پەرلەمانتارێكی پێشووتری گۆڕان: پڕۆژەی چاكسازی لێدانە لەیەكێتی و دەڤەری سلێمانی

  2019-12-18 14:57      562 جار بینراوە        کۆمێنت

پەرلەمانتارێكی پێشووتری بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: پڕۆژەی بەناو چاكسازی پڕۆژەیەكی سیاسییەو هەندێك لایەن دەیانەوێت لەم رێگەیەوە زیان بەیەكێتی بگەیەنن و ئابووری سلێمانی-ش داڕمێنن.
ئیسماعیل گەڵاڵەیی پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكیدا لەبارەی پڕۆژەی چاكسازییەوە بۆ ماڵپەڕی PUKnow   رایگەیاند ئەو پڕۆژەیەی كە بەناوی چاكسازی نێردراوە بۆ پەرلەمان پڕۆژەیەكی سیاسییەو مەرامێكی حزبی و سیاسی لەپشتەو بەئاشكرا بۆ لێدانە لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەڤەری سلێمانی. 
گەڵاڵەیی باسی لەوەكرد كە ئەو خۆی پێشتر ئەندامی پەرلەمان بووەو یەكەمجارە دەبینێت كە پڕۆژەیەك سیفەتی بەپەلەی پێبدرێت، بەتایبەت لەئێستادا كە دەزانن یەكێتی سەرقاڵی كۆنگرەیەو رەنگە ئەم چەند رۆژە نەتوانێت وەك پێویست بپرژێتە سەر ئەم بابەتە.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی پێشووتری گۆڕان ئاماژی بەوەكرد كە پرۆژەكە هەم پلانە هەم پیلانە دژی یەكێتی و ئابووری سلێمانی و ئەو دەڤەرەی كە یەكێتی زیاتر باڵا دەستە، چونكە مەبەستیانە ئەم ناوچەیە لەڕووی ئابووری بتەپێنن و لەگەشەی بخەن و بچووكی بكەنەوە، ئەم پڕۆژەیە دەیەوێت موچەی زیندانیانی سیاسی ببڕێت لەكاتێكدا زۆرینەی زیندانیانی سیاسی یەكێتین و حزبەكانی دیكە بەراورد بەیەكێتی زیندانی سیاسی زۆر كەمترە، هەروەها كەسوكاری ئەنفال كراو زۆربەیان خەڵكی سنووری گەرمیان و سلێمانین و  پارتی دەیەوێـت موچەكانیان ببڕێت، هەروەها مانگانە هاوكاری هەندێك كەس دەكرا وەك خانەنیشنی لەبەرامبەر ئەوەی ئەوان لەكاتی شۆڕشدا هاوكارییەكی زۆری هێزی پێشمەرگەیان كردووەو زیانیان بەركەوتووەو خەباتیان كردووە مانگانە پاریەكی كەمی خانەنشینیان بۆ بڕابۆوە، ئێستا دەیانەوێت ئەوانەش ببڕن كە زۆرینەیان یەكێتین.
ئەو وتیشی: ئەمانە ئاماژەیەكی خراپن بۆ سیستمی حوكمڕانی و لێكترازان و خزمەتكردنی خەڵكی سلێمانی و دەوروبەری.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو