خزمەتگوزاری‌ ئینتەرنێت لەپارێزگاكانی‌ عیراق راگیرا

  2019-10-03 11:59      105 جار بینراوە        کۆمێنت

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە خزمەتگوزاری‌ ئینتەرنێت لەسەرجەم پارێزگاكانی‌ عیراق راگیراو حكومەتیش هیچ لێدوانێكی‌ لەوبارەوە رانەگەیاندووە.
بەگوێرەی‌ سەرچاوەكانی‌ هەواڵ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 3-10-2019، خزمەتگوزاری‌ ئینتەرنێت لەپارێزگاكانی‌ عیراق بەهۆی‌ خۆپیشاندانەكانەوە راگیراو راگرتنی‌ خزمەتگوزاری‌ ئینتەرنێت، دوای‌ ئەوە دێت كە لەبەغداو شارەكانی‌ ناوەڕاست و باشووری‌ عیراق هاووڵاتیان خۆپیشاندانیان كردو داوای‌ دابینكردنی‌ هەلی‌ كارو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانیان كردو توندوتیژی‌ لێكەوتەوە.
دوێنێ‌ چوارشەممە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی‌ فەیسبووك و تویتەرو ئینستاگرام و واتساپ لەعیراق جگە لەشارەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان كە خاوەنی‌ ژێرخانەی‌ ئینتەرنێتی‌ تایبەت بەخۆیەتی‌، لەكاركەوتن.
تا ئێستاش وەزارەتی گەیاندنی عیراق هیچ لێدوانێكی‌ لەسەر ئەو پرسە نەداوە كە بەبۆچوونی خۆپیشاندەران هەنگاوێكە بۆ رێگرییكردن لەبڵاوبوونەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان.
بەهۆی‌ خۆپیشاندانەكانەوە شەوی رابردوو ناوچەی سەوز كە بارەگای‌ بینا حكومییەكان و بارەگای‌ باڵیۆزخانەی‌ وڵاتانی‌ بیانی‌ تێدایە، بەتەواوی داخرا. 
پێشتریش وەزارەتی بەرگری بڕیاریدا سەرجەم یەكەكانی سوپا بۆ پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و باڵیۆزخانەكان بخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
هاوكات عادل عەبدولمەهدی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق بڕیاری‌ دا لەكاتژمێری‌ 5ی‌ ئەم بەیانییەوە تا كاتێكی‌ نادیار لەبەغدا هاتووچۆ قەدەغە بكرێت.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو