پەرلەمان لەکۆبوونەوەیەکی داخراودا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەی ڕوبەڕوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەکات

  2019-12-18 10:41      139 جار بینراوە        کۆمێنت

پەرلەمانی کوردستان لەکۆبوونەوەیەکی داخراودا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای ڕوبەڕوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەکات..
ئەمڕۆ، چوارشەممە، 18-12-2019، پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای ڕوبەڕوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان ئەنجام دەدات، کە لە 53 بڕگە پێکهاتووە و لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پێشکەشی پەرلەمان کراوە.
هاوڕێ مەلا ستار ئەندامی لیژنەی ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند “ئەو پڕۆژەیەی ئامادەکراوە پڕۆژەیەکی زۆر باش و گشتگیرە و بە پەسەندکردنی چەندین بڕیاری زۆر باش و کاریگەر دەدرێت، پێشبینی دەکەم بەتەواوەتی کاریگەریی هەبێت لەسەر کەمکردنەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.
وتیشی: بەپێی ئەو پڕۆژەیەی ئامادەکراوە، لیژنەیەکی باڵا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان پێکدەهێنرێت و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی سەرۆکایەتی دەکات، کەسی یەکەمی دەزگای ئاسایشی هەرێمیش جێگری دەبێت، بەوردی و فراوانی کاردەکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان
بەوتەی ئەو پەلەمانتارە، بەپێی پڕۆژە یاساكە سەنتەری ڕاوێژكاری و چارەسەری توشبوان بە ماددە ھۆشبەرەكان لەتەواوی شارەكانی ھەرێمی كوردستان دەكرێتەوە ھەركەسێكیش چارەسەر وەرنەگرێت سزا دەدرێت و سزاكانیش قورستر دەبن..
هەر بەپێی ئەو پڕۆژەیە حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی ماددەی هۆشبەر لەچارەسەر تەندروستییەکاندا خۆی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک دەکات بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەری بۆ بهێنێت و ئەو بابەتە لەدەستی حکومەتدا دەبێت.

بەپێی زانیارییەکان لەو پڕۆژەیەدا پێشنیازکراوە ھەركەسێك زانیاری لەبارەی بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر بە دامودەزگا ئەمنییەكانی حكوومەت بدات خەڵات بكرێت هەروەها چەندین ڕێوشوێنی دیکەش بۆ هەمان مەبەست دەگیرێتە بەر..
بەھۆی ھەستیاری بابەتەكە و بۆ ئەوەی باسكردن لەماددە ھۆشبەرەكان نەبێتە ریكلام كۆبوونەوەی پەرلەمان بە داخراوی بەڕێوەدەچێت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو