وەزارەتی تەندروستی، لەسەر بوونی حەپ لە ناو كێكێكدا رونكردنەوە دەدات

  2019-10-30 14:23      412 جار بینراوە        کۆمێنت
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان

پاش ئەوەی لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی كەسێك لە ناو كێكێك دوو حەب دەردەهێنێت، ئەم دیمەنە ڤیدیۆییە كاردانەوەی لە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروست كردو لە بەرامبەردا وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بوونی حەبی لە ناو ئەو كێكە رەتكردەوە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، دوا بە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە تێیدا كێكێك نیشانەدرێت گوایە حەبی تێدایە، لەسەر بڕیاری وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم تیمەكانی كاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر بەدواداچوونیان بۆ كێكی (لۆبۆ) كرد.
ئەوەشی خستەڕوو، پاش ئەوەی چەندین نمونەی جۆراوجۆر لە كێكی (لۆبۆ) وەرگیرا، روونبووەوە كە هیچ جۆرە حەبێكی تێدا نیەو نمونەی ئەو كێكەمان ناردووە بۆ تاقیگە تاكو پشكنینی تەواوی تاقیگەیی بۆ بكرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، بەر لە مانگێك لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری پاراستنی تەندروستی لە چوارچێوەی كاری رۆژانەی خۆماندا پشكنینمان بۆ ئەو كێكە كردبوو، لە كۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتی كاروباری پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیانی دڵنیاكردووەتەوە كە بە زووترین كات لە ئەنجامی پشكنینەكە ئاگاداریان دەكەینەوە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو