كۆسرەت ڕەسول: یەكێتی بەئەركی سەرشانی خۆی دەزانێ هاوكارو پشتیوانی خوشك و براكانی بێ لە هەموو كوردستان

  2019-10-14 21:57      437 جار بینراوە        کۆمێنت

‎پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٤/١٠/٢٠١٩ كۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە هاوڕێیەتی هەریەك لە ڕەفعەت عەبدوڵاو ئاسۆ مامەند ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، سەردانی مەڵبەندی ڕێكخستنی چەمچەماڵی كردو لەلایەن لێپرسراوی مەڵبەندو ستافی مەڵبەندەوە پێشوازی لێكرا.
‎لە كۆبوونەوەیەكدا جێگری سكرتێری گشتی سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كادیرانی سنوورەكەی كردو باسی لەگرنگی ڕۆڵ و پێگەی خەڵكی تێكۆشەری چەمچەماڵ كرد لە شۆڕشەكانی كوردو خزمەتكردن و بەشداریانی لەڕیزەكانی یەكێتی بەرزنرخاند.
‎لەبەشێكی تری وتەكانیدا جێگری سكرتێری گشتی باسی دۆخی كوردستان و ناوچەكەو دۆخی ڕۆژئاوای كوردستانی كردو دووپاتی كردەوە كە پێویستە لەشكركێشییەكانی سەر ڕۆژئاوا ڕابگیرێ و چیتر ژن و منداڵ و خەڵكی سڤیل نەكرێنە قوربانی.
‎كۆسرەت ڕەسول گوتیشی بۆ ئێمەی كورد زۆر قوڕسە كە دەبینین هاوپەیمانەكانمان پشت دەكەنە دۆستەكانی خۆیان و خەریكە ناوچەكە دەسپێرن بەدۆخێكی نەخوازراو، كە هیچ كەسێكمان ئومێدی بۆ ناخوازین و كاریگەری خراپ دەكاتە سەر ئایندەی ناوچەكە.
‎ كۆسرەت ڕەسول جێگری سكرتێری گشتی باسی لەهەوڵەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخە كردو دووپاتی كردەوە كەیەكێتی بەئەركی سەرشانی خۆی دەزانێ هاوكارو پشتیوانی خوشك و براكانی بێ لە هەموو كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان خەباتی كردووەو خەبات دەكا بۆ سەركەوتنی دیموكراسی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو بەدەستهێنانی مافە دیموكراتی و نەتەوەییەكانی گەلی كورد.
‎لەكۆتاییدا گفتوگۆیەكی هەڤاڵانە ئەنجامدرا لەنێوان بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەكێتی و قۆناغی داهاتووی كاركردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی یەكێتی.
هەر لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ چەمچەماڵ، كۆسرەت ڕەسول سەردانی ماڵی شێخەی مەمەندئاغا ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی كردو لەوێ لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی و ڕیش سپی و پیاوماقوڵانی كوردو عەرەبی ناوچەكە كۆبۆوە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو