ئەڵمانیا:عیراق لەگەڵ مانەوەی سەربازانی ئەڵمانیایه‌ لەوڵاتەکەی

  2020-01-17 17:34      83 جار بینراوە        کۆمێنت
عیراق پشتگیری مانەوەی سەربازەکانی ئەڵمانیا دەکات

کرامب کارینباور وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، لەگەڵ بەرپرسانی عیراقدا سەبارەت بە بەردەوامی ڕوبەڕووبونەوەی داعش گفتوگۆیان کردووەو وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش پشتڕاستیکردەوە كه‌ بەغداد پشتگیری له‌ مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا دەکات لەعێراق، بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان بەهێزەکانی.
لەو بارەیەوە ڕۆژی چوارشەممە 15 ی كانونی دووەمی 2020 هایکۆماسی وەزیری دەرەوە ئەڵمانیا ڕایگەیاند: حکومەتی عیراق لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لەدژی داعش، پشتگیری مانەوەی سەربازەکانی ئەڵمانیا دەکات لەسەر خاکەکەی. 
هایکۆماس لەبەردەم پەرلەمانی ئەڵمانیدا وتی: سەرۆک وەزیرانی عیراق عادل عەبدولمەهدی پێی ڕاگەیاندوون بەغدا بایەخ پابه‌ندییه‌ نێودەوڵەتیەکان دەدات و پابەندە پێیانەوەو لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەلمانیان لە عیراق.
ئەوه‌ش لەکاتێکدایه‌ کەسوپای ئەڵمانیا ڕۆژی 7ی کانونی دووەم کشانەوەی بەشێک لەهێزەکانی لەعیراق بۆ ئوردون و کوێت دەستپێکرد، دوای ئەوەی کە قاسمی سلێمانی فەرماندەی فه‌یله‌قی‌ قودسی ئێران لەنزیک فڕۆكه‌خانه‌ی‌ بەغدا بە لێدانی ئەمریکیەکان کوژرا.
لەدوای بڕیاری پەرلەمانی عیراقی بۆ کشانەوەی هێزە بیانیەکان و بەجێهێشتنی عیراق، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو کرامب کارنباوری وەزیری بەرگری ئەڵمانیا به‌سه‌ردانێكی‌ لەناکاو گەیشتە بەغداو لەگەڵ بەرپرسانی عیراقیدا گفتوگۆی سەبارەت بەمانەوەو بونی هێزە نێودەوڵەتیەکان، لەناویاندا ئەڵمانیا، کرد و گفتوگۆی چڕوپڕیان سەبارەت بە ڕوبەروبوونەوەی داعش کرد لەناوچەکەدا.
هایکۆماسی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختی كردەوە لەوەی: ئەڵمانیا ڕێز لەسەروەری عیراق دەگرێت و تەنانەت ئەگەر بەغدا داواشی لێبکات لەدواجاردا هێزە بیانییەکان بچنەدەرەوە بەهێزەکانی ئێمەشەوە لەگەڵ ئەوەشدا هەروەکو چۆن لەڕابردوودا هەموو پشتگیرییەکی عیراقمان کردووە لە جه‌نگی دژی تیرۆردا لە تواناشماندایە بەردەوامبین.


ئاماده‌كردنی‌: شیهاب عوسمان-ئەڵمانیا

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو