كەركوك.. یادی 27 ساڵه‌ی شه‌هیدانی شۆرجه‌ كرایەوە

  2018-03-12 19:51      322 جار بینراوە        کۆمێنت
دیمەنێك لە مەراسیمی ساڵیادی شەهیدانی شۆرجە

ئه‌مڕۆ 12-3-2018 ئاسۆ مامه‌ند لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی 2ی كه‌ركوك، به‌ هاوڕێیەتی رێبوار ته‌ها ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق و به‌ ئاماده‌بوونی كادران و جه‌ماوه‌رێكی زۆری سنوره‌كه‌، ئاماده‌ی مه‌راسیمی یادی 33 شه‌هیدی گه‌ڕه‌كی شۆڕجه‌ بوو كه‌ 27 ساڵ پێش ئێستاو له‌ ره‌شگبیرییه‌كدا له‌ گه‌ڕه‌كی شۆڕجه‌ی شاری كه‌ركوك له‌لایه‌ن عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ده‌ستگیركران و له‌ 12-3-1991 به‌ ناهه‌ق گوللـه‌باران كران و گه‌یشتنه‌ كاروانی نه‌مران.

وێڕای به‌رز راگرتنی ئه‌و یاده‌و قوربانییه‌كانی دانیشتوانی شۆڕجه‌ی خۆڕاگر، هاوكات ئاسۆ مامه‌ند لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی 2ی كه‌ركوك رایگه‌یاند: هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك دژی خواست و ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مان بوه‌ستێته‌وه‌، هه‌مان چاره‌نووسی گه‌وره‌ دیكتاتۆر سه‌دام حسێن و عه‌لی كیمیایی و سه‌رانی حزبی‌ به‌عسی ده‌بێت.

ئاسۆ مامه‌ند ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ كه‌ كه‌ركوك شارێكی دێرینی كوردستانه‌و هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێت ئه‌و راستییه‌ مێژووییه‌ بشێوێنێت، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌یان ساڵه‌ گه‌له‌كه‌مان له‌م پێناوه‌دا قوربانی ده‌دات و ئه‌مه‌ش ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌له‌مێنێت كه‌ كه‌ركوك به‌شێكی دانه‌بڕاو بووه‌ له‌ خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان و له‌و پێناوشدا به‌ سه‌دان كه‌س شه‌هیدبوون.

 داواشی له‌ حكومه‌تی فیدراڵی عیراق كرد ته‌واوی بڕگه‌كانی ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكه‌وه‌ كێشه‌كانیان یه‌كلابكه‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌ت پرسی ناوچه‌كانی ماده‌ی 140 و له‌پێشیانه‌وه‌ یه‌كلابوونه‌وه‌ی دۆسیه‌ی كه‌ركوك، چونكه‌ شارێكی فره‌ پێكهاته‌و ئاینییه‌و سه‌دان ساڵه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی وه‌ك برا پێكه‌وه‌ ده‌ژین.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو