە ئەمڕۆ شەممە (21/9/2019) لەگەڵ ژمارەیەك لەكادرانی كۆمیتەكانی دەڤەری پشدەر بەڕێوەچوو.
هەر لەو دیدارەدا، مەلا بەختیار، ئاماژەشی بەوەكرد، كە ئومێدەوارین یەكێتی بگاتە ئەو قۆناغەی رەخنەیەكیشی پێویست نەبێ‌، بەشێوەیەك هەمومان لەمایەشی بخۆین لەسایەشیدا بژین! حزبێك بێ‌ لەهەموو حزبەكانی تر كاریگەرتر بێ‌‌و بتوانێ‌ باقی پەیامەكانی‌و ئەركەكانیشی لەمێژوودا بەجێبهێنێت.
راشیگەیاند: یەكێتی لەمێژوودا، تەنها بۆ رزگاركردنی كوردستان دانەمەزراوە، بەڵكو دوو ئەركی گەورەی دیكەشی هەیە، كە هێشتا بەدینەهێناوە، ئەوانیش یەكەم دیموكراسییە، كە ئێستا لەسەرەتای رێگەی پرۆسەی دیموكراسین‌و ئەركی دووەمیشی دادپەروەرییە، وەكو سۆشیال دیموكرات.
وتیشی: هەرحزبێكیش سۆشیال دیموكرات بێت‌و نەتوانێ‌ تەواوی ئەركەكانی دیموكراسی بەدیبهێنێت، مەحاڵە بتوانێ‌ دادپەروەری بەدیبهێنێت. بۆیە وەكو یەكێتی، رێگەیەكی دوورو درێژمان لەبەردەمدا ماوە‌و بەداخەوە لەم رێگە دوورو درێژەی لەبەردەمماندایە، یەكێتی لەناوخۆیدا دووچاری ئەم هەموو كێشەو بێشەیە بووە‌و لەدەرەوەی خۆشمان هەروەها.. بۆیە یەكێتی تەنها بەكۆنگرەیەكی رواڵەتی ناتوانێ‌ متمانە بگێڕێتەوەو ئۆرگانەكان ببوژێنێتەوە.
لەو روانگەیەشەوە، پەیوەندییە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەكوردستان، عیراق‌و هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتی تاووتوێ‌كردو ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، كە قەیرانێكی بچووك لەبازگەیەكدا، كە بە ناڕەوا رێگەیان لەكاك مەحمود سەنگاوی گرتووە! لەكاتێكدا پارتی قەت نەدەبوو ئەمە بكەن، چونكە هیچ ئسوڵێك ئەمە قبوڵ ناكات، كە پارتی كردوویەتی‌و باوەڕ ناكەم لێپرسراوەكانی خۆشیان، پێیانخۆشبووبێت ئەمە روویداوە، چونكە خەریكە لەسەر قەیرانێكی بچوك، نێوان یەكێتی‌و پارتی، تێكبچێت! بەڵام خۆشحاڵم كە مەكتەبی سیاسی زۆر بەئارامی مامەڵەیان لەگەڵ ئەم بابەتەدا كردووە.
لەبارەی كۆنگرەشەوە، مەلا بەختیار، پاشئەوەی ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، كە بەتەوافوق چوونە ناو كۆنگرە رەتدەكاتەوە، بۆ هەڤاڵان كادرانی كۆمیتەكانی دەڤەری پشدەر، تەئكیدی كردەوە: یان سیاسەت مەكەن، یان سیاسییەكی بەبیروباوەڕبن! یان سیاسەت مەكەن، یان سیاسییەكی بەڕەوشت‌و بەوەفابن! جوانی سیاسەت لەوەدایە رەوشتێكی بەرزت هەبێ‌، بیروباوەڕێكی بەرزت هەبێ‌‌و كردارو رەفتاری بەرزت هەبێ‌! بۆیە ئەم تەمەنەی ئێوەش، تەمەنی تێگەیشتن‌و خۆ پەروەردەكردنە، تەمەنی پێشكەوتن‌و تەمەنی ئەوەیە كە بەڕاستی خەمی ئێستا‌و ئاییندەی حزبەكەتان بخۆن! هەموو ئەمانەش بەوە دەبێ‌ كە بەڕاستی بیروباوەڕ، هەست‌و هەڵوێست‌و هەموو ویژدانت، بجوڵێنیت! ئەمەش واتا: یان بیروباوەڕو رێگەی راست، یان نەبوونی بیروباوەڕو رێگەی هەڵە..

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو