هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەسەر نوێبوونەوەو یەكخستنەوەی ریزەكانی یەكێتی دەدوێت

  2018-03-08 23:40      663 جار بینراوە        کۆمێنت
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو ژنانی ئۆرگانەکانی یەکێتی

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد جەخت لە پێویستی بەستنی كۆنگرە بۆ نوێبوونەوە و یەكخستنەوەی زیاتری ریزەكانی یەكێتی دەكاتەوە و پشتیوانی خۆشی بۆ پەیامی ژنانی رێكخستنەكان و تێكۆشەرانی یەكێتی دەردەبڕێت.
ئەمڕۆ 8- 3- 2018، لەشاری سلێمانی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازیكرد لە ژمارەیەك لە ژنانی رێكخستنەكان و تێكۆشەرانی(ی.ن.ك).
لەدیدارێكدا بارودۆخی ئێستای كوردستان و ئاڕاستەی سیاسەتی یەكێتی بۆتێپەڕاندنی دۆخەكە و هەنگاونان بۆ كۆنگرەی چوارەم و رۆڵی ژنانی یەكێتی لەوچوارچێوەیەدا تاوتوێكرا.
لەو دیدارەدا، مهاباد شێخ محەمەدئەمین ئەندامی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانی لەگەڵ دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ پێشوازی و دیداری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵیاندا، ئامانجی سەردانەكەیانی روونكردەوە كە بریتییە لەگەیاندنی پەیامی ژنانی رێكخستنەكان و تێكۆشەرانی(ی.ن.ك)، كە خاڵی گرنگی داواكردنی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەئایندەیەكی زۆر نزیكدا.
ئاماژەی بەوەشدا كە سەرۆك مام جەلال، هەمیشە داكۆكیكاری چەسپاندنی مافەكانی ژنان و بەشدارپێكردنیان بووە لەناوەندی بڕیاری حزبی و حكومیدا، بۆیە لەدەستدانی ئەو سەرۆكە مەزنە كەلێنێكی گەورەی بۆ دەستەبەركردنی ماف و ئازادییەكانی ژنان دروستكردوە.
ئەوەشی خستەڕوو وەك ژنانی یەكێتی بەردەوام دەبن لەپاراستنی رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال و "سیاسەتی چەپكە گوڵەكەش رێنمای كارەكانمانە كەدەتوانین لێوەی خزمەت بەكۆمەڵانی خەڵك بكەین  و گەشەش بەحزبەكەمان بدەین".
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، بیروڕا سەبارەت بە دۆخی یەكێتی و چۆنیەتی زەمینەسازی و هەنگاونان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانی ئاڵوگۆڕكرا، لای خۆیەوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پێویستی بەستنی كۆنگرەی بۆ نوێبوونەوە و یەكخستنەوەی زیاتری ریزەكانی یەكێتی دووپاتكردەوە.
لەبارەی دۆخی ئێستا و هەڵوێستی ژنانی رێكخستنەكان و تێكۆشەرانی یەكێتی، ئەندامانی وەفدەكە، پێشنیاز و تێبینییەكانیان بۆ باشتر ئەنجامدانی كار و چالاكییەكانیان لەپێناو خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك خستەڕوو، جەختیان لەپێویستی كاركردنی جددی لەسەر ناوەڕۆكی پەیامەكەیان كردەوە لەلایەن سەركردایەتی یەكێتییەوە كە خاڵی گرنگی داواكردنی بەستنی كۆنگرە و یەكێتیی ناو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانییە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد-یش پشتیوانی خۆی بۆ پەیامەكەیان دەربڕی و بە پەیامێكی گرنگی بۆ دۆخی ئێستا یەكێتی و ژنانی رێكخستنەكان ناوبرد.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو