ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: بەشێك لەو داهاتانە تەرخان بكرێت بۆ خزمەتگوزاری

  2018-03-13 13:28      166 جار بینراوە        کۆمێنت
کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا دەكات پێداچوونەوە بەمۆڵەتی كۆمپانیاكان بكرێت و بەشێك لەداهاتی بازگەو خاڵە سنووریەكانیش تەرخانبكرێت بۆ خزمەتگوزاری لەو ناوچانەی بوونەتە سەرچاوەی داهات.
پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبۆوەو دوای كۆبوونەوەكەش، ئازاد حەمەئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكە دەنگدان بووە لەسەر كاندیدەكان بۆ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی و بڕگەی دووەمیش گفتوگۆكردن بوو لەسەر شێوازی وەرگرتنی پارە، لەلایەن كۆی ئەو كۆمپانیایانەی كە لەخاڵە سنوورییەكان و بازگەكان بەپێ مۆڵەتەكانیان وەزارەتی دارایی رێگەی پێداون و بەشێك لەوەزارەتەكانی تریش هاوكاریان بوون لەچاودێریكردن و پاراستنیان.
ئاماژەی بەوەشكرد كە لیژنەی دارایی پێشتر بەدواداچوونیان كردبوو لەسەر ئەو بابەتەو راپۆرتێكیان ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگا كردبوو.
باسی لەوەشكرد كە بڕیاردرا نووسراوێك ئاراستەی وەزارەتی دارایی بكەن بۆ ئەوەی پێداچوونەوە لەكۆی ئەو مۆڵەتانە بكات و  رێنمایی تەواو لەگەڵ ئەو مۆڵەتانە بڵاو بكرێتەوە، بۆ ئەوەی وەرگرتنی پارە بەلاڕیدا نەبرێت و بەشێوەی یاسایی بێت.
خاڵێكیتریش ئەوەبووە كە حكومەت سود لەو سەرچاوە داراییانە وەربگرێت و هەر هیچ نەبێت بەهاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەت سوودی لێوەرگرن بۆ ئەوەی بەتەنیا نەچێتە گیرفانی ئەو كۆمپانیایانەوە.
داواشیان كرد بەشێك لەو داهاتانە تەرخان بكرێت بۆ خزمەتگوزاری لەو ناوچانەی بوونەتە سەرچاوەی داهات.




بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو