عەبدولمەهدی ساڵێك بۆ سەرۆكایەتییەكەی درێژ دەكرێتەوە

  2020-01-19 11:29      378 جار بینراوە        کۆمێنت

گفتوگۆی نێوان هێزو لایەنە سیاسییە عیراقییەكان بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكوەزیرانی نوێی عیراق بەردەوامەو بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار سێ كەس خۆیان بەربژێركردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام هێشتا بەهێزترینیان، سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری ئیستای عیراقە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدا، باسی دەستپێكردنی ركابەرێتی كاندیدی نێو كوتلە براوەكانی شیعە دەكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق كە بڕیارە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا یەكلایی بكرێتەوەو وتی: هەریەكە لە موقتەدا سەدرو هادی عامری و بەشێك لە سەركردەكانی دیكە، گفتوگۆی بەردەوامیان هەیە لە بارەی ئەوەی، "ئایا دەكرێت دەرفەتێكی دیكە بدرێتەوە بە سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری ئێستای عیراق یان نا؟".
رای جیا جیا لە بارەی ئەو پۆستە دروستبووە كە رۆژی 23 مانگی 12 ساڵی رابردوو، لە ژێرفشاری توندی خۆپیشاندەراندا، عادل عەبدولمەهدی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاندو لەو كاتەوە چاوەڕوانی كاندیدی نوێی لایەنە سیاسییەكانە بۆ ئەوەی كورسییەكەی بۆ بەجێبهێڵێت.
بەپێی سەرچاوەكە، سێ كەس خۆیان پاڵاوتووە كە ئەوانیش پێكدێن لە "محەممەد عەللاوی، مستەفا ئەلكازمی‌و عەلی شوكری، بەڵام بەهێزترینی ئەو سێ كەسە، عەلی شوكری كە راوێژكاری سەرۆك كۆمارە"، لەویش بەهێزتر هەیەو هێشتا لە زمانی خۆیەوە خۆی نەپاڵاوتووەتەوە، ئەویش عادل عەبدولمەهدییە كە هێشتا ئەگەری هەرە بەهێز ئەوەیە لایەنەكان رێكبكەون، بۆ ئەوەی ماوەی ساڵێكی تر بۆ سەرۆكایەتییەكەی عادل عەبدولمەهدی درێژ بكەنەوە.
بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكیدا، لە بارەی دانانەوەی عەبدولمەهدی وتی: ئەگەر بارودۆخەكە بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوامبێت، ئەوە وەك ئێستا بووەتە ئەمری واقیع و ئەو هەر سەرۆكوزەیرانە، ئەگەر لایەنەكانیش نەگەنە رێككەوتن، هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەوكات پێچەوانەی یاساو دەستوورە،
 باسی لەوەشكرد، ئەگەر رێككەوتنی لایەنەكان  لەسەر مانەوەی هەبێت، ئەوە لێدەگەڕێن بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوامبێت لە پۆستەكەی.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عیراق، هەفتەی پێشوو سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو جگە لە دیداری كاربەدەستانی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت، لەگەڵ پارتی و یەكێتی لە سلێمانی و هەولێر كۆبۆوەو تەوەرێكی گفتوگۆكانیشیان، پرسی مانەوەی بووە لە پۆستەكەی.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو