نێچیرڤان بارزانی‌ پشتیوانی‌ هه‌رێمی‌ بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ دووپاتكرده‌وه‌

  2019-11-13 18:38      171 جار بینراوە        کۆمێنت
لایه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌

نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پشتگیریی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ بۆ ئارامی‌ و سه‌قامگیریی‌ ئه‌منی‌ و سیاسیی‌ عێراق و هه‌نگاوه‌كانی‌ حكوومه‌تی‌ سه‌رۆك وه‌زیران عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ بۆ چاكسازی‌ و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی‌ داواكاریی‌ ڕه‌وای‌ هاووڵاتیان ده‌ربڕی‌، هه‌روه‌ها جه‌ختی‌ له‌ پێویستی‌ و گرنگیی‌ هه‌ڵگرتنی‌ به‌رپرسیاریه‌تی‌ و پشتگیریی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ كابینه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق بۆ چاكسازی‌ و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان دووپات كرده‌وه‌.
نێچیرڤان بارزانی‌ و شاندی‌ یاوه‌ری‌ كه‌ له‌  جێگرانی‌ سه‌رۆك و سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێكهاتبوو، سه‌ربه‌یانیی‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13/11/2019 به‌ سه‌ردانێكی‌ فه‌رمی‌ گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراقی‌ فیدراڵ كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوایین پێشهاته‌كانی‌ دۆخی‌ عێراق و خۆپیشاندانه‌كانی‌ به‌غدا و پارێزگاكانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق و كاریگه‌ریی‌ دۆخه‌كه‌ له‌سه‌ر ته‌واوی‌ عێراق تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر هۆكار و لێكه‌وته‌كانی‌ خۆپیشاندانه‌كان و ئه‌و هه‌نگاو و ڕێكارانه‌ی‌ بۆ چۆنیه‌تیی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان و دۆخه‌كه‌دا نراون و گیراونه‌ته‌ به‌ر.
په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان و ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونانه‌ی‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، دۆخی‌ ئه‌منیی‌ عێراق به‌گشتی‌ و مه‌ترسیی‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ تیرۆر، چۆنیه‌تیی‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ و هه‌ماهه‌نگیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و حكوومه‌تی‌ فیدراڵی‌ عێراق له‌مباره‌یه‌وه‌، دۆخی‌ ناوچه‌كه‌ به‌گشتی‌ و چه‌ند پرسێكی‌ جێی‌ بایه‌خی‌ هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكی‌ دیكه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو