ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق: بەهیچ جۆرێك ئەم خۆپیشاندانانە كاریگەری لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابێت

  2019-10-04 12:56      421 جار بینراوە        کۆمێنت
تا کۆتایی ئەمساڵ ناردنی موچە بەردەوام دەبێت

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند خۆپیشاندانەكانی عیراق هیچ مەترسییەك لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەمساڵدا دروست ناكات.
ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی كاروباری دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی عیراق لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە رایگەیاند " ئەوەی كە بۆتە یاسا تا 31/12/2019 بەردەوام دەبێت بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ڕاستە حكومەتی عیراق فشاری لەسەرە، بەڵام بەشێوەیەك لەشێوەكان دەتوانێت ئەوە دابین بكات، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە حكومەتی عیراقی خۆی كێشە بۆ خۆی دروست دەكات لەكاتی دروست بوونی ئەم حكومەتەوە دەبوو لە سێ سێكتەردا چاكسازی بكردایە، یەكەم سیستمی سیاسی و سیستمی ئابوری و سیستمی ئیداری."
سەبارەت بەكاریگەری ئەو خۆپیشاندانانە لەسەر بودجە و موچەی كوردستان، ئەحمەدی حاجی ڕەشید دەڵێت" بودجە و موچەی كوردستان ئەوەندە گەورە نیە، كێشەكە لەوەدایە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەقۆناغێكی سستدا دەڕوات لەعیراق بەهۆی ئەو سستیەی كەهەیە، لە ئێستادا كۆمەڵێك گرێبەست كراوە بۆ وەبەرهێنانی كارەبا بەڵام لانی كەم شەش مانگ بۆ ساڵێكی پێدەچێت، خۆپیشاندەریش ئەوە نازانێت، دەبوایە كاتی خۆی بكرایە، لەكاتی خۆیدا ئاماژە بەوەكرا ئەم دۆخە وای لێدێت."
لەبارەی بوونی مەترسی لەسەر بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەهۆی كاریگەری خۆپیشاندانەكانەوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی كاروباری ئابوری و دارایی پەرلەمانی عیراق وتی" لەو بڕوایەدا نیم حكومەتی عیراقی شتی وابكات، چونكە نایەوێت كێشەكە بكات بە دوو كێشە، هەروەها عادل عەبدولمەهدی ئێستا ئەوە بەدەستكەوتی خۆی دەزانێت كەتوانیوێتی كێشەی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی ساڵێك چارەسەر بكات بۆیە نایەوێت لەناو پەرلەمان 50-60 پەرلەمانتاری لێ ڕاست ببێتەوە و هەمیشە باسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكەن.
وتیشی: من خۆم عادل عەبدولمەهدیم ڕووبەڕوو بینیوە ئەوەی بە ئاشكرا وت كە بەهیچ جۆرێك دەست نابات بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەمساڵدا، بۆیە ئەوەی من دەیبینم بەهیچ جۆرێك ئەم خۆپیشاندانە كاریگەری لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەمساڵدا نابێت بەڵام بۆ 2020 بەدڵنیایی كاریگەری دەبێت."
وتیشی" ڕەنگە كاریگەری هەبێت كەناردنی بەشە موچە بۆ چەند ڕۆژێك دوابكەوێت چونكە ئێستا كاتی ناردنیان گۆڕیووە بۆ ئەوەی نەبێتە "زەجە" لەسەرییان بۆیە كاتەكەیان گۆڕیوە بەڵام لەنێوان وەزیری دارایی كە كوردە لەگەڵ سەرۆك وەزیران جۆرێك لە هەماهەنگی هەیە بۆ ناردنی ئەم موچەیە تاوەكو "31/12.
دەنگی ئەمریكا

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو