ئەندامێكی پەرلەمان: ئەو بەڵێنانەی بەخۆپیشاندەران دراوە كەمترینیان جێبەجێبكرێت، بارودۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە

  2019-10-06 16:39      220 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایدەكات، ئەم خۆپیشاندانانەی ئێستای عیراق تەنها لەدژی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی نییە، بەڵكو دژی گەندەڵی و نوخبەی سیاسی عیراق و خراپی دەسەڵاتی 15 ساڵی رابردووە.
د.میران محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی سەوز لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە(PUKNOW)ی راگەیاند: ئەم خۆپیشاندانەی عیراق بەتەنها دژی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی نییە، بەڵكو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی عیراقییەكان دژی دەسەڵاتی 15 ساڵی رابردووی نوخبەی سیاسی عیراقە، چونكە دروشمی خۆپیشاندانەكان دژی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەو دژی ئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگاكانن و تەنانەت دژی دادگاو دادوەرین لەعیراقدا، وتیشی: لەبەرئەوەی لە15 ساڵی رابردوودا هیچ خزمەتگوزارییەك بۆ عیراق نەكراوە، فراكسیۆنە كوردستانییەكان كە بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانیان كردووە، ئەمە لەدژی سەرۆك وەزیران نییە، چونكە سەرۆك وەزیران ماوەی ساڵێكە پۆستەكەی وەرگرتووەو ئەمە پشتكردنە د.عادل عەبدولمەهدی نییە لەلایەن كوردەوە.
باسی لەوەشكرد، كێشەی خۆپیشاندەران ئەوەیە كە بەڵێندراوەو جێبەجێنەكراوە، لەچوارساڵی شەڕی داعش هیچ نەكراو لەدوای شەڕی داعشیش هیچ خزمەتگوزارییەك نەكرا، كێشەی خۆپیشاندەران ئەوەیە كەماوەی 16 ساڵە تەنها پرۆژەیەكیش لەعیراق جێبەجێنەكراوەو ماوەی 16 ساڵە تەنها نەخۆشخانەیەك لەعیراق دروستنەكراوەو گەندەڵی و نادادپەروەرییەكی زۆر هەیەو كەسیش لێی نەپرسیوەتەوە، وتیشی: ئەم خۆپیشاندانەی ئێستا تەنها لەدژی عادل عەبدولمەهدی نییە، بەڵكو لەدژی نوخبەی سیاسی عیراقە كە لەماوەی ئەم 15 ساڵەدا حوكمی عیراقیان كردووەو هیچیان بۆ نەكردووە، هۆكارێكی دیكەی خۆپیشاندانەكان سیاسییە، لەبەرئەوەی عیراق وڵاتێكی ترسناكەو ململانێی شیعەو سوننەو دەستی دەرەكیشی تێدایە.
د.میران ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەڵوێستی ئێمەش وەك پەرلەمانتارانی كورد ئەوەیە ئێمەش وەك پەرلەمانتارەكانی دیكە دەمانەوێت خەڵك خزمەت بكرێت و هەمووان لەگەڵ ئەوەین وەزیرەكان بێنە پەرلەمان و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت.
سەبارەت بەئاڵۆزییەكانی عیراق و كاریگەری لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم د.میران روونیكردەوە، لەبارەی مووچەوە هیچ كاریگەرییەكی خراپی نابێت و بۆ ساڵی 2020یش بەهەمانشێوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عیراق روونیشیكردەوە، بێگومان تێكچوونی بارودۆخی عیراق كاریگەری خراپی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، بەشێوەیەك ئەگەر خەڵك لەعیراق بكوژرێت و برینداربكرێت و بگیرێت، لەلایەكی دیكەشەوە بارودۆخەكە سەقامگیر نەبێت، پرۆژە جێبەجێناكرێت، بودجە پەسەند ناكرێت، لەبەرئەوە كاریگەری خراپی بۆ هەرێمیش دەبێت، چونكە تا بارودۆخی عیراق خراپ بێت دەستێوەردانی دەرەكی دروستدەبێت و بارودۆخەكە زیاتر تێكدەچێت.
باسی لەوەشكرد، لەچەند رۆژی داهاتوودا ئەگەر ئەو بەڵێنانەی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان بەخۆپیشاندەرانیان داوە كەمترینیان جێبەجێبكرێت، بارودۆخەكە ئاسایی دەبێتەوەو ئەم گرژی و ئاڵۆزییەی ئێستا نامێنێت و خەڵك بەوە رازییە.

 

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو