پەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێك رێگە لە روودانی نزگەرە دەگرێت

  2019-11-09 11:27      191 جار بینراوە        کۆمێنت

زۆربەی خەڵكی كاتێك تووشی نزگەرە دەبن هەست بە ناڕەحەتی دەكەن ، زۆرجاریش كەسەكە لە رووی دەروونییەوە پێی نائاسوودە دەبێت.
زۆربەی خەڵكی هەست بە ناڕەحەتی دەكەن كاتێك تووشی نزگەرە دەبن، زۆرجاریش كەسەكە لە رووی دەروونییەوە پێی نائاسوودە دەبێت، بەتایبەت ئەو كاتانەی لە نێو خەڵكدایەو بەهۆیەوە هەست بە شەرم دەكات.
نزگەرە چالاكییەكی ماسوولكەیی كۆنترۆڵنەكراوی ماسوولكەی ناوپەنچكە (ئەو ماسوولكەیەی لە كرداری هەناسەدان رۆڵی هەیە و سنگ و سك لێك جیادەكاتەوە)، نزگەرە دەكرێت لە هەر تەمەنێكدا رووبدات و بەشێوەیەكی گشتی ئەگەر بۆ ماوەیەكی كورت بێت ئاساییە، بەڵام ئەگەر درێژەی كێشا بۆ زیاتر لە 48 كاژێر پێویستی بە راوێژی پزیشكییە.
نزگەرە ئەو كاتە روودەدات كە رێرەوی ئاماژە دەمارییەكان لە مێشكەوە بۆ ماسولكەكان تێدەچێت، هەرچەندە هۆكاری سەرەكی روودانی نزگەرە نەزانراوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەو هۆكارانەی دەبنەهۆی سەرهەڵدانی نزگەرە بریتین لە:
1- بەخێرایی خواردنی خۆراكەكان و زۆرخۆری.
2- خواردنەوە گازییەكان.
3- گرفت لە كۆئەندامی هەناسە.
4- جەڵتەی مێشك.
5- كتوپڕ گۆڕانی كەشوهەوا.
6- ترس یان گوشاری دەروونی.
7- هەندێ جۆری دەرمان.
نزگەرە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا بەبێ وەرگرتنی هیچ چارەسەرییەك لەماوەی چەند خولەكێكدا نامێنێت، بەڵام نزگەرەی درێژخایەن، ئەگەر راوێژی پزیشكی بۆ نەكرێت و چارەسەر وەرنەگیرێت، لەوانەیە كەسەكە تووشی چەند گرفتێك بكاتەوە، وەك دابەزینی كێش، تێكدانی خەو و خۆراك و خەمۆكی.
زەحمەتە بتوانرێت رێگە لە سەرهەڵدانی نزگەرە بگیرێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی بە پەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێك دەكرێت رێگە لە روودانی بگرین وەك زۆرخۆری نەكردن، بە هێواشی خواردنی خۆراكەكان و نەخواردنەوەی خواردنەوە گازییەكان.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو