رێوڕه‌سمێك بۆ به‌رزڕاگرتنی شه‌هیدانی ده‌شتێو به‌ڕێوه‌چوو

  2018-03-09 17:54      351 جار بینراوە        کۆمێنت
له‌ گۆرستانی قه‌ڵادزێ رێوڕ‌سێك بۆ به‌رزراگرتنی ساڵیادی داستانی ده‌شتێو و شه‌هیدبوونی سه‌ركرده‌ سەعدی گچكه‌ و هه‌ڤاڵه‌كانی به‌رێوه‌چوو

سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 8/3/2018 له‌ گۆرستانی قه‌ڵادزێ رێوڕ‌سێك بۆ به‌رزراگرتنی ساڵیادی داستانی ده‌شتێو و شه‌هیدبوونی سه‌ركرده‌ سەعدی گچكه‌ و هه‌ڤاڵه‌كانی به‌رێوه‌چوو.

له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له هەڤاڵ قادر عەزیز ‌و‌ شاناز ابراهیم ئه‌حمه‌د تاجه‌ گوڵینه‌كه‌یان له‌سه‌ر گڵكۆی شه‌هیده‌كان دانا و دواتر هه‌ڤاڵ قادر عەزیز به‌ ناوی خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیده‌كان و وه‌ك به‌شداربوویه‌كی شه‌ری ده‌شتێو باسی له‌ گرنگی داستانی ده‌شتێو و پاڵه‌وانیه‌تی كاك سەعدی گچكه‌ و هه‌ڤاڵه‌كانی له‌م شه‌ره‌دا له‌ به‌رامبه‌ر سوپای داگیركه‌ری رژێمی سه‌دام كرد.

 هه‌روه‌ك به‌له‌به‌رچاو گرتنی نابه‌رابه‌ری هێز و له‌ ده‌ستپێكی شۆرشه‌كه‌ و ئه‌و زه‌ره‌روزیانانه‌ی به‌ هێزی دوژمن له‌م شه‌ره‌دا كه‌وت ، هه‌ڤاڵ قادر عەزیز وتی شه‌ری ده‌شتێو به‌ دیارترین داستانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌رامبه‌ر سوپای عێراق له‌ شۆرشی نوێدا ئه‌ژمار ده‌كرێت. له‌و داستانه‌دا شه‌هیدی سه‌ركرده‌ سەعدی عزیز ناسراو به‌ سعدی گچكه‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی (8)ی ئه‌وكاته‌ی ده‌شتی هه‌ولێر و (13) له‌ هه‌ڤاڵه‌كانی له‌ مه‌یدانی شه‌ره‌كه‌دا شه‌هیدبوون و (4) هه‌ڤاڵی تریش دوای ئه‌وه‌ی به‌ برینداری ده‌ستگیركران دواتر له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ له‌سێداره‌دران.

 له‌و رێوره‌سمه‌دا جگه‌ له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیده‌كان قائمقام و به‌رپرسی حزبی و حكومی له‌ قه‌ڵادزی و به‌رپرس و ئه‌ندامانی هه‌ردوو كۆمیته‌ی قه‌ڵادزی و سه‌نگه‌سه‌ر و به‌رپرسی ده‌زگای شه‌هیدان و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌سایه‌تی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و خزم و دۆست و هه‌ڤاڵه‌ دێرینه‌كانی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ كاك سەعدی ئاماده‌ی رێوره‌سمه‌كه‌ بوون.

هه‌روه‌ك له‌ رێوره‌سمه‌كه‌دا هه‌ڤاڵ بكر حه‌مه‌ ناسراو به‌ مەلا به‌كر به‌شداربوویه‌كی تری شه‌ره‌كه‌ باسی له‌ شه‌ره‌كه‌ و به‌ تایبه‌تیش له‌ چركه‌ساتی شه‌هیدبوونی كاك سەعدی له‌ گرده‌چێودا كرد. له‌ كۆتایی رێوڕه‌سمه‌كه‌دا وێرای سوپاسكردنی ئاماده‌بوان ، هه‌ڤاڵ قادر عەزیز رۆڵی خه‌ڵكی خۆراگریی قه‌ڵادزه‌شی به‌رزنرخاند كه‌ چۆن له‌ كاتی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی شه‌هیده‌كان بۆ شاری قه‌ڵادزێ وه‌ك نیشاندانی توڕه‌یی و ناڕازیبوون له‌م تاوانه‌ی رژێم دووكان و بازاریان داخستوه‌ و له‌ ناشتنی ته‌رمی شه‌هیده‌كان به‌شدارییان كردوه‌.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو