ئۆكرانیا داوای قەرەبوو لە ئێران دەكات

  2020-01-11 11:39      132 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرۆكی ئۆكرانیا داوای لە ئێران كرد قەرەبووی خستنەخوارەوەی فڕۆكەكەی وڵاتەكەی بكات و لە رێگەی كەناڵە دیپلۆماسییەكانیشەوە داوای لێبوردن بكات،
دوای دانپێدانانەكەی ئێران بەوەی بەهەڵە فڕۆكە ئۆكرانییەكەی خستۆتە خوارەوە، ڤلادیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند، دواجار راستییەكان پێش كۆتایی هاتنی كارەكانی لیژنە لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكە دەركەوت.
باسی لەوەشكرد، دەبێت ئێران قەرەبووی ئۆكرانیاو قوربانییەكانی فڕۆكەكە بكاتەوەو بە فەرمی لە رێگەی كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە داوای لێبوردن لە كەسوكاری قوربانییان و وڵاتەكەمان بكات.
هاوكات حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لەتویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، لێكۆڵینەوەكان لەبارەی هۆكاری تێكشكانی فڕۆكە ئۆكرانییەكە تەواوبووەو دەركەوتووە، بەهۆی موشەكێكەوە بووە كە بەهەڵە ئاڕاستەی فڕۆكەكە كراوە كە بەهۆیەوە 176 كەسی بێتاوان گیانیان لەدەستداوە.
رۆحانی ئاماژەی بەوەشكرد، لێكۆڵینەوەكان لەبارەی هۆكاری رودانی ئەو كارەساتە گەورەیە بەردەوام دەبێت، ئەو هەڵەیەی كە كراوە جێگەی لێخۆشبوون نییە.
لەگەڵ ئەوەشدا رۆحانی بەناوی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نیگەرانی قوڵی خۆی لەبارەی رووداوەكەوە راگەیاندو پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خێزانی قوربانیەكان كرد.
جەستن ترۆدۆ، سەرۆك وەزیرانی كەنەدا رایگەیاند كە دوای دانپێدانانیش دەبێت لێپێچینەوە لە تاران بكرێت و سزا بدرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو فڕۆكەیەكی ئۆكرانی لەجۆری بۆینگ 737 كە 176 سەرنشینی هەڵگرتبوو، دوای فڕینی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی كەوتە خوارەوەو سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو